خوسرهو جاف
دوای کوژرانی عەبدولکەریم قاسم یەشتا شەڕ لەنێوان کورد و دەوڵەتی تازەی حزبی بەعس لە عێراقدا دەستی پێ نەکردبوو، بەڵام هەوا و هەوەسی دەوڵەتی بەعسی بۆنی شەڕی لێ دەهات. لەمێژدا بڕیارم دابوو بڕۆمە ناو شۆڕشەوە، بڕێک پارەم لە باوکم وەرگرت و ڕادیۆیەکم کڕی و کردمە ملم و لام وابوو شۆڕش خاوەنی هەزاران چەکی جۆراوجۆرە، کە ورد بوومەوە و ئەوی من دیم چەک لە بڕنەو و پێنجتیر و یانزەتیری ئینگلیزی، هیچ چەکێکی ترم زیاتر لەوانە وەبەرچاو نەكهوت.
ژمارەیەکی زۆریش پێشمەرگەی بێ چەک بوو، دەمزانی باوکم چەند تفەنگ و دەمانچەیەکی بەلای کۆنە پیاوەکانیهتی، دوای ماوەیەک خۆم کرد بە کەلاردا و دوو بڕنەو و دەمانچەیەکم لە کۆنەپیاوەکانی وەرگرت و گەڕامەوە بنکەی سەرەکی. ئەو کاتە عەلی سەلیم بەگ وەک بەرپرسی سیاسی و مولازم (عەبدوڵڵا) بەرپرسی سەربازیی پێشمەرگەی لقی جاف دەستبەکار بوون، لە یەکەمین ڕۆژی پێشمەرگایەتیمدا هەستم بەوەی کرد عەلی بەگی سەلیم بەگ دڵخۆش نییه. لەوە گوزەشتە هەواداری حیزبی زۆربەیان هەر لە گەنجەکانی ناو کەلار پێک هاتبوون و زۆریان هاوڕێی منداڵی خۆم بوون، بەڵام بڕێكیان میرزابنووسێکی باش بوون، لە تەقریرنووسین دژ بە بنەماڵەی ئێمە بەتایبەت لەوه بەندە، کە هاتبوومە ریزی پێشمەرگایەتییەوە ئیتر یەشتا نەیانتوانیبوو بەشێوەیەکی لۆژیکانە لە ڕووداوە سیاسییەکان بدوێن، سەردەمی پاشایەتی و پەیوەندیی ئەوسای نێوان ئاغا و بەگ و جووتیار هەڵسەنگێنین.
چەند پێشمەرگەیەک، کە دەمارگرژیی خێڵەکیانەیان لەخولیادا هەبوو، زۆرتر لەمنەوە نزیک بووبوونەوە، شەڕی (ژاڵە) هەڵگیرسا.
(ژاڵە) بەناوبانگ بوو بە ژاڵەی حاجی قادر، لە دواییدا دەرکەوت ئەو هێزە عێراقیەی وا پەلاماری دێی (ژاڵە)ی دا بە فەرماندەی عەقید روکن تەها شەکەرچی بووە؛ من و حاجی (حەسەنی شاتری) لە سەنگەرێکدا بووین؛ وتم: حاجی ئێمە دەتوانین لەم سەنگەرە وەدەر بێن و پەلامار دەین؛ وتی: تەقەکان زۆرتر ڕووەو ئێمەیە، ئەگەر لەم سەنگەرە وەدەر بێین، دەکوژرێین؛ وتم: تۆ هەوەسی خۆتە، من هەرچۆنێک بووبێ، خۆم دەگەیەنمە ئەو ڕکەبەرد و تاوێرانه، لەوێڕاوە جموجۆڵ باشتر دەکرێت.
