رۆژنامەی ھەولێر

پارتی، تەنها حزبە ڕەگی لە خاک و ویژدانی میللەتدایە

دانا کەمال
بەدرێژایی مێژووی سیاسیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام ئەوەی سەلماندووە و پەیڕەوی لێ کردووە کە ڕەگ و ڕیشەی نیشتمانی لە دڵ و ویژدانی میللەتەکەیدا هەیە. پارتی و کوردستان دوانەیەکی لێکدانەبڕاوی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانن، مێژوویش ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، هەرکاتێک خاک لە بەردەم ھەڕەشەدا بووبێ، پارتی بەهەموو هێزیەوە پارێزگاری لێ کردووە و نەیهێشتووە دوژمن دەستی پێیبگات.
بۆیە پارتی پارێزەری نەتەوە و خاکە، چونکە ڕەوڕەوەی مێژووی ئەم حزبە لە خزمەتی نیشتماندا بووە، لە هەموو قۆناغێکدا خۆیان بۆ پاراستنی ئەم خاکە فیدا کردووە. پارتی نەک تەنها لە شێوەی پەیوەندییەکی حکوومەتداری، بەڵکوو لە ویژدان و پەروەردەی میللەتدا جێی باڵا و تایبەتی هەیە.
لە مێژووی کوردستاندا، پارتی نەک وەک حزب، بەڵکوو وەک هێزێکی نیشتمانی ناسراوە؛ ئەو هێزەی کە هەموو گۆرانکارییە سەرەکییەکانی دەسەڵات و سیاسەتی کوردستان بە بەرژەوەندیی میللەتەوە بەستۆتەوە. بۆیە پارتی بڕیاری خەڵکەو دەنگی نیشتمانە.
بۆیە لەسەرمان پێویستە بە هەموومان لە ڕۆژی دەنگدان و بە دەنگەکانمان، بەرگری لەو حزبە بکەین، کە نزیک بە سەدەیەکە بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکات.