یونس محەمەد
سیاسەت ئیتر تەنیا گۆڕەپانێک نییە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، بۆیە دەتوانێت بوارێک بێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی جەماوەر و پێشخستنی کولتوری گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە یەكتری.
کاتێ بانگەشەی هەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن بێت، بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگا هاندەدرێت بۆ ئارامی و متمانەبەخۆبوون. ئەم روانگایە ڕاستەوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ تاک و گروپێک ئەو مافە نەداتە خۆی کە پەڕە بە ڕق و کینە بدات و لەئەنجامدا سەقامگیری تێك بدات. کێبڕکێی تەندروست و گرنگیدان بە جیاوازییە کولتوورییەکان نەک هەر کۆمەڵگا بەهێز دەکات، بەڵکو سیاسەت بەرەو ئامانجە نەتەوەییەکان ڕێنوێنی دەکات.
زمانی سیاسەت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت، دەتوانێت پرد بێت یان بەربەست. هەڵبژاردنی وشەکان نیشانەی پێگەیشتنی سیاسی و کولتووری سەرکردایەتی پارتییە. کاتێک سیاسەتمەدارانی هۆشیار جەخت لەسەر ڕێزگرتن و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکەنەوە، ئەوە نیشان دەدات کە دەسەڵات لە خزمەتی کەرامەت و ئەخلاقدا دەمێنێتەوە. کێبڕکێی تەندروست دەرفەتێکە بۆ گەشەی ئەخلاقی و سیاسی کۆمەڵگا نەک مەیدانێک بۆ شکاندنی یەکتر. سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەم چوارچێوەیەدا لە بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆ و متمانەی جەماوەری و بەهێزکردنی پێکەوەژیاندایە. هەموو ئەم پرەنسیپانە هیوا بۆ سیاسەت دەگەڕێننەوە و ئەوەمان بیردەخەنەوە کە تەنانەت لە بارودۆخە گرژەکانیشدا ئەخلاق و کەرامەت و ڕێزگرتن دەپارێزرێت. گەڕانەوە بۆ زمانی ڕێزگرتن،بنیاتنانەوەی متمانەیە. سیاسەتێکی بێ ڕق واتە گەڕاندنەوەی مانا بۆ وشەکان و ڕێز بۆ تاك و كۆمەڵگە. کەرامەت بۆ کێبڕکێ و هیوا بۆ دیالۆگ. ئەم پەیامە، ویستی سەرەکی سەرۆک بارزانی و پارتییە و نیشانەی ژیان و تێڕوانین و داهاتوویەکی پڕشنگدارە.

