رۆژنامەی ھەولێر

سەفەرێک بۆ کاشان لە تەلارسازییەوە بۆ تراژیدیای مێژوو

خوسره‌و جاف
شاری کاشان شارێکی کۆنە، شارێکی بەناوبانگی ئێرانە. وەنەبێت هەر بە فەرشی کاشانەوە بەناوبانگ بێت. ئه‌و شارە پڕە لە زەرافەتی تەلارسازیی سونه‌تی و کەلتووری. بەندە لە نزیکەوە ئەو شارەم نەدیبوو، تا کۆلێژ بەتایبەت کلاسەکەی ئێمە بڕیاری دا گەشتێک بۆ ئەو شارە بکەین.

کلاسەکەمان کەوتبووینە تەدارەکی گەشتەکە و دەست بە ناونووسین کرابوو. مامۆستا فەرەنسیەکانمان لە پێش ئێمەی قوتابیدا ناونووسیان کردبوو. هاوکلاسێکی یەكجار جوانم هەبوو بەناوی ئەفسانە. چاوەچاوم بوو تا بزانم ئەو هاوپۆلەم ناوی نووسیووە یان نا. زۆری نەکێشا هەمان هاوکلاسم هات و وتی: “ناشێ ناوت نەنووسیبێت؟”
خۆم دا لە گێلی، وتم: “بۆ کوێ؟”
وتی: “یانی نازانی؟ کاشان، کاشان.”
وتم: “دوودڵم بینوسم یان نا؟”
وتی: “غەڵەت دەکەی ناینووسی.” دەستی گرتم و بردمی بۆ لای سەرپەرشتی گەشتەکە و بێ پرسوجۆ لە خۆم ناوی نووسیم. ئینجا وتی: “من سواری ئۆتۆبوس نابم، لەگەڵ تۆدا سوار دەبم و هیچ کچە تیوەیەک لەگەڵماندا سوار نابێت.”

دوان لە قوتابیان خەڵکی شاری کاشان بوون. لە کاشاندا هۆتێل نەبوو. ئەوانەی ناویان نووسیبوو سەرجەم ٣٢ کەس دەبوین. لەو ژمارەیە هەژدەیان کچ بوون. کاشان دووسەد کیلۆمەترێک لە تارانەوە دوور بوو. بڕۆیشتبای هەر دەبوا لە لێواری سارا پان و پۆڕەکەی دەشتی (کەویر)ەوە بوگزەرابای.

هۆتێل لەو شارەدا نییه‌ و ڕۆیشتن و هاتنەوە لە ڕۆژێکدا ئاسان نه‌بوو. بۆیە بڕیار درابوو شەوێک بمێنینەوە لە ماڵی ئەو دوو قوتابیە، جێگەی نوستن و حەسانەوە ئامادە کرابوو. ئەفسانە هەر لە سەرەتاوە وتبوی هیچ یەک لە کچ و کوڕەکان لە لای ئێمە سوار نابن.

من هەفتەیەک لە پێش گەشتەکەماندا کەوتمە خوێندنەوە و پشکنین دەربارەی ئەو شارە و ئاسەوارەکانی، وەک فیلمێکی سینەمایی ڕابردووی ئەو شارە و ڕووداوە گرینگەکانیم دەزانی. بە تایبەت باخی (فین) کە لە سەرشۆرگەیدا ئەمیر کەبیری تیادا کوژراوە. ئەو زاتە یەکێک بووە لە سه‌رۆكوەزیرە بەناوبانگەکانی مێژووی ئێران. گەرچی ئاشپەززادە بووە و هەر لەمێژە باوکی ئاشپەز و چێشتکەری دەرباری قەجەری بووە و ئەمیر کەبیر هەر لە منداڵیەوە هاویاری و هاوبازی ناسرەدین شا بووە. سەرئەنجام خوشکی ناسرەدین شا دەبێتە هاوسەری. بەڵام دایکی ناسرەدین شا دژمنی خوێنەخوارە و بابەکوشتەی بووە، سەرتاسەری ژیانی تەرخان کردووە بۆ لاوازکردنی ئەمیر کەبیر و تیابردنیشی.

