رۆژنامەی ھەولێر

شکۆی دەروونی (عزة النفس)، زانینی نرخی خۆتە

بەكر كەریم حەسەن
(ماریۆ ڤارگاس یۆسا) نووسەر و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ئەمریكای لاتین، دەڵێ “کەس بە میرات، ئابڕوو یان ڕەزالەتی بۆ بەجێ نەماوە، بەڵكو بۆ خۆی دروستی دەكات”.
شكۆ یان سەرفرازی لە پڕەنسیپ و بنچینە و بنەما جوانەكانن كە هەر مرۆڤێك جوانتر و بەڕەونەقتر دەردەخات. وا دەكات كە ئەو جۆرە مرۆڤانە بە شكۆداری و سەرفرازی بژین و ئاگایان لە ڕەوشت و هەڵسوكەوت و رەفتار و گوفتاری خۆیانە و، ڕێزی خۆیان دەزانن و خۆیان دەپارێزن لە شكان و ڕەزالەتی و هەر شوێن و جێگایەك بزانن كە شوێنی ئەوان نییە، یان نرخ و بەهایان وەكو پێویست هەستی پێ نەكرێت، ئەوا خۆیان بەدوور دەگرن، بەڵكو پێگە و پایە و نرخی خۆیان دەزانن، ناچنە شوێنێ‌ كە بوون و نەبوونیان وەك یەك وابێت. یانیش نابێت خۆ لە كۆمەڵێ قسە و باس هەڵقورتێنن كە پسپۆڕ و پەیوەندیدار نییە پێیانەوە؛ هەروەها خۆیان بەدوور دەگرن لە هەموو كەس و شتانەی كە لەگەڵ دەروون و كەسایەتییاندا ناگونجێ، شكۆی دەروون هەمیشە جوانییەك دەبەخشێتە خاوەنەكەی دەبێتە مایەی شانازی و شێنەیی و سەنگین و ئابڕوومەندی لە نێوان كەسەكاندا و شوێنێك لە دڵیان داگیر دەكات بۆ ئەوەی بتوانین هەمیشە شكۆی دەروون و سەرفرازی بنیات بنێین و دروست بكەین و بیپارێزین و پەرەی پێ بدەین، پێویستە هەمیشە ڕێزی خۆمان بزانین و، جەخت لە خاڵە بەهێزەكان بكەینەوە؛ هەرگیز خۆمان بەراورد نەكەین بە كەسی تر و خۆمان لە هەموو بابەت و بێنەوبەردەیەك هەڵنەقورتێنین؛ لە دانیشتن و كۆبوونەوەكان و بگرە لە سۆشیال‌میدیا قسەكەری هەموو بابەت و باسێك نەبین و، بە پێی شارەزایی و لێزانی و پسپۆڕی قسە بكەین، نەك قسە لە پێناو قسەدا.
گرینگە هەمیشە ئەرێنی بین و دەستەواژەی هاندان و پاڵپشتیكردن بەكار بهێنین و بنیاتنەری بابەتەكان بین و سنووری خۆمان بزانین و سنووریش بۆ هەموو ئەو كەسانە دابنێین كە نازانن ڕەفتار و هەڵسوكەوت بكەن لە گوفتار و كرداردا؛ یانیش دەیانەوێ زیادەڕەوی بكەن و سنوور ببەزێنن، پێویستە ئەو جۆرە کەسانە لە سنووری خۆیان ڕابگیڕێن و هەرگیز گرینگیان پێ نەدرێت، پێویستە بەردەوام مرۆڤ گرینگی بە خۆی بدات و لە هەموو ڕوویەكەوە خۆی پێ پەسند و خۆشەویست بێت و ئەرێنی بێت؛ دوور بكەوێتەوە لە بیركردنەوەی نەرێنی و كەسانی نەرێنی، لەبیرمان نەچێت گرینگە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن جەخت لەسەر شکۆی دەروون و سەرفرازی تاك بكەینەوە؛ هەمیشە وا لە قوتابی بكرێ کەوا متمانە و بڕوای بە خۆی هەبێت و خۆی خۆش بوێت و بەهێز بێت و هەرگیز نەبێتە پاشكۆی كەسانی تر، بەڵكو خاوەن ڕا و پرەنسیپی خۆی بێت و خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی خۆش بوێت و، هەرگیز دەستبەرداری ماف و خەونەكانی نەبێت، بەهێز بێت و خۆی بە خاوەنی خاك و نیشتمان و كوردستان بزانێ‌ و، بەرگریی لێ بكات؛ خۆی بە میوان نەزانێ؛ ئەوكات كەسێكی سەرفراز و شكۆداری لێ دروست دەبێ و، دێتە بەرهەم، سوودبەخش دەبێت بۆ كۆمەڵگا.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی