رۆژنامەی ھەولێر

تەسلیمنەبوون

كارزان گلی
ئەگەر سەیری وتار و دروشمەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، دەبینین زۆر باسی تەسلیمنەبوونی هەرێم دەكەن بە بەغدا، جەنابی سەرۆك بارزانی بەڕوونی چەندین جار گوتوویەتی ”پارتی هەرگیز تەسلیم نابێت“، سەرۆكوەزیران لە چەندین وتاریدا هەمان گوتەی گوتووەتەوە، واتە لە بەرنامە و فکر و رێبازی پارتیدا، شتێك نییە بە ناوی تەسلیمبوون، چونكە دەزانن مەترسیی تەسلیمبوون چییە و چی بەدوادا دێت؟
رەنگە وشەكە بەلای هەندێكەوە ئاسایی وەربگیرێت، چەند پەرلەمانتارێكیش بە نەزانانە دەڵێن با هەولێر ئەوەی هەیەتی رادەستی بكات، تەنیا لە بەرامبەر مووچەدا، بەڵام بێئاگان لەوەی تەسلیمبوون پەیوەست نییە بە هاتنی مووچەوە، نەخێر تەسلیمبوون كارەساتی بەدوادا دێت.
هەموو ئەوانەی چاوەڕێن بەرامبەرەكەی تەسلیم بێت، فۆكەسیان نەخستووەتە سەر یەك بابەت، راستە لە یەكەم هەنگاوەوە بۆی دەچن، پاشان هەنگاوبەهەنگاو لە هەموو پیرۆزییەك رایدەماڵن و لە دواهەنگاویشدا لەناوی دەبەن.
تۆ كە خۆت تەسلیمی بەغدا كرد و ئامادەبووی ئەوەی هەتە رادەستی بكەین، بەبەهانەی ئەوەی ئەوێ مەركەزە، دڵنیا بە دوای تەسلیبموون، كەرامەت و نامووس و شەرەف و هەموو پیرۆزییەكانیشت لێ وەردەگیرێت، كارەساتی تەسلیمبوون ئەوەیە، دەیان نموونەی لەو جۆرەش هەیە.
تۆ سەیری كە گوللەی بەغدا هەمووی بۆ پارتی و سەرۆك بارزانییە، یەك گوللەیان لە پارتەكانی تر نەداوە، نەتپرسیوە بۆ وایە؟ وەڵامەكەی روونە، ئەوەی تەسلیم نابێت پارتییە و ئەوانیش شەڕ لەگەڵ ئیرادەی پارتی دەكەن و دەزانن بە تەسلیمبوونی پارتی، ئیدی هەرێمی كوردستان بە تەواوی دەخەنە ژێر ركێفی خۆیان و هەنگاو هەنگاو بچووكی دەكەنەوە.
لەوڕوانگەیەوەیە دەڵێین بوونی پارتی بەبەهێزی لە بەغدا گرنگە، چونكە شەڕی ئیرادە و شەڕی مانەوە و شكۆی نەتەوەیەك دەكات. تۆی دەنگدەر یەك دەنگ دەدەیت، بەڵام ئەو دەنگە قورساییەكی گەورەی هەیە بۆ خۆت و ئاییندەی وڵات و منداڵەكەت، ئەو دەنگەی تۆ بە پارتی، شكۆ و كەرامەت و نەتەوەكەت دەپارێزێت.