رۆژنامەی ھەولێر

گەرچی “دزی” لە گوناهە زۆر باوەكان بەهەندتر وەرگیراوە وەلێ…

عومەر چنگیانی
پشتیوان بە خوا گوڵخەرمانی ئەمڕۆم تایبەت دەكەم بە باسی دزی و حوكمی دزی لە قورئاندا و، هەر لە سەرتایشەوە ئەوە دەڵێم كە دیارە پێناسەی وشەی دزی لە ڕوانگەی دەقەكانی ئیسلام لای هەر خوێندەوارێك ڕوونە و كۆمەڵێك خاڵ هەن هەمیشە ڕەچاو دەكرێن بۆ ئەوەی حوكمەكە بچەسپێت و جێبەجێ ببێت، چونكە ئەوە نییە هەركەس بە ڕەها پێی بگوترێت دزی كرد و حوكم بکرێت و بڵێن یاڵڵا دەستی بقرتێنن! لێرەوە بە خاڵبەندی بابەتەكە بە كورتی و پوختی دەخەمە بەردەست بەڕێزتان:
یەكەم/ پێناسەی وشەی دزی: دزیكردن بریتییە لە بردنی ئەندازەیەكی دیاریكراو لە ماڵی كەسێكی تر، بە شێوەیەكی تایبەتی و بەبێ مافبوون بەسەریەوە و بە نهێنی.
دووەم/ حوكمی دزیكردن: گومان لەوەدا نییە كە دزیكردن تاوانێكی گەورە و حەرامە و ئیسلام وەك ئایینەكانی تری پێش خۆی فەرمانی بە پارێزگاریكردنی ماڵی خەڵك داوە و، نابێ كەس سنووری خۆی لە ئاستی ماڵی كەس ببەزێنێت.
سێیەم/ حوكم و تۆڵەی دز: ئایینی ئیسلام بۆ پارێزگاریكردن لە سامانی خەڵك، یاسایەكی توندی لە بەرانبەر دز داناوە كە بریتییە لە بڕینی دەستی دز. خوای گەورە لە سیوهەشتەمین ئایەتی سوورەتی “مائیدە”دا ئەو حوكمەی دیاری كردووە و دەفەرمێت:
“دز، نێر بێ یان مێ، لە تۆڵەی ئەو دزیەی کردوویانە دەستیان ببڕنەوە. ئەمە سەركۆنەكردن و تۆڵە و لووت سۆڵاندنەوەیەكە بۆ دز، لەلایەن خواوە دیاری كراوە و خوا خاوەنی توانا و عێزەتە و ئەو حەكیمە لە ئیشەكانیدا.”
تێبینی: دیارە لە نێو سەرچاوەكانماندا بە درێژی باس لەوە كراوە كە كێ ئەو حوكمە جێیبەجێ دەكات و چۆن و دەستیش بریتییە لە پەنجەكان، یاخود لەپی دەست، یان هەموو دەست تا كوێ و بە چی هەموو ڕوون كراوەتەوە.
چوارەم/ مەرجی بڕینەوەی دەستی دز:
1. دز كاتێ دەستی دەبڕدرێتەوە کە ئەقڵی تەواو بێ و، منداڵیش نەبێ؛ چونكە ئەو شێوە تۆڵەیە لە منداڵ و شێت ناسێندرێت و گەر حاڵەتی وابوو جۆری حوكمەکە دەگۆڕدرێت و دادگا بڕیار دەدات.
2. ئەگەر دزراوەكە شتێك بوو بۆ خۆی حەرام بوو، یان بە پێوەری شەریعەت، پیس و خراپ بوو وەك “تلیاق و بەنگەمەنی” ئەوە دەستی دزەكە نابڕدرێت و، ئەوكات لێپێچانەوەكە بە شێوازێكی تر دەبێت.
3. دەبێ دزراوەكە گەیشتبێتە ئەندازەی سنووری دیاریكراو ـ نیساب ـ كە چوار یەكە دینارێكی سەردەمی هاتنەخوارەوەی ئایەتەكەیە، كە ئێستا خەمڵێنراوە بە بڕی چلوهەشت دۆلار. (1)
4. دەبێ دزراەكە بەشێوەی دزێتی، واتە نهێنی برابێت نەك بە گەندەڵی (ئیختیلاس) و داگیركردن (غصب) و قۆستنەوەی هەل (ئینتیهاب)، ئەوكات حوكمەكە دەچێتە بابەتێكی گەورە و قورسترەوە و سەردەكێشێت بۆ كوشتنی كەسەكە.
5. دەبێ ماڵە دزراوەكە لە شوێنێكی داخراو بووبێت، نەك لە چۆڵەوانییەك یان شوێنێكی گشتی كە هەركەس بەبێ ڕێگاپێدان بۆی هەبووبێت بیبینێ، ئەوكات جۆری تۆڵەكە دەگۆڕدرێت.
6. كەسێك لە ماڵی دایكو باوكی، یان منداڵی، یان ژنومێرد لە یەكتری پارەیان بردبێت دەستیان نابڕدرێت، بەڵكو حوكمی تاوانەكە بۆ بابەتێكی تر دەگۆڕدرێت وەك ناپاكی و ئەمانەت نەپارێزی و هتد.
7. لە كاتی برسێتی و بێبارانی و قاتوقڕیدا دەستی دز نابڕدرێت و حوكمەكە دەگۆڕدرێت.
8. دەبێ دزییەكە بە یەكێك لەم دوو ڕێگایەوە سەلمێندرابێت:
یەكەم/ دزەكە دوو جار دانی بە تاوانەكەیدا نابێت.
دووەم/ دوو شایەتی دادپەروەر، شایەتی بدەن لەسەری. (2)
دوا وشە:
پێم خۆشە لە كۆتاییدا بپرسم ئەرێ لە كاتێكدا كە حوكمی كەسێك كە زینای كردبێت، یان تۆمەتی زینای بۆ كەسێكی بێتاوان هەڵبەستبێت، داركارییە لە پشتی كەسەكە و دوایی دیاریش نابێت كە لێی دراوە، بۆچی هێند ئەو تاوانە و تاوانی خواردنەوەی تلیاق و بەنگەمەنی و هۆشبەر، بە قورسی وەرگیراوە، كەچی دزیكردن كە شكستكردنی ئەندامێكی تاكەكەیە و بۆ هەتاهەتایە كردنیەتی بە پەند، بۆ وا بە ئاسانی وەرگیراوە؟
ئەگەربێتو ئەو حوكمە جێبەجێ بكرێت، داخۆ چەند دەست قرتاو لەسەر كورسییەكان دێنرێنە خوارەوە؟ (٣)
پەراوێز:
(*) سەیری ماڵپەڕی “ملتقی اهل الحدیث” بكەن كە لە وەڵامی پرسیاری”كم یساوی ربع دینار بالدولار، وذلك فی حد السرقة” ئەو ڕوونكردنەوەی تیادا هاتووە.
(*) دەكرێ خوێنەری بەڕێز بگەڕێتەوە بۆ تەفسیری ئیمامی قورتبی و هاوشێوەكانی و سەرجەم كتێبیە فیقهییەكانمان و لە نزیكیشەوە سەیرێكی پوختەی بابەتەكە بكات لە ماڵپەڕی “موضوع كوم”.
(*) پێشتر ئەم بابەتەم لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2782 لاپەڕە 16 سێشەممە 6/٢/٢٠١٨دا بڵاو كردۆتەوە”.