ئیتر چاوەڕوانی حاجی نەبووم ڕووەو ئەو تاوێر و رکەبەردانە لە سەنگەر وەدەر چووم، دەتوانم بڵێم: هەزار گوللەیان پێوە نام، بەڵام بە ئەمری خوا هیچم بەرنەکەوت، خۆم گەیاندە ناو بەردەڵانێکەوە و لهوێڕا دەستم کردە تەقە؛ سەربازە عێراقییەکان پێڕانەگەیشتبوون، سەنگەر بۆ خۆیان هەڵکەنن، بڕێكیان لەناو خڕی ژاڵەدا ڕاکشابوون، تەقەیان دەکرد بڕێكیان بەسەر گردەکانەوە، کە هیچ بەرد و تاوێری پێوە نەبوو زۆربەیان گردی ڕووتەل بوون دەبابەکانیش نەیاندەتوانی بەناو خڕەبەردەڵاندا پێشڕەوی بکەن؛ لەوەی دەترسان قورسایی دەبابەکە بوێتە هۆکاری چەقینی لەناو خڕەکەدا، بۆیە نەیاندەوێرا لەوە زیاتر پێشڕەوی بکەن، هەر لە جێگەی خۆیانەوە تەقەی مەتریلوز دەکرد و تۆپیان دەتەقاند، یەکێک لەو دەبابانە جێگەی منی کەشف کردبوو، ئیتر بارانی دۆشکەی سەر دەبابە و تۆپ تەقاندنی پەرێشانی کردبووم، لێکم دایەوە ئەگەر جێگەم نەگۆڕم ڕزگاریم مەحاڵە، بۆیە توانیم ئەو جێگەیە چۆڵ بکەم و بڕۆمە پێشترەوە.
لە سەد فیشەکی بڕنەو چل فیشەکم پێ مابوو. (ساڵح رەحیم) خۆی گەیاندە من کە لە دوادواییەکەی شەڕی براکوژیدا شەهید کەوت. شەڕ نزیکەی سێ کاتژمێر بەردەوام بوو، تێنوویەتی تەنگی پێ هەڵچنیبووم، (ساڵح رەحیم) مەتارەی پێ بوو، دوو قومم ئاوم خواردەوە، هەستمان کرد عەسکەرەکان لە نیازی کشانەوەدان، بەڵام لە ترسی پێگەیان نەیاندەوێرا لە سەنگەری ئەوبەری خڕەوە توانییان پاشەکشە بکەن، لەم کەینوبەینەدا (حاجی حەسەنی شاتری) کوڕی حاجی قادر ئەویش خۆی گەیاندە لای من و ساڵح ڕەحیم. سوپای عێراق هاتبووە دێی ژاڵەی حاجی قادر بسووتێنێ، تووشی ئەو شەڕە خوێناویەی هاتبوو.
لەم دوادواییەدا (شەڕی عێراق و ئێران،) بۆ نەقلی ئەفسەرێکی خزمم ڕۆیشتم بۆ لای قائید فەیلەق، نەمدەزانی قائید فەیلەق هەمان عەقید روکنی (تەها شەکەرچی)یە، چەند ئەفسەرێکی تری بەلاوە بوو، کەوتە باسی شەڕی ژاڵە و وتی: ئەم ئەفەندیەی دەیبینن لەو شەڕەدا نزیکەی بیستویەک تەرمی سەربازی پێ وەجێ هێڵام.
وتم: ئەوەڵەن ئێمە ٤٨ شەڕکەڕ بووین؛ من بە تەنها نەبووم تەواوی کوشتارەکە مەخەرە سەر من، ئێمە شەڕی سەروماڵمان دەکرد، ئێوەش سەرباز بوون، هەڵەی ئێوە لەوەدا بوو ئێمە پێشبینی چۆنیهتیی پەلامارەکەی ئێوەمان کردبوو، ئێوە هەرواتان کرد و کەوتنە کەمینی ئێمەوە.
وتی: ئێستا بڵی ئەمرت چییە؟
ناوی ئەفسەرە خزمەکەم دا و هەر لەوێدا فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەرکرد.
بەهەرحاڵ، شەڕی (ژاڵە) تۆڵەیەکی خوێناوی بۆ تۆڵەی شەڕی (کفری)مان کردەوە، کە لەو شەڕەیدا ٣٢ پێشمەرگە شەهید کەوتن، لە جێگەی تردا باس لە شەڕی (کفری) دەکەم، ئێمە لە شەڕی ژاڵەیدا دوو شەهید و پێنج بریندارمان هەبوو.
