رۆژنامەی ھەولێر

کەرکووک لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانیدا

عەمەر ئەرگوشی
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ پێشمەرگە و بەرپرسانی پارتی ئەوەبوو ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک دەبێت شکۆی ئێوە پارێزراو بێت و دەبێ ببنە هێز و پشتیوانییەکی گەورە بۆ کەرکووکیەکان و ئاڵای کوردستان بە بەرزی و شکۆی خۆی پارێزراو بێت.

گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی بۆ کەرکووک، مزگێنییەکی گەورەیە بۆ کەرکووکیەکان و ئومێدی گەورەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاشتی و برایەتی بۆ شارەکە.
خەڵکەکە زیاتر ئومێدیان بۆ دروست دەبێ کە پارتی لە ژێر هیچ دۆخ و پاڵەپەستۆیەک دەستبەرداری بستێکی خاکی کەرکووک و تاکێکی کەرکووکی نابێت و زیاتر پێداگیری لە کوردستانیبوونی کەرکووک دەکات و بە بەرنامە و کاری هەرە لە پێشینەی خۆی دەزانێت و گەلی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کەدەست بەو ئاڵایەوە دەگرن کە لە داهاتوودا ئازادانە لەسەر هەر بستێکی کەرکووک دا هەڵیواسن و بیخەنەوە دەستی ئەو پەیکەرەی پێشمەرگە کە بە ناڕەوا و لە ڕۆژی داگیرکاری لە دەستیان دەرهێنابوو.
پارتیەکان لە کەرکووکن تا بەسەر بەرزی بژین و زۆرداری لەسەر کەرکووکیەکان نەهێڵن و مافە زەوتکراوەکانیان بۆ بگەڕێننەوە و لە جیاتی ڕق و کینەی نێوان پێکهاتەکان خوشەویستی و تەبایی و یەکڕیزی بهێننە ئاراوە و کەس بۆی نەبێ بەناوی نەتەوە و ئاین و کەمەنەتەوە دژی ئەوی تر هێز و زۆرداری بەکار بهێنێ، پارتیەکان پەیامی سەرۆک بارزانی لە کەرکووکی دڵی کوردستان پیادە دەکەن کە بکرێتە شارێکی کوردستانی و پێکەوە ژیان و ناسنامە کوردستانیەکەی و ڕەسەنایەتی سروشت و پێکهاتەکانی بپارێزن .
کاتێک کە پارتی شۆڕشێکی کردە قوربانی کەرکووک و شۆڕش لە دوای شۆڕشی هەڵگیرساند لە پێناو ڕزگاری کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانەوە هەرگیز دەستبەرداری کوردستانیەتی کەرکووک نابێت و تەواوی ئامادەکاری و هەوڵەکان دەدرێن بۆ ئەوەی ڕزگار و ئازاد بکرێت لە دەست ئەوانەی کە دۆخە داگیرکراوەکەی بە ڕزگاری دەزانن.
بە گەڕانەوەی پارتیەکان بۆ کەرکووک تەکانێکی بەهێز ورەیەکی بەرز بە ئیرادەی خەڵک دەدرێت کە زیاتر سەنگەری بەرگری خاک و مافە زەوتکراوەکانیان قایم بکەن و زیاتر ببنە ڕۆڵەی بەئەمەک و وەفاداری ئەو شارە خێر لە خۆ نەدیوەی کوردستان.
پارتی دەیەوێت ئاسەواری داگیرکاری و وێرانکاری و خوێنی بە ناهەق ڕژاوی کەرکووکیەکان نەهێڵێت و لاپەڕەیەکی تازە لە پێکەوەژیان و هاوکاری و دۆستایەتی لە نيوان کۆمەڵانی خەڵکی بکاتەوە و بەرەیەکی نوێ پێکبهێنرێت کە دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و بەها ئازادیەکان لە سایەیدا لە پێشکەوتندابن و زیاتر پارێزراو بن.
خەڵکی کەرکووک بێ وەفایی زۆری بینی لەدەستی هەندێ کەس، پارتی دەیەوێت برینی کەرکووکیەکان ساڕێژ بکات و بەدەستی پڕ لە خزمەتگوزاری بگەڕێتەوە کەرکووک وە ئەوەی بۆ حکوومەتی هەرێم مەحاڵ بوو لە خزمەتکردنی کەرکووک و کەرکووکیەکان بە گەڕانەوەی بکاتە ئەمری واقع و بە چاوان خزمەتی کەرکووکیەکان بکەن. بۆ ئەوەی پارتی و کەرکووکیەکان ئاڵنگەرییەکان ببڕن و پێکەوە بەها نیشتمانیەکان بپارێزن و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ ی پارتی بدەن تا بۆ هەتا هەتایێ شەڕ و ئاژاوە و خوێنڕشتن لەم شارە کوتایی پێ بێت.