شاری کاشان بەڕاستی شارێکی ڕازاوەی پڕ لە ئاسەوار و دیمەن و فۆرمی ‌تەلارسازییه‌. ئەوی لەو شارەدا دەبیندرێت مەگەر لە شاری (ئەسفەهان)ی پایتەختی دەسەڵاتی سەفەویەکاندا ببیندرێت. هەر کۆڵان و کووچەیەکی ئەو شارە تایبەتمەندی خۆیان هەیە. بەڵێ ئەو شارە بەپێی زەمان دروست کراوە و دوور لە پلانێکی تێکڕای سەرجەم بووەتە شارێکی ڕازاوەی هونەری. ئیدی لە هەر لایەوە کاشی و لوعابی سەدەف بەکاربردن، کاشیکاریی جۆراوجۆر، گەچبڕی، ئاوێبەبەندی، موقەڕنەسکاری، خشتی لوعابی، سەدەف لەناو داردا چاندن، دەر و دەرگا و په‌نجه‌ره‌ی لە دار و شیشی پەرچدراوەی ناو کوورەی ئاگر. ئەوی زۆرتر سەرسامی کردم حەوزی بچکۆڵەی نافورەداری ناو خانووەکان بە سیرامیکی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراو، ئیتر ئەو کاتە تەمولی له‌وێڕا بەکارهێنراوە، لە توانای مرۆڤی ئێستادا بەشێکە لە خەیاڵ و نەکراو. لەوانە گوزەشتە بەرزبونەوەی ئاو نافورەی ناو حەوزەکان، سەرسامی دەکردم. بێ دەزگا و کارەبا و ئامێری تەکنیکی ئەو ئاوی ناو حەوزە چ هێزێک هەڵیدەدایە سەرەوە؟ خۆ (بادگیر)ەکانی کاشان لە سەرتاسەری ئێراندا بەناوبانگن، هیچ خانوویەکی کەلتووری بێ بادگیر نین. لە دوورەوە بنواڕیتە ناو شاردا بەسەر بانەکان و منارەی بچووک بچووکی فازفاز دەبیندرێن. لە هەر کوێدا با هەڵیکردبا لەو بادگیرانەوە دەخزانە ناو ساختمانەکەوە بە تایبەت سارداوی ژێر ساختمانەکە کە جێگەی هەنوزگای خەڵکەکە بووە لە وەرزە گەرمەکاندا. وەرز سەرەتای بەهار بوو. ئەگەر لەبەر هەتاودا بای، نمی ئارەق دەکەوتە ڕوخسارت. ئێمە یانزەی بەیانی لە تارانەوە گەیشتینە کاشان و یەکسەر لە بەر دەرگا سەرەکییەکەی باخی (فین) دابەزین. یەکەمین بەشێکی سەیروسەمەرە خەزێنەی ئاوەکەی باخی (فین)ە. لەوێدا جۆگەی گڵی سوورەوەکراو، لە ناوەڕاستیدا نافوورەی بچووک بچووک بڵندیەکەی هەر سێ سانتیمەتر بڵند شان بە شانی یەک لە چەقی جۆگە لە کەلێنەکەدا دانراون هەریەکە لەوانە نافوورە لە پووپەیانەوە 25 سانتیمەتر ئاو هەڵدەدەنە سەرەوە. بەچی تەوژمێک؟ هیچ لێدوانێکی فیزیکی ئەوەی ڕۆشن نەدەکردەوە. من لام بوو بە خولیا بڕۆینە ناو هەمان سەرشۆرگەوە وا (ئەمیر کەبیری)ی ئێرانی تیادا کوژراوە. بە (ئەفسانە)م وت: “من دەڕۆم لەو سەرشۆرگەیەدا تەنها دەمێنمەوە.”

وتی: “یانی من نەیێم؟”

وتم: “تەنیا بم لام باشترە.”

ڕۆیشتمە ناو سەر شۆرگەکەوە. سەکۆیەکی بە مەڕمەڕ داپۆشراوی لێ بوو. هەمان سەکۆی کە ئەمیر کەبیری بەسەرەوە ڕاکشابووە و ڕەگی دەستیان بڕیوە و بۆ خۆیشی نەجووڵاوەتەوە تا مردووە. لە بەشی خوارەوەی سەکۆکەوە دانیشتم و کەوتمە بیری چۆنیه‌تیی کوشتنی ئەو پیاوە گەورەیه‌.

