هاودەنگ فارووق
(20)
قەد و باڵای پارتی لە بنكی مێژوەوە دەكشێت، قوڵ قوڵ دەچەقێت بەنێو خاك و چیاو دەشت و دۆڵدا. لە بارزانەوە متروبە دەكرێت و، پەل دەكوتێ بۆ مهاباد، لەوسەری قامیشلۆ چەكەرە دەكات و لە ئامەد گەڵا دەكات. پارتی داری هەزار ڕیشەی بنجداكوتاوی كوردە و، بەهەزار تەوری خیانەت نابڕێتەوە. هەزار شانزەی ئۆكتۆبەر ناتوانێ بگاتە قولەپێی پارتی و ، هەزار خەنجەری ژەهراوی ناگاتە بەر كەفەڵی ئەسپی شۆڕشی بارزانی. تۆ دەزانیت كاتێ ئاسمان ڕەش داگیرسابوو، شەستیر و گوللە و شریخەی فیشەك و زرمەی لاپاڵم گوێچكەی شاخەكانیان كاس دەكرد، ئەو كاتە پارتی سروودی : ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لەژین و، نەبەزینی دەگوتەوە.
مێژوو باش باشی لەبیرە، ئەو دەمانەی فڕۆكەی دوژمن بۆمبی وەك تاوە تەرزە دەباراند، شار و گوندەكانی كوردستان بسكی خۆیان دەڕنی، هەر شەهید بوو خەڵتانی خوێن دەكرا، پاساری و ڕیشۆڵە و كۆترەكانی نیشتمان دەتۆقین، هەر لەو كاتەدا كە مەرگ دەباری و هەر قەنارەبوو ملی گەنجانی كوردی پێدا دەكرا، بەڵێ لە هەنگامەدا كە هەناسە لەسینگدا تەنگ دەبوو، پۆل پۆل پێشمەرگەی پارتی لە كەلەوە دەركەوتن بەرەو بناری نیشتمان.. بارزانی پێشڕەوی پۆلێك ئومێد، هات و عەساكەی ڕاوەشاند، هەر ڕایوەشاند و داگیركەر لەو ناوە نەما، دوژمن چاویان دەرتۆقی بوو، نەیارانیش چاویان ئەبڵەق بووبوو.. ڕەنگیان بزڕكابوو..
پارتی لەو دەمەدا كە سەد خەنجەری لێ دەدرا، دەستی لەسەر زامەكان بوو، بەدەستەكەی دیكەی ئاڵای كوردستانی هەڵدەكرد.. بە دەستێكی ئاڵای سپی لە دوژمنان وەردەگرت و، بەدەستەكەی تری ئاڵای كوردستانی بەرز دەكردەوە. پارتی گوتی: خەوتن نییە، بۆ یەك سەدە خەوتن نییە، تا دەگەینە دوا مەنزڵ، تا دەگەین بەكامی دڵ.
ئێستا پارتی بە باسكێكی پۆڵاینەوە، بە باوەشێك ئاوەدانی و بە سەرێكی پڕ لە خەیاڵی بنیاتنانەوە، دەڵێت: دەنگدان بە لیستی پارتی، یانی بەرزەپرد و بەنداو، یانی نەخۆشخانە و یاریگا، یانی ڕێژنەیەك سەوزایی و بەملیۆن داری سەرسەوز…هەر ئەوەی دوێنێ كردمان، لەڕزگاركردنی نیشتمان، ئەمڕۆش دەیكەین بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.

