کاوە چەم
بێگومان ئەو کاتەی باس لە سەرکەوتنی لایەن، حزب یان کەسێک دەکرێ، بۆ سەلماندنی رایەکە، پێویست بە نیشاندانی بەڵگە هەیە. باس لە سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین و دواتر کۆدەکە. بۆ سەلماندنی ئەو رایەش، پێویستە بە بەڵگەوە قسە بکرێت.
زۆر دوور ناگەڕێینەوە و باس لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و، بە دیاریکراوی پاش رووخانی رژێمی بەعس دەکەین. پارتی توانیی لە ماوەیەکی کورتدا، ببێتە حزبی یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان. ئاسایش، پێشکەوتن و ئاوەدانی لە ناوچەکەیدا بە تەواوی بەدیار کەوت. هەروەها لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا وەک حزب، زۆرترین رێژەی کورسیی بەدەست هێنا و هاوکات لە سیاسەتی ناوچەییدا، بوو بە یاریزانێکی کاریگەر.
زۆر بە کورتی و بە پوختی، هەر کەس چاوی بە رووی راستییەکاندا نەقوچێنێت، ئەو راستیانە دەبینێ. ئەمەشی بە روونی بۆ دەردەکەوێ کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو روویەکەوە، بە دەیان ساڵ وەپێش حزبەکانی دیکە کەتووە.
سێگۆشەی مەرگ
باسمان لە پێشکەوتنی پارتی و دۆخی حزب و لایەنەکانی دیکە کرد، بەڵام هۆکار چییە؟ پارتی چ کۆدێک بەکار دێنێ و دەرگاکانی بە روویدا دەکرێتەوە کە لایەنەکانی دیکە لێی بێئاگان و دەستیان پێ راناگات.
کۆدەکە زۆر ئاسانە، بەڵام رەنگە لەبەر ئاسانییەکەی و ئەنجامە گەورەکەی بێت کە لایەنەکانی دیکە تاقییان نەکردووەتەوە. پارتی بەرپرسیارێتی قبووڵکردووە و شانی داوەتە بەر پێشکەوتی وڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنەکانی دیکە لە نێو سێگۆشەیەکدا قەتیس ماون و بەردەوام بەدوای تۆمەتبارکردنی خەڵک و لایەنی دیکەوەن.
ئەم سێگۆشەیە، سێ گۆشەی هەیە:،خۆت و، تاوانبار و فریادڕەس. لەو سێگۆشەیەدا، تاک یان لایەن خۆی بە بێگوناح دەزانێ، تاوان و کەموکووڕییەکانی دەخاتە سەر شانی کەس و لایەنێک کە پێی وایە تاوانبارە، هەربۆیە بەدوای فریادرەسێکدا دەگەڕێ و، شوێنی دەکەوێ.
هەر کەس و لایەنێک نەیتوانی خۆی لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەی خۆی بە بەرپرسیار بزانێ، بەردەوام لەو سێگۆشەیەدا دەسووڕێتەوە و بەدوای فریادرەسدا دەگەڕێ تا ئەو کاتەی هەناسەی تێدا مابێ.
دەستی هەق
زۆر بە کورتی لەسەر ئاستی کوردستان، تەنیا پارتی بوو کە بەرپرسیارێتیی هەموو شتێکی قبووڵ کرد، چاوەڕێی هیچ فریادرەسێک نەبوو، خۆی قۆڵی لێ هەڵماڵی. بەپێچەوانەوە، لایەنەکانی دیکە چ لەسەر ئاستی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراق، هەموویان بۆ سەرکەوتنی خۆیان، دژی پارتی وەستاونەتەوە. بە کورتی دەیانەوێ لەسەر حیسابی پارتی، هەستی جەماوەریان بورووژێنن و دەنگی زیاتر بەدەست بێنن. ئەم پلانە رەنگە بۆ چەند جارێک دەرەنجامێکی بۆ ئەوان هەبێت، بەڵام دواجار چارەنووسیان لاوازبوونە.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا، لە سوورەتی شەمسدا، چەندین جار سوێند بە مانگ و خۆر و ئاسمان دەخوا و دەفەرمێ: ئەوەی خۆی دروست کرد، سەرکەوتوو دەبێ و ئەوەیشی بەردەوام سەری لە ژیانی خەڵکدا بوو، نوشست دێنێ.
پارتی بە تەواوی لەمە تێگەیشتووە، هەربۆیە بەردەوام خەریکی دروستکردنی وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتووە و بێمنەتانە پێگە جەماوەرییەکەی خۆی و ئەنجامی هەڵبژاردنی داوەتە دەست هەق.

