رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی بەردەوام دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن؟

گوهدار شكری ئاكرەیی
ئەو شتەی کەس ناتوانێ نکۆڵیی لێ بکا و خۆی بکا بە خاوەنی، بەڵکوو بەپێچەوانەوە مڵکی هەموو مرۆڤێکە و لە ژیانی مرۆڤیش جیا ناکرێتەوە، هەرکاتێکیش جیا بکرێتەوە نیازێکی شاراوە یا نەزانینی بەدواوەیە، ئەمیش چەمکی (دادوەری)ـە. کەچی زیاتر لە نیوەی مرۆڤەکانی ئەم جیهانە وا بیر دەکەنەوە دژایەتییەک لەنێوان (دادوەری) و ئەقڵی مرۆڤ هەیە؛ ئامانجی دابڕکردنی سەربەستی و ئازادیی مرۆڤە بەتایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ زیاتر چاوڕونی گوایە ئەم چەمکی (دادوەری)ـە رکابەری ئەقڵی مرۆڤ دەکا و رێگرە و دژ بە مرۆڤایەتیە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە. کەچی بەپێچەوانەوە لە بنەڕەتدا چەمکی (دادوەری) بەرزەفتکردنی ناعەدالەتیە و پێوەری ئاستی هاوسەنگی و دیاریکردنی هەقی مرۆڤایەتییە، لە هەموویشی گرنگتر لایەنە سیاسی و ئایینیەکان لە جیهانی دادوەریدا ڕۆڵێکی بەرچاویان نیە، تەنیا لەو بابەتانەی کە پەیوەستن پێیانەوە ڕاوێژیان پێوە دەکرێت. کەواتە تەنیا لە داوێنی دادوەریدا هەق بەدی دەکرێت و دەروونی مرۆڤ ئارامی وەردەگرێت بەبێ جیاواز لەنێوان نەتەوە و رەگەز و ئاین و مەزهەبەکان. کەچی لەنەبوونی چەمکی (دادوەری) لە هەر شوێنێک لە شوێنەکانی ژیان، بۆشایی و پووچیی بەدوادا دێت و هەستی تاکەکانی کۆمەڵگەکە دەمرن و سروشتە خولقێنەرەکەیان ئیفلیج دەبن و لە پەلوپۆیان دەخات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کاریگەریی نەرێنی چەمکی نادادوەری جیهانی ئێمەی دابەش کردووەتە سەر دوو هەرێمدا؛ (دادوەری و نادادوەری). جا لێرەدا دەمانەوێ ئاماژە بە هەندێ لە وێنەکانی ژیانی هەریەک لەم هەرێمانە بکەین، کە زۆر لێک جیان، لە شێواز و ژینگەی ژیانیان. ئەگەر سەرنج بدەینە هەرێمی (دادوەری) خاڵێکی گرنگ کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەم هەرێمە ناوەتەوە ئەویش ئەوەیە، ڕێگری نیە بەرامبەر بە هێزی رەخنە گرتن لە هەمبەر کەسایەتیەکان کە لە هەر پلە و ئاستێک دابێ، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی ئازادیان زەوت نەکراوە و دەمبەستوو نین، نەک وەک سیدیەکی تۆمارکراو هیچ گۆڕانکاریک قبووڵ نەکات و تەنیا ئەوەی لەسەر تۆمارکراوە ببیسرێت و ببینرێت، لە هەمووشی کاریگەرتر هەروەکوو لەسەرەوە ئاماژەم بەو خاڵە کردووە، لەم چەمکە هەرێمە دادوەرییەدا دەستبەسەرداگرتنی رۆڵی سیاسەت و لایەنە ئایینیەکان سنوردارن و کاریان جودایە و تێکەل بەیاسای بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە ناکرێن، بەڵکو تەنیا لە بواری خۆیانەوە کاریان پێدەکرێت. بەمەش هەموو شتەکان لە چنگی ئەقڵەوەن و لەسەر بنەمایەکانی دادپەروەری بەشێوازی دانایی و ژیری داڕێژراون، لەپێناو یەکسانی مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی.
بەڵام هەرچی لە هەرێمی (نادادوەری)یە، ڕێگری لە ئەقڵ و دانایی دەکرێ و لایەنی هێز و سیاسەت و ئایین لە سەرووی یاساکانی ئەو کۆمەڵگەیەن، تاکە باڵادەستەکان بە لەخۆباییەوە هەڵسوکەوت دەکەن چونکە یاسایەک لە سەرووی ئەوانەوە نیە، هەرچی تاکەکانی لایەنە سیاسییەکانن لەوە ناترسن رۆژێ لە رۆژان دادگایی بکرێن، کەسانی ئایینی خۆیان لە سەرووی یاساکانەوە دادەنێن، لەبەر ئەوەشە رەگەکانی توندوتیژی و گەندەڵی و تاوانی بزر بەردەوام گەشە دەسەنێت، ئەمەش هەموو بۆ بەلاوەنانی چەمکی (دادوەری) دەگەڕێتەوە. لە کۆتاییدا راستە چەمکی دادوەری قورسە و، ئاسان نیە مرۆڤ بە تەواوی پابەندی بێت، هەر ئەم هۆکارەیە کۆمەڵگایەک لە شتێک تێنەگا و نەتوانێ شتەکان بە جوانی هەرس بکا تاوەکو سوودی لێ وەربگرن، بە رێگری ئەقڵی هەژمار دەکەن و بەردەوام رکابەرایەتیی لەگەڵدا دەکەن .