هاودەنگ فارووق
ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتییەكان، بەرخودانی سەر سندووقەكانی دەنگدانە، هەمان شۆڕشی خوێنە، بەڵام ئەمجارە بەخوێنی قەڵەم، حیزبێك كە دەیان ساڵە لە سەنگەری پێشی پێشەوە ڕاوەستاوە، بەدەست و بازووی ڕۆڵەكانی خۆی باڵا ڕوو لە هەڵكشان ڕاگیراوە، چۆن بەكەمتر لەیەكەم و كەمتر لەملیۆنێك دەنگ ڕازی دەبێت؟ دایكی شەهیدێك كە سێ كوڕی لەدەستداوە، چاوەڕوانی سەركەوتنی سەرسندوقەكان و، لێشاوی بەڵێ وەك لافاوە!
گوێم لە پیرە پیاوێكی سەربەرزی جامانە قنج گرت، دەیگوت: چۆن پارتی یەكەم نابێت؟ لەكاتێكدا بەخوێنی كوڕەكانی ئێمە، خانە بەخانەی لەشی ئەو پارتییە ئاو دراوە! لەو لایشەوە گوێم لەدایكی شەهیدێك بوو، گوتی: پارتی بۆیە ڕووی ئاوا جوان و گەشاوە، چونكە خوێنی ڕۆڵەكانی ئێمەی بۆ ڕژاوە، كەسوكاری شەهیدان بەكۆمەڵ دەوریان داوە، دەیپارێزن لەهەرچی بەدناوە. پۆل پۆل گەلی كورد، لەهەموو شارو شارۆچكە و گوند و ئاوەدانییەكانەوە، كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ لیستەكەی سەرۆك بارزانی دەڵێنەوە.
هەوراز و نشێو، دەشتایی و لووتكە و قەدپاڵ نەماوە بەخوێنی ڕۆڵەكانی پارتی و بارزانی نەنەخشێنرابێت، بۆیە ئێستا لەجێی هەر هەناسەیەكی شۆڕش، گوڵێك ڕواوەو دەڵێ، بەڵێ، من شاهیدی نەبەزین و نەچەمین و نەنەوینم.
ئەم هەموو بەڵێیە، لە ١١ی ١١، كەرنەڤالی نەمری، نەعرەتەی هەرمان و، دەنگی شریخەی كۆڵنەدان پیشانی جیهان دەدەن.. جەماوەری دڵسۆزی ڕێبازی پارتی و بارزانی دەزانێت، زۆر باش دەزانێت، لەجێی هەر بەڵێیەك، نەخۆشخانەیەك، گڵۆپێك، شاڕێگەیەك دێتە جێ، لەجێی هەر پەنجەیەكی ناو مرەكەبی بەڵێ، مێژوویەك لەشكۆ، ساتێك لەنەمری چێ دەبێ، ئەمجارە یەك ملیۆن بەڵێ بۆ بارزانی، دەبێتە خەرمانی ئاوەدانی.

