هاوژین ڕەسوڵ
عێراق و کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێک دەچن، کە دیارە بەهۆی گۆڕانکاریی ناوچەکە و نەخشەی سیاسیی عێراق، جیاواز بێت لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو؛ چونکە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زۆر شت هەم لە ناوچەکە و هەم لە عێراق گۆڕابێت. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر، بەشداری و بردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی عێراق. پارتی وەک هێزێکی گەورە و کاریگەر، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە جێی پەنجەی لە ئاڵنگارییەکان و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دیار بووە. لایەنە عێراقییەکان و ئەوانەش کە کاریگەرییان لەسەر عێراق هەیە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی سەنگ و قورسایی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق چەندە. لەبەر ئەوەش، هەر بەشداریکردنێکی پارتی لە هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقیشدا حیسابی خۆی هەیە. بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە دوو ڕووە گرنگیی خۆی هەیە: یەکەم، قورسایی و پێگەی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق، تەنانەت سەرۆک بارزانی کۆکەرەوەی هێزە ناکۆکەکانی عێراقیش بووە لە کاتی ئاڵۆزییە سیاسییەکان. هۆکاری دووەم بۆ گەورەیی پارتی وەک حزب دەگەڕێتەوە؛ چونکە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێراقدا پارتی هێزی یەکەم بووە و هەرجارێک هەڵبژاردن ئەنجام درابێت، پارتی بەهێزتر بووە لە پێشووتر.
پارتی حزبێکی جەماوەری و دیموکراتی فراوانە. هاووڵاتییەکی ئاسایی نهێنیی سەرکەوتنی پارتی دەزانێت، ئەویش هەبوونی سەرکردایەتییەکی بەهێز و سەرۆکێکی گەورەیە، لەگەڵ ئەو خزمەتانەی پارتی، چ وەک حزب یانیش لە ڕێگەی حکومەتەوە پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. زۆرجاریش نەیارانی کوردستان و پارتی بەهۆی خزمەتگوزارییەکانەوە چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت و بە ڕۆژی ڕووناکیش هەندێک لایەنی شۆڤێنی لە بەغدا باس لە پێشکەوتنەکانی هەرێم دەکەن. لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەموو ئەو پڕۆژانەی پارتی پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردوون، دیارن و دەنگدەریش ئەو حەقیقەتە و بەراوردکارییەی بەردەستە کە پارتی چی کردووە. بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکان لە بەغدا، ئەوە پیشەی هەمیشەیی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. ئەوەی بە پارتی دەکرێت، هیچ لایەنێکی سیاسی نەیتوانیوە بەو شێوەیە ببێتە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافی هاووڵاتییان. هاووڵاتی کاتێک دەنگ بە پارتی دەدات، ئەوەی لای ئاشکرایە دەنگ بە داهاتووی خۆی دەدات، لەبەر ئەوەش دەنگدەری پارتی ڕووی لە هەڵکشانە. دڵنیام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش دەنگدەران ویژدانی خۆیان بەکار دێنن و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دەدەن. گرنگە ئەمجارە پارتی بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان بکات. گەرەنتی بردنەوەی پارتی، هەبوونی خەڵکی دڵسۆز و هەڵسەنگاندنی خەباتی پارتییە لە ڕابردوودا. ئەگەر سەپاندنی قەیرانی دارایی نەبوایە لەلایەن بەغداوە بۆ زەوتکردنی قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوا ئەمڕۆ کوردستان لە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتری ئاوەدانی و ئابووریدا دەبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتن و بەهێزبوونی پارتی دەبێتە هەوێنی مسۆگەرکردنی مافەکانمان و تێکشکاندنی پیلانی نەیارانی هەرێمی کوردستان.

