د. خالیدە خەلیل
لە چوارچێوەی ئاڵۆزی و گۆڕانکارییەکانی جیهاندا، لە کاتێکدا متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکان لە زۆر شوێن ڕوو لە کەمبوونەوەن و نموونەی سەرکەوتووی خزمەتگوزاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنن، ئەزموونی حوکمڕانەتیی کابینەکانی پارتی، سەرباری قەیران، نالەباریی باری ئابووری و شەڕی داعش، ڕاوەستاو و سەرکەوتوو بوون، بە تایبەت کابینەی نۆیەم لە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی کارگێڕی بەرهەمدار و کرداری کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسروور بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەم حکومەتە تەنها بە ڕۆڵی کارگێڕیی ئاساییەوە نەوەستاوە، بەڵکوو ئەو قۆناغەی بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانی بەڵێنەکان لە ڕێگەی گۆڕینی بەرنامە و پڕۆژەکان بۆ واقیعێکی بەرجەستە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، تێپەڕاندووە.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە، كە لە ئەرزی وافعدا ڕەنگ دەداتەوە، دەتوانێت شۆڕشێک لە ئاست و شێوازی ژیانی ڕۆژانەدا درووست بکات، پێناسەیەکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتییان لەسەر بنەمای متمانە و لێهاتوویی دابڕێژێت، بۆ ئەوەی حکوومەت لە وردەکارییەکانی ژیاندا ئامادە بێت، لە هەموو شەقامێکدا هەستی پێبکرێت، لە هەموو ماڵێکدا، لە هەموو ساتێکی ژیانی خەڵکیدا درک بکرێت.
کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا كورتدا وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینیوە، کاتێک پڕۆژەی “ڕووناکی” ماڵە تاریک و شەقامەکانی بۆ هەمیشە ڕووناك كردنەوە. پڕۆژەکە تەنها دابینکردنی وزەی کارەبا نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەک بوو بۆ گێڕانەوەی کاتی بەفیڕۆدراوی ژیانی خەڵکی، بۆ ئەوەی کارەبا ببێتە گەرەنتی بەردەوامیی ژیان.
کارەبای بەردەوام بووەتە ڕووناکییەک کە کاریگەری لەسەر ڕاییكردنی كاروباری خەڵك و هاوكات خوێندن و چالاکییەکانی تری ژیان هەبووە و بووە بە کۆڵەکەی سەرەکیی سەقامگیریی کۆمەڵگا و گەشەی زیاتری ئابووری.
ئاو، ئەو پێداویستییە سەرەکییەی ژیان، بە جێگیری و ڕێکی دەستەبەر دەکرێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا کە هەوڵ دەدات خزمەتگوزارییەکە بگەیەنێتە هەموو گوندێک و هەموو ماڵێک، بەو پێیەی مافی مرۆڤ لەم بنەمایانەدا مافێکی پارێزراوە و هیچ جۆرە بەندێک و مەرجێکی بۆ دانانرێت. هەر هەنگاوێک، ئاو بؤ دوورترین ناوچە نزیک بکاتەوە، پەیامێکە کە حکوومەت بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییەکە لە هەر ناوچەیەك بێت، پەیامێكە و دەیسەلمێنی کە کەرامەتی مرۆڤ چەقی گرێبەستی نوێی کۆمەڵایەتییە.
زۆربەی ڕێگاکان لە ڕێگای كارەساتهێنەوە گۆڕان بۆ ڕیگای دڵنیایی، لە كاتێكدا گەشتی ڕۆژانەی هاووڵاتییان سەرکێشییەکی پڕ لە مەترسی بوو. ئەم پڕۆژانە بوونەتە تۆڕێکی گواستنەوەی ئارام و خێرا کە شارەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە یان گوندەکان بە شارەکانەوە، مەوداکان کورت دەکاتەوە، ئاسۆی نوێ بۆ جووڵەی بازرگانی دەکاتەوە، ژیانی خەڵکی لە زەحمەتی ڕزگار دەکات. ئەمە گواستنەوەیەکی جۆرییە کە گەشتی ڕۆژانەی هاوڵاتییانی کردووەتە گەشتێکی ئارامی و دڵنیایی، دوای ئەوەی ئەگەری مردن و ڕووداوەکانی لەبەرچاو دەگرت کاتێک بە ڕێگەیەکی خراپدا تێدەپەڕی.
دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم تەنها بە ژێرخانی ئابووری سنوودار نەوەستاوە، بەڵکوو فراوانتر بووە بۆ بەڕێوەبردنی هەمەلایەنە بە لۆژیکی دادپەروەری و یەکسانی بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان بگرێتەوە. ئەو گرنگیپێدانە ئاشکرایەی کە بە پێکهاتەکان دراوە – لە ئێزیدی و تورکمان و مەسیحی و کاکەیی و شەبەک و ئەوانی تر – تەنها گوتارێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو لە پڕۆژە و خزمەتگوزارییە ڕاستەقینەکاندا ڕەنگی دایەوە کە هەستی سەر بەخۆیی و هاوڵاتیبوونی یەکسانی بۆ ئەم پێکهاتانە گێڕایەوە. ئەم شێوازە بەشداربوو لە چەسپاندنی متمانە بە حکومەت وەک ئامێزگرێکی هەمووان بێ جیاوازی، نموونەیەکی کرداری بوو کە جەختی لەوە دەکردەوە کە فرەیی سەرچاوەیەکی هێزی ستراتیژی و دەوڵەمەندییە کاتێک بە دانایی و دادپەروەری بەڕێوەدەبرێت، بۆ ئەوەی بیرۆکەی “کوردستان بۆ هەمووان” بچەسپێت.
لە سەردەمێکدا کە بینا کۆنکرێتییەکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی بەرەو ئاسمان بەرز ببنەوە، دەنگی ئامێرەکان لە لەرە و خشپەی دارەکان بەرزتر دەبێتەوە، هەولێر پشتێنەی سەوزی خۆی ڕادەگەیەنێت، وەک سییەکی گەورە کە زەوی مافی هەناسەدانی تێدا وەردەگرێتەوە، بیرمان دەخاتەوە کە سروشت هێشتا دەتوانێت ببەخشێت تا ئەو کاتەی ئێمە دەیپارێزین و دەیکەین بە بەشێک لە هۆشیاریی نیشتمانی.
نەمامی یەکەمی زەیتوون – ئەو دارە پیرۆزە – کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمەوە، بەڕێز مەسرور بارزانی چێنرا، زیاتر لە ئاهەنگێکی هێمایی بوو؛ ڕاگەیاندنێکی ڕوون بوو هەولێر قەڵغانێکی سەوز لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا لەبەر دەکات، و ژینگە لە دڵی پڕۆژەی داهاتووی خۆیدا دادەنێت.
ئەم دەستکەوتانە تەنها ناونیشان نین، بەڵکو چیرۆکی ژیانن کە لە ڕووناکییەکدا دەگێڕدرێنەوە لە شەودا یاوەری خوێندنی منداڵەکانمان دەکات، لە ئاوێکی پاکدا کە خێزانێکی دڵنیا دەیخواتەوە، و لە جوتیارێکدا کە بەرهەمەکانی بە سەلامەتی دەگوازێتەوە، و لە چاوەکانی کەمینەکاندا، کاتێک دەزانن کە نیشتمان تەنها دروشم نییە، بەڵکو خزمەت و ماف و دانپێدانانە.
لە هەموو ڕووناککردنەوەی شەقامێکدا، لە هەموو دڵۆپێک ئاودا، لە هەموو ڕێگەیەکی ئارامدا، هاوڵاتی کاریگەری حکومەتێک دەبینێت کە مرۆڤی لە دڵی سیاسەتدا داناوە، خزمەتی کردووەتە زمانی شەرعییەت و پڕۆژە، نەک بەڵێن.
بۆیە دەنگدان لە هەر هەڵبژاردنێکی دیموکراسیدا، وەڵامێکی هۆشیارانە دەبێت بۆ ڕاستییەکی خزمەتگوزارییەکی بەرجەستە، و پاداشتێک دەبێت بۆ ئەو کەسەی ژیانی زیاتر ئارام و کەرامەتدار کردووە، سەلماندوویەتی کە سیاسەت دەتوانێت چاودێری هەموو پێکهاتەکان بکات نەک ململانێ، و بیناکردنی وڵات بێت نەک ناڕەحەتی.
متمانە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە کاری بەردەوام بەدەست دەهێنرێت، شەرعییەت لە گوتاردا دروست نابێت، بەڵکو بە کردار بەدەست دەهێنرێت.

