عومەر چنگیانی
لە میانەی گوتارە پڕبەهاكانی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، لە هەینی ڕابردوودا باسمان هاتە سەر (گرنگیی بایەخدان بە ناخی مرۆڤ لە ئیسلامدا)، كە خۆی لەخۆیدا، تاوان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبن، تاوانی ناخ و تاوانی ڕوواڵەت. ئەوەی ڕووكەش و ڕوواڵەتە خەڵكی دەیبینن، بەڵام ئەوەی تاوانی شاراوە و ناخە، كەس نایبینێت. مەبەستمان لە تاوانی ناخ، ئەو تاوانانەیە كە ئەندامانی دەرەكیی جەستە ڕۆڵیان تێدا نییە، وەك ئێرەیی، دووڕوویی، سەرسامی و شاگەشکەیی بە خۆمان، گومانبردنی خراپە، كە خوای گەورە بۆ دووركەوتنەوە لە هەموو جۆرەكانی تاوان لە سەدوبیستەمین ئایەتی سوورەتی (ئەنعام)دا، دەفەرمێت: (لە تاوانی دیار و شاراوەیش خۆتان بەدوور بگرن؛ ئەوانەی كاری خراپ دەکەن، لەسەركردەوەكانیان تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە و، لەسەرئەوەی كە درۆ بە دەم ئایینەوە دەكەن). خۆشبەختی بۆ ئەو كەسەی لە نهێنی و ئاشكرادا ئاگای لە چاودێریی خوایە بەسەریەوە و دڵی لە پیسداگەڕان بە تاوان و دژمنكاری دەپارێزێت.
گرنگیی بایەخدان بە ناخی مرۆڤ
ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلام، ناخ و ڕوواڵەتی مرۆڤ پێكەوە پەروەردە دەكات و، هەرگیز خوا كردەوەی ڕوواڵەتی لە بەندەكەی وەرناگرێت، ئەگەر دڵ و ناخی بە هەوەسبازی و ڕیا و لووتبەرزی پڕ بووبێت. خوا تەنیا سەیری دڵەكان دەكات نەك ڕوواڵەت و، پاكبوونی دڵ بناغەی پاكبوونی كرداریشە.
مەترسیی پڕبوونی ناخ بە جۆرەكانی تاوان
تاوانی ناخ زۆر مەترسیدارترە لە تاوانی ڕوواڵەتی، چونكە لە مرۆڤەكان شاراوەتەوە و كەس نایبینێت، بەڵام لە پەروەردگار ناشاردرێتەوە و خۆی لێپێچینەوەی لەسەر دەكات.
مەترسیدارترین تاوانە شاراوەكانی ناخ بریتین لەمانە:
1. دووڕوویی و ڕیاکاری (الریاء)
2. سەرسامبوون بە خۆمان
3. حەسوودی و ئیرەیی
4. ڕق و كینەهەڵگرتن
5. فیز و لووتبەرزی
6. دووڕوویی (نفاق)
7. گومانی خراپ بە برای موسڵمان.
ڕێگەكانی پاككردنەوەی دڵ لە تاوان
باشترین ڕیگە بۆ پاككردنەوەی دڵەكان لە تاوانی شاراوە، بریتییە لە بەرەنگاری و نەهێشتنی سەرهەڵدانی. ئەمەش بە چەند شتێك دەكرێت:
1. دڵسۆزی بۆ خوا بە زمان و كردارمان لە كاتی نهێنی و ئاشكراشدا؛
2. زۆر خوێندنی زیكرەكان و تۆبەكردن، چونكە دەڵەكان پاك دەكاتەوە؛
3. هاوڕێیەتیی مرۆڤی چاك، چونكە هاوكار دەبن لە گرتنەبەری ڕێگەی ڕاست و بیرهێنانەوەی خوای گەورە؛
4. هەمیشە مردن و ڕۆژی دواییمان لەبیر بێت؛
5. پاڕانەوە و زۆر دۆعاكردن.