دوای مردنی محەمەد شای باوکی ناسرەدین شا وا باو بووە هەمیشە وەلیعەهد لە شاری تەورێزدا نیشتەجێ دەکرا. ئەمیر کەبیری منداڵ و مێردمنداڵ و پیاو وەک سێوەری ناسرەدین شا بووە چ لە سەردەمی وەلیعەهدیدا و، چ ئەو کاتەی بووەتە شا لە جێگەی باوکی، میرزا تەقی خانی ئەوسا و ئەمیر کەبیری سەردەمی شاهیی ناسرەدین شا هەردووکیان هەر ئەو منداڵە ئاشپەزەی دەرباری قاجاری بووە کە لە سەردەمی شاهیکردنی ناسرەدین شاهدا سه‌رۆكوەزیرانێکی توانا و لێزان و دژمنی هێزە دەرەکیەکان. (مەهدعولیا) دایکی ناسرەدین شا، کچەکەی دەبێتە خێزانی ئەمیر کەبیر، کەچی چاوی نەبووە تا ئەمیر کەبیر ببینێت. هەمیشە لە کوڕە ئاشپەز زیاتر ناوی نەبردووە و هەمیشە دژ بە ئەمیر کەبیر لە پلان و درۆ و دەلەسەدا بووە و دەیویست دڵ و ده‌روونی ناسرەدین شای کوڕی دژ بە ئەمیر کەبیر چڵکن بکا. (مەهدعولیا) پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ باڵوێزخانەی ڕووس و بەریتانیادا هەبووە. ئەمیر کەبیر لەوە ئاگادار و نیگەران بووە ئەو دوو سەفارەتە لە دەسەڵات و دەرباری قاجاریدا گەلێک توانا و دەستڕۆیشتوو بوونە و ئیسڵاخوازییەکەی ئەمیر کەبیریان پێ دژمنایەتیکردنی دەسەڵاتەکەیان بوو. هەریەکە لەو دوو سەفارەتە دەستەودایەرەی خۆیان لەناو دەربار و دەسەڵاتی قاجاریدا هەبووە. لە یەکێک لە شەونشینییه‌کانی ناسرەدین شادا کە سیامەست بووە و هێندەی خواردبوویەوە لە پەلوپۆ کەوتبوو (مەهدعولیا) بە فرسەتی زانیوە فەرمانی کوشتنی ئەمیر کەبیری پێ ئیمزا دەکا و هەمان شەو جەلاد بە پڕتاو دەنێرن بۆ کاشان، ئاخر ئەوەیان زانیوە شا بێتەوە سەرخۆی لەو فەرمانە پەشیمان دەبێتەوە، هەروابووە شا کە دێتەوە سەرخۆی قاسد‌ی بەپەلە دەنێرێ بۆ کاشان بەڵام کار لەکار ترازاوە و فەرمانی شا جێبەجێ کرابوو… من بەسەر هەمان تاتەشۆرەوە بێدەنگ وەک فیلمێکی سینەمایی چۆنیه‌تیی کوشتنەکەیم لەبەرچاو دەگوزەرا.

لەوێ هاتمە دەرەوە، ماتەم داگیری کردبووم. (ئەفسانە) وتی: “ئەو هەموو کاتەت چۆن لەو شۆرگەیەدا گوزەراند؟”

زانیم وەڵامدانەوەی ئاسنی سارد کوتانە، بۆیە وتم: “لێرە ڕۆیشتین بۆ کوێ دەڕۆین؟”

وتی: “دوو خانووی کەلتووری دانراوە تا بڕۆین بۆ دیتنیان.” ئەو دوو جێگەیەشمان دی. شەو داهاتبوو لە ماڵی ئەو هاوکلاسیەماندا جێگەی حەسانەوەمان بۆ دابین کرابوو. بەڵام بۆ شەونشینییه‌کە لە یەکێک لە ماڵەکاندا گرد بووینەوە. خوا هەڵناگرێ دەستت بۆ هەرچی ببردبایە هەبوو هەتاوەکو مەقاڵەی دووکەڵ و تریاککێشان و ئاوجۆ و ئارەق و ئەوی بتویستبا ئامادە بوو. ژنە مامۆستایەکی فەرەنسیم دەکۆشا لە منەوە نزیک بێتەوە. لە مێژەوە (ئەفسانە) ئەوەی هەست پێ کردبوو. وتی: “سەیری کۆڵەکۆنكه‌ دەکەی خەریکە قووتت دەدا؟”

وتم: “ئەگەر قووتم دا لە گەروویدا گیر دەبم.”

وتی: “گەڕاینەوە لە منەوە ئازادی، بیبە ئاگری دامرکێنەوە.” ژنە مامۆستاکەم کەللەی گەرم ببوو لەسەر ئاهەنگی یەکێک لە ئاهەنگەکان هەستا و کردیە سەما و کە لە منەوە نزیک بوویەوە دەستی ڕاکێشام تا ببمە هاوسەمای، منیش دەستی (ئەفسانە)م گرت و هەر سێکمان دەستمان بە خۆلەخشاندن کرد. یەکێک لە مامۆستاکانم خەریکی تریاککێشان بوو، ئاماژەی بۆ کردم. چوومە لایەوە دەزگای هەڵمژینی تریاکەکەی دا بە دەستمەوە، وتی: مژەی لێ دە. من لە ژیانمدا توخنی ئەو جۆرە کارانە نەکەوتبووم هاوکلاسەکانم کردوویانە هەرا (دەی مژی لێ دە، دەی). بە ناچار مژێکم لێ دا و ڕشانەوە ملی گرتم و چوومە دەرەوە بۆ هەناسەدان. لە ژیانمدا تەنها ئەو مژەم لە دووکەڵ داوە، دووكه‌ڵی تریاك، جگه‌ره‌ ناڵێم. لەو دوو ماڵەدا جێگەیان لەسەر زەوی ڕاخستبوو، بە سبەینێکەیدا گەڕاینەوە بۆ تاران.

کاشان ٢١/٥/١٩٧١