مهاجیر خالید
سەروەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی جومگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سیمایەکی ژیاری زێڕین و درەوشاوەی بە كوردستان بەخشیوە.
ئەم جۆرە جیهانبینی و تێگەیشتنەی پارتی بۆ تەواوی سێكتەرەكانی ژیان، لە لایەن زۆرینەوە پێشوازی لێ كراوە، بۆیە لە سەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، زۆرترین متمانەی هاونیشتمانیانی بەدەست هێناوە و تادێ شوێن دەستی پارتی دەگاتە قولانج بە قولانجی نیشتمان، بۆیە ئەوە خەڵكی كوردستانە، واقعبینانە سەرنجیان لە سەر كار و بەخششەكان تیژ دەكەنەوە، بە پێچەوانەی ڕابردوو، درووشمی گەورە نابێتە سەڵبە بۆ گەیشتن بە ئامانج.
بەرزی باڵانسی جەماوەری پارتی، ئەو ڕاستییەی بۆ دۆست و نەیار سەلماندووە و لە سەر ئاستی دەرەوەش، پارتی دیموكراتی كوردستان، خاوەنی ڕێبازێكی سەنگینە و ژیان دۆستی و ئاوەدانی و كرانەوە، لە چوارچێوەی مانیفێستی خۆیدا برەو پێدەدات.
بەشێوەیەکی زانستی واقیعی وردبینانە بە سوود وەرگرتن لە بنەما سەرەكییەكانی ڕێبازی پیرۆز، کە ڕێبازی بیر و کردار و خزمەتکردنە، هیچ كاتێك پارتی خەمساردی ناكات لە بە تۆكمەیی مانەوەی ڕایەڵەكانی لەگەڵ تاك بە تاكی كۆمەڵ.
پارتی، لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی سیاسی خۆیدا خولقێنەری هێزی داینەمۆیی بووە بۆ شۆڕش و نەسرەوتن. پارتی، چونكە زادەی زەروورەتە، لە هەموو سەردەمێكدا، بەهۆی باوەڕەكەی و فەلسەفەی بەرزی بارزانیی نەمر، بەشێك بووە لە پێكهاتەی گیانی كوردستانیان بەگشتی، هیچ كاتێك بوونی جیاوازی ئاینی و نەژادی و مەزهەبی، نەبۆتە مایەی مەترسی بۆ پارتی، بە پێچەوانەوە، زیاتر پایەكانی كۆشكی شانازی پارتی تۆكمە كردووە و زیاتر درەختی ئاواتەكانی ڕەگئاژۆ بووە لە خاكدا.
پارتی، هەر بەتەنیا قوتابخانەیەك نەبووە بۆ پەروەردەی نیشتمانی و دەستگرتن بە بەها كۆمەڵایەتی و فەرهەنگ و نەریتە بەرزەكان، بەڵكو هەمیشە بەرهەم هێن و خولقێنەری وانەبێژ و پەروەردەكاریش بووە، بۆیە پارتی هەمیشە بەرگەگر و خۆڕاگر بووە بەرانبەر نەیارە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی. پارتی، هەمیشە خاوەنی خەباتی دیپلۆماسییەتی بەرز بووە، پێداگر و مووكڕ بۆ مسۆگەركردنی مافە دەستووری و شەرعی و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام هەمیشە هەوڵیداوە لەڕێگای خەباتی دیبلۆماسییەوە مافەكان بەدەست بێنێ و خۆشی بۆ ئەركەكان ئامادە كردووە، تەنها لەوكاتانەدا پارتی سەنگەری بەرەنگاری چەكداری هەڵبژاردووە، كە بێ ئومێد بووبێ لە خەباتی دیپلۆماسی، لەو كاتانەشدا خەباتی چەكداری ڕەوایە بۆ هەر میللەت و ئازادیخوازانێك.

