رۆژنامەی ھەولێر

پارتی؛ چیرۆکی نیشتمانێک ئازادیخوازان نووسیویانەتەوە!

د. خالیدە خەلیل
جیاوازیی هەیە لەنێوان ئەو کەسەی مێژوو دەگێڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی مێژوو دروست دەکات، لەنێوان ئەوەی خەبات دەکات و ئەوەی خەبات ڕادەگەیەنێت.
مێژوویەک هەیە بە خوێنی دڵسۆزان نووسراوەتەوە، خەباتێک هەیە لەسەر بەردی چیاکان و لە قوڵایی دۆڵەکاندا نەخشێنراوە، هەڵوێستانێک بەردەوام ڕێگاکان ڕووناک دەکەنەوە، هەرچەندە تاریکی دایپۆشی بن، یان بە پیلانگێڕی نێو دالانە تاریکەکان تەنرابن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، خەباتی خۆی لە دڵی شۆڕشگێڕانەوە دەستپێکرد، کە باوەڕیان بە ئازادی و کەرامەت و مرۆڤ هەبوو.
لەو کاتەوەی یەکەمین ترووسکەی خەبات لە بارزانەوە دەستی پێکرد، دەنگی شۆڕشگێڕان هاواری ئازار بوو لە ڕووی ستەمکاریدا، بانگەوازی حەق بوو لە سەردەمێکدا، کە ناهەق زاڵ بوو.
ڕێگە بە گوڵ نەڕازێنرابووەوە، بەڵکوو بە دڕک و خوێن و قوربانیدان تەندرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا بارزانیی نەمر بەردەوام بوو لە ڕێبەرایەتیکردنی ڕێبازەکە بە بەرچاو ڕوونییەکەی لە پشت چیاکانەوە دۆخەکانی دەبینی و بە باوەڕێکی پتەوەوە، کە نیشتمان تەنیا بە کارکردنی دڵسۆزانە و قوربانیدان و ئیرادەی بەهێز دەبووژێنەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی هۆشیاری و ناسنامەی پارێزگاری لە کوردستان و مرۆڤی کورد دەکرد، بە چەشنێک گەورەتر بوو لەوەی تەنیا لە ژمارەیەکدا کورت بکرێتەوە، یان لە تۆماری کەسانی تردا پەراوێز بخرێت.
لە هەر شەڕێکدا، وەک دژبەر نە جەنگاوە، بەڵکوو بۆ ئەوە بووە بیسەلمێنێت کورد شایانی ئەوەیە لەسەر خاکی خۆی بە ئازادی بژیت، سەر بەرز بێت، شانازی بە ناسنامەی خۆیەوە بکات.
هەر کاتێک قەیرانەکان عێراق و ناوچەکەیان تەنی بێت، ئەم پارتە وەک دیوارێکی دانایی ماوەتەوە، سازشی لەسەر حەق نەکردووە و دەرگاکانی گفتوگۆی دانەخستووە. هەڵوێستەکانی وەک تەرازووی میانڕەوی بوون کاتێک ئەوانی تر بەرەو توندڕەوی ڕۆیشتوون، دەنگی عەقڵ بووە کاتێک بێدەنگی زاڵ بووە بەسەر ئەوانەی ترساون ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن.
ئەو پارتەیە کۆشکەکانی لە مەڕمەڕ و شووشە دروست نەکرد، بەڵکوو لە چەسپاوی سەرکردایەتییەکەی و عەزمی پێشمەرگەکان دروستی کرد، کە جگە لە ڕێگای سەربەرزی هیچیان نەدەزانی، هەروەها لە دەستی جووتیار و کرێکاران و مامۆستایان و ژنان و گەنجان دروستی کرد، ئەوانەی پارتییان بە ماڵێک لە ئومێد و خەونێک بۆ هەمووان دەبینی.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بەردەوام ویژدان و دەنگی کوردستان بووە، بزوێنەرێک هەرگیز ماندوو نەبووە، نەوەکانی بە باوەڕی مافەکان نادرێن دەستێنرێن پەروەردە کردووە، فێرمان دەکات وەفاداری بۆ کوردستان تەنیا سەر بە خاک و سنوورێک نییە، بەڵکوو پەیمانێکە ناشکێت، باوەڕێکە کز نابێت با هەرچەند ڕێگاکەش درێژ بێت، بەپێوە بمێنین هەرچەندە تەحەدییەکان شانمان قورس بکەن، با هەرچەندە چاوەڕوانی درێژە بخایەنێت هەموو کورد خەونی پێوە دەبینن، ئارامگرتن لە ڕێگای درێژ بەشێکە لە خەبات، وەفاداری ناونیشانێکە ناسڕێتەوە.
ئەمڕۆ، هەندێک کەس سەبارەت بە نهێنیی حزووری بەردەوامی پارتەکە دەپرسن، وەڵامەکە سادە و قووڵە:
چونکە پارتی دەستکەوتی واقیعییە، ئەو پارتەیە پەنجەمۆری لە ڕێگەوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا، لە کەرامەتی هاووڵاتیی کورددا دەبینرێت، هەروەها لە ڕۆحی پێکەوەژیانی ئاشتییانەدا کە کوردستانی کردووەتە نموونەیەکی بێوێنە لە ناوچەکەدا ڕەنگ دەداتەوە.
لە سەردەمێکدا کە ناسنامەکان کێشمەکێشیانە و دیوارەکان لە نێوان مرۆڤ و براکەیدا بەرز دەکرێنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پردێک بوو لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، ماڵێکی فراوان بوو، کە دەرگاکانی واڵا بوون بۆ هەموو ڕەنگەکانی کوردستان و عێراق.
باوەڕی بەوە هەبوو فرەیی دەوڵەمەندییە، هێزی نیشتمان بە لەخۆگرتنی جیاوازەکان لە ژێر سایەی دادپەروەری و ڕێزگرتنی دوولایەنەدا دەپێورێت.
لە ژێر سێبەری ئەم بیرکردنەوەیە و بە ڕێنمایی سەرۆک مەسعود بارزانی، پارتەکە تەنیا پاسەوانی سنوورەکان و مافەکان نەبوو، بەڵکوو پاسەوانی پێکەوەژیانیش بوو؛ پارێزگاری لە کەنیسەکان کرد هەروەک مزگەوتەکان، هەروەها پارێزگاری لە پەرستگەکانی ئێزیدییەکان کرد و کوردستانی کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو ئەوانەی لە هەر شوێنێکی جیهاندا لە ئاگری ڕق و کینە ڕایانکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی بۆ دەرکەوت سیاسەت ململانێ نییە لەسەر کورسییەکان، بەڵکوو هونەری کۆکردنەوەی دڵەکانە لەسەر مێزی نیشتمان، دەستی برایەتی بۆ حزبەکانی تر و هەموو پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان و مەسیحی و ئێزیدی و غەیری ئەوانیش درێژ کرد، نەک وەک “پێکهاتە”، بەڵکوو وەک هاوبەش لە بوون و چارەنووسدا.
بەو شێوەیە پارتی بە درێژایی مێژوو، نەمامی پێکەوەژیانی لە خاکێکدا چاندووە، کە شەڕ ماندووی کردووە، بە ئارەقەی ناوچەوانی پێشمەرگە و ڕاستگۆیی هەڵوێستەکان ئاوی داوە، بۆ ئەوەی بەردەوام دەنگی ئەم ڕاستییە نەمرە سەدای بێت:
ئەوەی پارێزگاری لە فرەیی خەڵک دەکات پارێزگاری لە مرۆڤایەتییان دەکات، ئەوەی پردی پێکەوەژیان دروست دەکات، گوزەرگەیەک بەرەو پەڕینەوە بۆ داهاتوو ساز دەکات، خۆڕاگر لە ئاست پیلانگێڕییەکان و جێگیر لە ڕووی باهۆزی زەمانە.