دەمەوئیوارە شەڕ تەواو بوو؛ کشابووینەوە ناو دێی ژاڵە، لەم کاتەدا من و خوالێخۆش بوو ئەحمەدی برا، حەمە و خورشید بارزانی خۆمان کردە ناو باخەکەی بەردەمی دێی ژاڵەدا، کە تەیارەی عێراقی هات من و ئەو دوو ناوبراوە لە نزیکەوه بووین، تەیارە کەوتە تەقەکردن؛ زۆرتر باخەکەی بۆردومان کرد، کاک حەمە و خورشید بارزانی یەکیان و، ئەحمەدی برای حەمە یانزە گوللەی بەر کەوتبوو، خورشید بارزانی گوللەیەک بەر بنڕانی کەوتبوو، بەهەر فەلاکەتێک بوو بریندارەکانمان گەیاندە قوپی قەرەداغ، لەوێدا دوای دوو مانگ تیمار کران.
سەیرەکە لەوەدایە نزیکەی شەش حەوت ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە کەناڵەکان باسی شەڕی ژاڵەی دەکرد، تاجی حەسەن تەلەفۆنی کرد و وتی بیخەرە سەر (کەناڵی …) کەسانێک باسی شەڕی ژاڵە دەکەن، وەک وابێت خۆیانی تیادا بووبێت لەکاتێکدا ئەوانە ئەو دەم لە پشتی باوکیاندا بوون نەک سکی دایکیان.
وتم: حاجی هەمیشە وابووە و، وایش دەبینی نەتبیستوە وتراوە (ئەوی دانەوێڵە دەوەشێنێ خەڵکی تر دەیخوا.) دێمە سەر مولازم عەبدوڵا، یان عەبەڕەش ئەو زاتە یەکێک بوو لەو ٣٢ شەهیدەی لە شەڕی کفریدا شەهید کەوت؛ ناوبراو دڵ و دهروونی پڕ بوو لە ئارهزوو؛ لەبیرمە دەیوت: شەڕ بڕایەوە و کوردستان ئازاد کرا، ئۆتۆمبێلێکی تەنتە دەکڕم و رەخشەکەم لە تەنیشتمەوە دادەنێم و لەناو شاری سلێمانیدا سەرفرازانە هاتوچۆ دەکەم. بەداخەوە ئەو ئارهزووەی بردە ژێر خاکەوە، شەڕی کفری هەڵەترین مێژووی شەڕە لە کورستاندا کراوە، جێگەی ئەو شەڕە ریزڕیز تاوێری بەردینە و لە مابەینی هەر ریزێکدا دوو دەبابە شانبەشانی یەک دەتوانن رێک کەون تازە ئەو جێگەیە ناسراوە بە قاتقاتەکانی کفری بڵندی بەرزترین رێزە تاوەر لە پێنج شەش مەتری بڵندترین ئەو هێزە عێراقیەی لەو شەڕەیدا بەشداری کردووە. لیوایەکی مودەڕەع بوو، فەرماندەی ئەو لیوایە عەقید روکن (حەماد شەهاب) بوو، لە دواییدا بووە بە وەزیری جەنگی عێراق لە پیلانەکەی ( نازم گزار) بە ئەسیری گیراوە و، (نازم گزار) کوشتوویەتی.
گرفتاری سەرەکیی شەڕی (کفری) زۆربوونی تاقم و فەرماندەی جۆراوجۆر بوو؛ لەو شەڕەیدا کەس بە کەس نەبوو، بەڵێ بەشداری سەرەکی لقی (جاف) بوو، بەڵام فەرماندەی سەرەکی ئەو شەڕە شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریم بوو، عەشایەر بە لایەک، پێشمەرگەی قەرەداغ و جەماعەتی حەمەی شێخ عەبدولکەریم بەلایەکی ترەوە، لقی جاف و بەشدارانی عەشایەری چەکداری سەر بە شۆڕش هەریەکە بەلایەکی تردا.
فکری لێ بکەرەوە لیوایەکی (دەبابات) کە یەک سەربازی پیادەی تیادا نەبووە، پێشمەرگەش نە (R.P.G) نە (B.K.C) و، نە هیچ چەکێکی مامناوەندی پێ نەبووە، ئیدی ئەو قارەمانانەی شەهید کران لە ڕاستیدا قوربانی نەزانین و چاک هەڵسەنگاندن بوون.

