رۆژنامەی ھەولێر

“پارتی پاڵنەرە بۆ بەشداریی ئافرەتان لە کایەی سیاسی”

فەزیلە شـۆڕش
پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەر وڵاتێکی دیموکراسی، کێبڕکێیەکی شارستانی و دیموکراسییە لە نێو ڕۆڵەکانی بۆ بەشداربوونیان لە پەرلەمان بۆ دانانی یاسا و بڕیاردان. هەر لەم سۆنگەوە کوردستان، وەک هەرێمێکی دیموکراتی، بە سیستەمی هەڵبژاردن، نوێنەرانی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ هەڵدەبژێرێت.
بۆ هەڵبژاردنی ڕێکەوتی ٢٠٢٥/١١/١١، ڕێژەیەکی باش لە ئەندامە بەتواناکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدن.
پارتی، وەک حیزبێکی دادپەروەر، باوەڕی بە یەکسانی هەیە. لەم دیدەوە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان بەرز دەنرخێنێت و دەرفەتێکی باشی بۆ ئافرەتان ڕەخساندووە بۆ خۆکاندیدکردن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازیدا، پاڵنەرە بۆ بەشداریی ئافرەتان لە کایەی سیاسی و مەدەنی.
بە پاڵپشتی پارتی، ئافرەتان زیاتر هەست بە گرنگیی خۆیان دەکەن وەک دروستکەر و باڵانسڕاگری کۆمەڵگە، بەمەش باوەڕبەخۆبوونیان زیاد دەبێت و خۆیان فەرامۆش ناکەن لە بوونیان وەک تاکێکی سەرەکی لە پێشکەوتن.
ئەوەی پێویستە و ئەرکە لەسەر شانی هەر تاکێک، زیاتر متمانەکردنە بە توانای ئافرەت، تا کۆمەڵگەش ببێتە ڕێگا خۆشگوزەرێک بۆ واڵاکردنی دەرگاکان بەرەوڕووی ئافرەتان، تا ئافرەتان ڕۆڵی خۆیان بەتایبەتی لە کاری سیاسی بە شێوە دروستەکەی ببینن، بەتایبەتی لە پەرلەمان.
ڕاستییەک هەیە دەبێت بیزانین: ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە هەموو خولەکانی پێشوتر گرنگترە. ئەم خولە خەباتێکە بۆ سووربوون لەسەر (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) و ڕزگاربوون لە کۆت و زنجیری عێراق. ئەم خەباتەش بە بوونی ژمارەیەکی زۆری نوێنەرە خەمخۆرە ڕاستەقینەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئافرەت و پیاو، دەکرێت. نوێنەرە بوێرەکان لە ژێر چەتری پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانن گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ناو پەرلەمانی عێراق بێننە کایەوە، تا چیتر مافە ڕەواکانی کورد پشتگوێ نەخرێت و سەروەریی کوردستانییان بپارێزرێت. باش دەزانین کە پارتی تەنیا حیزبە ئەم توانا و لێهاتووییەی هەیە لە ڕوانگەی ئاشتییەوە ئاڵنگارییەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات بەبێ خۆچەماندن.
شانازین بە پێگەی پارتی، وەک حیزبێکی سیاسیی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق. لەم دەنگدانەش دڵنیاین دەنگدەران، بە ئافرەت و پیاو، گەنج و پیر، بەرەو سندوقی دەنگدان دەڕۆن بۆ دەنگدان بە لیستی ٢٧٥، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان. دەنگدانی هاوڵاتییان بە لیستی ٢٧٥، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بە هەستی بەرپرسیارێتیی تاکەکان بەرامبەر خۆیان و نیشتمانیان.