هاودەنگ فارووق
لە بابەگوڕگوڕ بپرسن: كێ خوێن و خەبات و ڕەنج و شەونخونی شۆڕشێكی لەسەر كەركووك دانا.. بابە گوڕگوڕ! پیر و جەوان لەبیریانە، كێ بوو خۆی كردە قوربانی كەركووك، كێ بوو گوتی، نا بۆ شێواندنی شوناسی دڵ و ڕۆحی كوردستان.. كێ بوو گوتی: ڕاستە كەركووك ناسنامەی كوردستانییە، بەڵام دەبێ شاری هەموو پێكهاتەكان بێت، شاری كورد و عەرەب و توركمان و كلدۆئاشور بێت.
پارتی دەنگ و سەنگ و ڕەنگی سەرجەم پێكهاتەكانە، لەترۆپكی شۆڕش و ئانی ڕزگاری كوردستاندا، سەرۆك بارزانی هەمیشە دەڵێت: ناكۆكی ئێمە لەگەڵ دەستەڵاتی ستەمكارە، نەك لەگەڵ نەتەوەی عەرەب، عەرەبەكان برامانن، پێكهاتەكان سەرجەمیان هاوچارەنوس و هاوژیانمانن.. پارتی بەخەونی گەورە و ئەقڵێكی كراوەوە، سەلماندوویەتی نوێنەری ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای میللەتێكە، بەرگریكاری هەموو پێكهاتەیەكە. كاتێ زوڵم لەكورد كراوە، سەرۆك بارزانی، بەفریای نەتەوەكان كەوتووە، بەدەنگی دلێرەوە گوتویەتی: كێشەی نەتەوەیی بۆ ئێمە هێلی سورە. بەوەش عێراقی پاراستووە لە شەڕی ترسناكی نەتەوەیی و ناوخۆیی. ژیانی هەزاران هەزار كەسی، لەمەرگ پاراستووە. ئێستا، خەڵكی تەواوی ناوچەكانی عێراق، لەبەردەم ویژدانی زیندووی خۆیاندا، بۆ شایەتی مێژوو ڕادەوەستن، با لەخۆیان بپرسن، ئەو حزبەی كۆمەڵگە جیاوازەكانی وڵاتەكەی لەگۆمی خوێنی شەڕی نەتەوەیی پاراست، هەر ئەویش دەتوانێ لەم قۆناغەو بۆ ئایندەش ئاشتی و مافەكانی هەمووان مسۆگەر بكات وفریادڕەس بێت.
پارتی، هەروەك چۆن هەولێری كردۆتە پایتەختی پێكەوە ژیان، ئاوا موسڵ و كەركووك و دیالەو بەغدا و شەنگال و هەموو دەڤەرە ماندووەكان، دەكاتە مێرگی پێكەوەژیانی هەموو ڕەنگەكان،بۆ ئەوەی هەموو شارەكان، ببنە سیمبولی ئاوەدانی و ماف و یەكسانی، تەناهی و بنیاتنانی شارستانی، دەنگ بدەن بە لیستەكەی سەرۆك بارزانی.

