رۆژنامەی ھەولێر

پارتی مامۆستای چارەكردنی قەیرانەکان

یونس محەمەد
بە هۆی هەڵبژاردنەوە عێراق جارێکی دیکە لە دۆخێکی تێکەڵی هیوا و دڵەڕاوکێیدایە. کۆمەڵگایەک کە هێشتا پەڵەی تووندوتیژی ساڵانی پێشووی پێوەیە، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر ڕووداوێکدا، لەگەڵ هیوا و ترس بەرەوڕوودەبێتەوە، دەلەرزێت. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە هەموو شتێک زیاتر هەستی پێدەکرێت، خەمی لەدەستدانی متمانەی گشتییە کە بەبێ ئەو هیچ سندوقێکی دەنگدان ماناێیكی نییە.
مەسەلەکە تەنها ئاسایشی فیزیکی نییە، عێراق لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە ئاسایشی سیاسی و فكری هەیە، ژینگەیەک کە تێیدا کێبڕکێ نەبێتە هۆی دوورخستنەوە و تۆقاندن. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە هەرکات زمانی دیالۆگ لە سیاسەتدا لاواز بوو، تووندوتیژی جێگەی خۆی کردووتەوە. لەم هەلومەرجەدا هاووڵاتیان هەست بەوە دەکەن کە دەنگدان کەمتر نیشانەی ئیڕادە و زیاتر جۆرێکە لە وریایی، هەنگاوێک بۆ ڕزگاربوون لە ناسەقامگیری، نەک بەشداریکردن لە بنیاتنانی داهاتوو.
لەم ساڵانەی دواییدا پارتی لە شێوازی حوكمڕانیدا لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئاڵنگاری و ناكۆكییە سیاسییە ناوخۆییەکانی، نیشانی داوە کە کێبڕکێی سیاسی دەتوانێت لە چوارچێوەی یاسا و دیالۆگدا بمێنێتەوە. ناکۆکیی نێوان حزبە کوردییەکان شاراوە نییە، بەڵام شێوازی مامەڵەكردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ناكۆكیەكاندا نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە و ڕێگە نادات کێبڕکێ بەرەو ئاستی تووندوتیژی بڕوات.
سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی نەبوونی ململانێ نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پەرۆشی و شێوازی بەڕێوەبردنیەتی کە ئەمیش بۆ ڕوانگای پارتی و ڕێبازە میژووییەکەی دەگەڕێتەوە. کۆمەڵگایەک کە ململانێكان لە چوارچێوەی دیالۆگ و دامەزراوە مەدەنییەکاندا بهێڵێتەوە، بناغەی ئەمنیی سەقامگیر بنیات دەنێ. بەڵام کۆمەڵگایەک کە ڕكابەری وەک هەڕەشەیەک دەبینێت (وەك عێراق)، لە لێواری قەیراندایە، تەنانەت لە کاتی ئارامیشدا.
پارتی بە کردەوە سەلماندوویێتی کە مامۆستای چارەسەركردن و نەهێشتنی قەیرانەکانە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان جوانترین نموونەیە کە دەتوانێت ببێتە وەبیرهێنانەوەیەک بۆ کەسانی تر، کە ئاسایش تەنها بە هێز و زەبروزەنگ بەدەست ناهێنرێت، بەڵکوو بە متمانە و یاسا و عەقڵ بەدەست دێت. ئەگەر سیاسەتمەدارانی عێراق بتوانن لەم ئەزموونە فێربین، ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێک بێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ سیاسەت. لە کۆتاییدا بنیاتنانی كۆمەڵگە لە كەشی پڕ لە ترسدا ناهێتەدی، داهاتوو لەلایەن ئەو کەسانەوە بنیات دەنرێت کە باوەڕیان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەیە نەک بە زۆر و دوورخستنەوە.