رۆژنامەی ھەولێر

بانگەشەیەكی سەنگین و پەیامێكی گشتگیر

حەمید قەڵادزەیی
شێوازی بانگەشەی هەر حیزب و ڕەوتێكی سیاسی، گوزارشتە لە پێگە و هەستی بەرپرسیارییەتی و چۆنییەتی كەسایەتی مەعنەوی و شێوازی كاركردنی بۆ بەرجەستەكردنی ئامانجەكانی.
گوتاری جەنابی سەرۆك بارزانی، لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بانگەشە بۆ لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان، نیشاندانی كرۆك و گەوهەری حەقیقەتی باوەڕێكی ڕەگئاژۆ بوو، دووپاتكردنەوەی ئەو لۆژیكە بوو كە ڕەگوڕیشەی دەچێتەوە سەر تەریقەتی بارزان و سەردەمی شێخ عبدلسلامی بارزانی كە داڕێژەری بناغەی فەلسەفەی پێكەوە ژیان و موزایكێكی ڕەنگاڵەییدا دەبینێتەوە، ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی و باوەڕبوون بە فرەیی و وڵاتپارێزی، میراتێكی بەجێماوی
عەقیدەییە.
پارتی كە لە هەناوی ئەو فەلسەفە و تێگەیشتنەوە پێڕەوكە بووە، خۆی بە داكۆكیكارێكی سەرسەختی ئەو باوەڕە دەزانێ و هەمیشە لە پێناویدا جەنگاوە و دەجەنگێ، لایەنێكی تری پەیامی سەرۆك بارزانی، هۆشیار كردنەوەی كۆی هێزە عێراقییەكان بوو لە زەروورەتی پابەندبوون بە دەستووری پەسەندكراوی عێراق، سەرۆك بە هێزە عێراقییەكانی گوت: لادان لە بڕگە و خاڵەكانی دەستوور،
ناتەبایی بەرهەم دێنێ و عێراق بەرەو ناتەبایی و هەڵدێر و دەبا.
بە زمانێكی نەرم و بەرزی سیاسیانە ڕای گشتی لەوە ئاگادار كردەوە، هەولێر بێدەنگ نابێ لە بەرامبەر هەر لادان و لاڕێ بوون و گرتنەبەری ڕێكار و گەلەكۆمەیەك كە پێچەوانەی دەستوور بێ، هەر وەك چۆن دووپاتیكردەوە عێراقی نوێ جیاوازە لەو عێراقەی لە سەر بنەمای خۆسەپاندن و زەبر زەنگ و توانەوەی ئەوانی تر لە بۆتەی شۆڤێنییەت دا و بڕوای بە مەركەزییەت و تاكڕەوی هەبوو هەتا سەری خوارد و لە بەین چوو، سەرۆك بارزانی بە ئەدایەك كە گوزارشت بوو لە هێزی نەرم و ناكۆك لەگەڵ هزر و بیری خۆسەپێنەر، پێی گوتن: سلۆگانی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا، كرۆك و جەوهەر و ڕوحی دەستووری عێراقە، هەر بۆیە پارتی هاوبەشی ـــ هاوسەنگی ـــ سازانی كردۆتە سەرمەشقی خەباتی پەرلەمانی و دیموكراسیانەی خۆی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
هەروەك چۆن بە زمانێكی نەرم و سیاسیانە، گوتی: هەموو هەڵبژاردنێك گرنگە، ئەو دەربڕینەش مانا و دەلالەتی خۆی هەبوو، دەكرێ بڵێین : ئەگەر لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن لەسەر بنەما درووستەكەی دیموكراسی لە عێراقدا نەكرێ، زەمینە لەبارە بۆ پاشەكشەی دیموكراسی و باوەڕی پێكەوەژیان.
لە لایەكی دی سەرۆك بارزانی، لە چوارچێوەی گوتارە سەنگینەكەی خۆیدا، بیری هەموو ئەو هێز و سەركردانەی هێنایەوە، سوود لە ئەزموونی شكستخواردووتان وەربگرن بەرامبەر هەر خواستێكی شەڕانگێزانە و هەر هەوڵێكی پیلانگێڕی لە دژی پارتی و خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێم، واتا دەبێ ئێمەی كوردستانیان، خاترجەم بین لەوەی، هێشتا نەیارانی كوردستان، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەكرێ، نەخشەڕێگایەكی تریان هەبێ بۆ لاوازكردن و دژایەتی ئەزموونەكەمان! بۆیە سەرۆك لە بەرانبەر بوونی زوڵم و ستەم، گوتارە بە پێزەكەی گەیاندە لوتكەی مەبەست و جارێكی دی وابەستەیی و پابەندبوونی خۆی بە باوەڕی بەرزی تەریقەت دووپاتكردەوە و درێژە پێدەری هەمان تێگەیشتنی بارزانیی باوكە، لە بەرانبەر هەر زوڵم و ستەمێك، ئەو قبوڵ نەكردنە بەشێكە لە فەرهەنگ و كلتووری بەرزی ڕێبازی پیرۆز، بەبێ لە بەرچاو گرتنی ئەوەی مەزڵوم كێیە و سەر بە كام ئاین و زمان و نەژادەیە.
یاخود زاڵم، خاوەنی چ هێز و قودرەتێكی جەنگی و ئابوورییە، ئەوەش بەڵگەیە بۆ وابەستەبوون بە هەمان باوەڕی باوكی ڕوحیمان، كە لەقەتڵ و عامی ئەرمەنییەكان لە سەروبەندی دەسەڵاتی ئەتاتورك و توركیای نوێ، بەرانبەر ئەرمەنییەكان و پاشا”ئەندارێك”ی ئەرمەنی نواندی و چواردە كەسی لە كەسە نزیكەكانی خۆی كردە قوربانی، لە پێناو دەربازكردنی مەزڵووم لە ژێر چەپۆكی زاڵم، هەروەها زۆر بەڕوونی بە كاندیدانی پارتی گوت: ئەركی ئێوە زۆر قورسترە لە خەڵكانێك ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی حیزبێك یان ڕەوتێك دەكەن، بۆ ئامانجێكی دیاریكراوی حیزبی یان مەزهەبی.