رۆژنامەی ھەولێر

دەرەنجامی بێبەشكردنی كەمداهات لەناوچوونە!

عومەر چنگیانی
داستانی خاوەنی ئەو باغە وێرانبووەی لە قورئانی پڕلەبەخشش، لە سوورەتی (ن)دا هاتووە، داستانێکی هەرە كاریگەرە و، وەك شێوازە پڕ لە هونەرییە داڕشتنەكەی خۆی بەردەوام دەبێت و تاوێك پێش وەختە دەرەنجامەكە نیشان دەدا و تاوێك دەمانباتەوە بۆ قۆناغبڕییەكان.

قورئانخوێنەكانن كە دەتوانن كەمێك چێژ لەو شێوازە پڕ لە ئیعجازییە بكەن و بتوانن لەگەڵیدا ئاویتە ببین. كە لە ئایەتی 19و20دا دەفەرمێت: “لە كاتێكدا ئەوان هێشتا كە لە شیرین‌خەودا بوون، لەلایەن پەروەرینتەوە فەرمانێك هات دای بەسەر باخەكەدا * وەك داری بێبەر، یان باغی ڕنراو، یان تاریكی شەو، یان بێستانێکی بێ شوێنەواری شینایەتی، یان سووتێنراو، یان كاولكراوی لێ كرد”.
لە ئایەتی ٢١ـەوە تا ٢٥، دەمانگێڕێتەوە بۆ نێو گوند و “ئاوایی”ـەكەیان و ڕاوێژ و بڕیار و هەنگاوەكانیان باس دەكات و دەفەرمێت:
كە بەیانیان لێ بووەوە هاواریان لە یەكتری كرد دەی زوو بە زوو بچنە سەر كێڵگە و باغەكەتان گەر ڕاست دەكەن و بەنیازن بچنە سەركار بۆ دروێنە و چنین و ڕنین با لەوێ بەیانمان لێ بێتەوە * بەڵێ بەڕێ كەوتن و باری دەروونیشیان وا بوو، كە بە دزەخورجانێ، خۆیان پەنا دەدا تا هەژاران پێیان نەزانن نەیاندەهێشت سرپەی پێیان بێت و بگرە لە نێو خۆیشیاندا بە چرپەوە قسەیان دەكرد * یەكترییان تێدەگەیاند كە هەرگیز نەیەڵن ئەمڕۆ هیچ كەمداهاتێك بێتە نێو كۆڕ و كۆمەڵ و شوێنی بەروبووم‌ڕنین و دابەشكردنەكەتانەوە * بەڵێ بە تەنها و بەبێ هیچ كەمدەرامەتێك لەگەڵیان و بە بازوویەکی بەهێز و بە توانای ئامادە و بە نیازی بێبەشكردنی هەژاران هەر لە سەرەتای ڕۆژدا بە ڕێكەوتن بۆ سەر كارەكەیان كە پلانیان بۆ داڕشتبوو.”

گەڕانەوەیەك بۆ ئایەتەكان:
یەكەم/ قورئان ئەو سەرمایە و سامانە كشتوكاڵیەی ئەو پیاوچاكە، كە كۆمەڵێك نەوە و وەچەی خراپی هەبوو، لە پێشدا ناو دەبات بە ”جنە” كە لە بنەڕەتدا وشەی جەننە بەو شوێنە دەگوترێت كە هێندە داپۆشراو بێ، كە ئاسمانی لێوە دیار نەبێت، ئاخر چڕوپڕی و تێكەڵی و پێكداچوونی گەڵا و پەلك و بەروبوومی درەختەكانی باغەكەیان لە پێشدا بە شێوەیەك بوو، كە مرۆڤ دەچووە ناوی، ئاسمانی لێوە دیار نەدەبوو، گەرچی ئەوان تێکیان لە خۆیان و لە دەرەنجامی هەژار لێ بێبەشكردنەكەیاندا مایەپووچ كەوتن.
دووەم/ لە بەكارهێنان و مانای وشەی “تائیف”دا زۆر شت گوتراوە:
1. وشەیەكە تەنها بۆ باری نالەبار و خراپە بەكار دێت، وەكچۆن لە ٢٠١ـەمین ئایەتی سوورەتی “ئەعراف”دا دەفەرمێت:
“بەڕاستی ئەوانەی كە لە خوا ترساون و بۆ خوا سوڵحاون، هەركاتێك لەلایەنی شەیتانەوە خراپەیەكیان تووش دێت، یادی خوا دەكەنەوە و دەبینن بەو كارەیان بەرچاوڕۆشن دەبن.”
2. مەبەست پێی فەرمانی خوایە.
3. یان فریشتەی نیگا و سروشهێن (جوبرائیل)ـە.
4. یان ئەو بەڵایەی كە لە شەودا بێت.
5. یان سزا و تاقیكرانەوەی خوایی.
سێهەم/ لەو كاتەیدا باغەكەی لەناو بردن، ئەوان لە خەودا بوون.
ئاخر مرۆڤ باش بێت، یان خراپ، بڕیاری ئەوە بدات كە بۆ سبەینێ بە چاكەوە دەست پێ دەكات، یان بە خراپەوە، لە كاتی خەوتنەكەیدا لەگەڵ خودی خەو لێخستنەخواییەكە بۆی و لە پارێزگاریكردن لێی، هەمووان لەو كاتەدا بۆ خوا، پەیوەندییەكەیان پەیوەندیی نێوان ئافرێنراو (مخلوق) و ئافرێنەر (خالق)ـە، هەربۆیە پارێزگارییەكەیشی بۆ هەمووان و لە هەمووان یەكسانە!
دەی خۆ لە چلودووهەمین ئایەتی سوورەتی زومەردا دەفەرمێت:
“خوا نەفسەكان بەرەو نەمان دەبات لە كاتی مردنیاندا و، ئەوانەیشیان كە نەمردوونە، لە كاتی خەوتنیاندا؛ دواتر ئەوەیان كە دوابڕیاری لەسەر داوە، كە بمرێت دەیمرێنێ و ئەوانی تریش بەرەڵا دەكاتەوە بۆ ژیان، تا كاتێكی تر. بەڕاستی ئەوە پەند و ئامۆژگاری و دەرسی تێدایە بۆ ئەو كەسانەی بیر دەكەنەوە.”
ئاخر لەو كاتی خەولێكەوتنەدا كە خەوتوو هیچ توانایەكی نییە، هەر خوایە كە هەموو خول و گەڕ و ئیشەكانی جەستەی ناوێستێنێ و بەشە دروستكراوێتییەكەی، چونكە لە كاتی خەودا هیچ گلە و گازندەی لەسەر نییە و هیچ داوایەكیشی لێ ناكرێت، خوا هەموویان دەپارێزێت.
چوارەم/ وشەی “صریم” یانی ڕەز و باغی ڕنراوە.
1. بە شەو و ڕۆژیش دەگوترێت ”صریم” چونكە لە یەكتری كەم دەكەنەوە و دادەبڕن .
2. جا ئەگەر وەك سەریم‌لێكردنەكە ئەگەر پەیوەندی بەوەوە بێت لە شەودا بێت، واتە سووتاو و ڕەشلێكراو.
3. ئەگەر پەیوەندیی بە ڕۆژیشەوە بێت، واتە وەك بیابانێكی چۆڵ.
پێنجەم/ وشەی”حرد” بە مانا تەنیا.
1. بە مانا توانایش دێت؛
2. واتە مەرام و نیاز؛
3. یانی ڕێباز؛
4. واتای تووڕەییش دەدات.