دڵشاد نامیق فەرەج
لەماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی دوو هەنگاوی گرنگی پەرەپێدان و ئاوەدانی و كرانەوە بووین لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، كە یەكەمیان لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەرخانكردنی نزیكەی 25ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی پارێزگای هەڵەبجە و كردنەوەی مەرزی سازان لەپارێزگاكە وەك مەرزێكی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ بەنێودەوڵەتیی كردنی، دووەمیشیان هاتنە بەرهەمی هەوڵێكی گرنگی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی هێڵی ئاسمانی نیوان توركیا و سلێمانی، كە نزیكەی سێ ساڵە ئەو هێڵە داخراوە و زیانكی گەورەی لە پارێزگاكە و دەڤەرەكە داوە.
هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وەك بەشیكی گرنگی هەرێمی كوردستان پێش هەموو شتێك پێویستیان بەگەشەپێدان وخزمەتی هەمەلایەن هەیە، بەڵام لەڕابووردا ئەم دوو ناوچەیە كرابوونە چەقی ململانێی سیاسی و لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی تەسكدا خزمەتی دانیشتوانەكەی بیربرابوویەوە، تەنانەت دەروازەیەكی گرنگی وەك فڕۆكەخانەی سلێمانی باجی ئەو ناسەقامگیریەی دەڤەرەكەی دا و شاڕێیەکی گرنگی جیهانی بەسەردا داخرا كە هێڵی ئاسمانی نێوان توركیا و سلێمانی بوو، هەڵەبجەیش كە پارێزگارە ساواكەی هەریمی كوردستان بوو و وەك زۆر مافی تری هەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە چەندین گرفتی بۆ دروستكرا و نەهێڵدرا وەك پێویست و لەكاتی خۆیدا وەك قەوارەیەكی یاسایی بچێتە سەرنەخشەی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەیش لە زۆر ماف و شایستەی خۆی بێ بەشی كرد.
دوای نەمانی بیانووە سیاسیەكان و هاتنە ئارای پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان، هەوڵی زیاتری سیاسی و دیبلۆماسی بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی چڕكرانەوە، بەتایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دواهەمین سەردانیدا بۆ توركیا ئەو بابەتەی كردە خاڵیكی گفتوگۆكانی خۆی و هەرلەوێیش بڕیاری كۆتایی هێنان بەڕاگرتنی گەشتەكانی وەرگرت، وەك بینیمان ئەنجامەكەیشی هەڵوەشانەی ئابڵوقەی سەر فڕۆكەخانەكە و كردنەوەی ئەو ڕێگا گرنگە بوو بەسەر ئەو دەروازە نێودەوڵەتیەی سلێمانیدا، ئەم دەستكەوتە گرنگە دەبێتە دەستپێكێكی باش بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر لەم دەڤەرە دروست ببێت و ڕێگە نەدرێت دەستوەردانی سیاسی بزاوتەكانی دەرەوەی هەرێم لە دامەزراوەكاندا بكرێت كە بیانو بداتە دەست وڵاتان بۆ سەپاندنی سزای لەو شێوەیە، لەڕاستیدا هەر بزاوتێكی سیاسی پارچەكانی دەرەوەی كوردستانیش پێویستە لە هەرێمی كوردستان لەژێر ڕكێفی یاسا و ڕێنماییەكانی هەرێمدا بێت و ڕێز لە دەزگا ئەمنی و سیاسیەكانی بگرێت نەك خۆی بكاتە بەدیلی دەزگاكانی هەرێم، بۆ ئەوەی نەبنە ڕێگر لە گەشانەوەی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
هەرچی پارێزگای هەڵەبجەیشە سەرەڕای ڕێگریە یاساییەكانی عیراق، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوەستاوە لە گەشەپیدان و ئاوەدانكردنەوەی لەڕابووردوودا، لەماوەی یەك ساڵیشدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووجار سەردانی شارەكەی كردووە و هەرجارەیش چەند پرۆژەیەكی ستراتیژی لە شارەكە كردووەتەوە یان بناغەی داناوە، كە هەموویان پرۆژەی ژێرخانی و هەرە گرنگی پەرەپێدانی پارێزگاكەن، لەنمونەی پردەكانی تووەقوت و تەنگی سەید محمد و سایلۆی هەڵەبجە و بڕیاری پێدانی تایبەتمەندی بە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگای هەڵەبجە و كردنەوەی كۆلێژی پزیشکی لە زانكۆی هەڵەبجە ودواجاریش لە حەفتەی ڕابووردوودا تەرخانكردنی بڕێكی باش پارە بۆ دامەزراوە جیاجیاكانی پارێزگاكە لەپێناو جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێ و تەواوكردنی پرۆژە تەواونەكراوەكانی سنوررەكە.
ئەمە سەرەڕای پێداگری و پشتیوانی سیاسی سەرۆكایەتیی حكوومەت و هەرێمی كوردستان بەشیوەیەكی بەردەوام بۆ تەواكردنی ڕێككارە یاساییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئاستی عێراقدا، كە دواجار ئەو هەوڵانەیش گەیشتنە كۆتایی و گشت بەربەست و كۆسپەكان تێپەڕێنران. بێگومان ئەمەیش دەرخەری بایەخی پێگەی پارێزگای هەڵەبجەیە لە ڕوانگەی هەردوو سەرۆكایەتی حكوومەت و هەرێمی كوردستاندا وەك دەڤەرێكی خاوەن قۆربانی و سیمبولێكی نیشتمانی كوردستان، هەروەها ئەوەش دەسەلمێنێت كە خودی پارتی دیموكراتی كوردستان چەندە پەرۆشە بەخزمەت و ئاوەدانی كرداریی وەڵامی ئەو دەڤەرە بداتەوە بۆیە هاتووە بەبێ بیركردنەوە لەجیاوازی سیاسی خزمەتی دەكات و دەیەوێت ئەوەی لەتوانادایە بكرێتە خزمەت و وەك قەرەبوویەكی شایستە پێشكەشی دەڤەرەكە بكرێت.
ئەم دوو هەنگاوەی سەرەوە پێمان دەڵین سەنگی حوكمداری بە خزمەت دەپێورێت و ڕوانگەی ڕاستەقینەی كوردستانیی بوون ئەوەیە كە سنوری جیاوازیە سیاسیەكان تێدەپەڕێنێت و لەبری ئەوەی كێبڕكێی سیاسی بكرێتە چەقی كار لەسەركردن، خزمەت و هاوسۆزی كراوەتە هەنگاوی كرداری بۆ پەرەپێدانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەمەیش هیوایەك دەبەخشێت كە ئەم هەنگاوانە لەداهاتوودا زیاتر برەوی پێ دەدرێت و خەڵكی ناوچەكەیش زیاتر ئەو ڕاستیەیان لا ڕوون دەبێتەوە كە سیاسەتی ڕاستەقینە و سەنگین بریتیە لەوەی پێویستە خزمەت بكرێن پێش ئەوەی داوای لایەنگریی سیاسی و دەنگیان لێ بكرێت.

