شێرکۆ حەبیب
پارتی دیموکراتی کوردستان هەردەم بانگەشەی هەڵبژاردنی بەشێوازێکی سەردمیانە و هێمنانە و دوور لەئاژاوە بەڕێوە دەبات ئەوەش لەسەر جەم هەڵبژاردەنەکان بەدی کراوە، و ئەمەش هۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی پارتیە.
هەڵبەتە هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە هەروەک بڵێی عێراقێکی نوێ بونیاد دەنرێت، چونکە هەموو گەیشتوونەتە ئەو ڕاستی و قەناعەتە بەتایبەتی هێز و لایانە سیاسییەکانی بەغدا کە لە ماوەی ڕابردوو نەیانتوانیوە بە گوێرەی پێویست پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنەکان بن، بە تایبەتی لەگەڵ کوردستان کە قەوارەیەکی دەستوورییە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەی هەندێ لە هێزە کوردستانییەکانیش ئەو ڕۆڵە پێویستەیان نەبینیوە، بەڵکو لە هەندێ بابەت هاوڕا بوون لەگەڵ هەندێ هێزی خاوەن دەسەڵات لە بەغدا دژی کوردستان، ئەمەش وایکرد گرفتەکان زێدەتر ئاڵۆز بێت. هەروەها تاوەکو ئێستا عێراق لەسەر بنەمایەکی دروستی هاوبەش و پێکەوە ژیان و تەبا بونیاد نەنراوە، ئەمانە لای هاووڵاتیان روون بۆتەوە چ لە کوردستان یا بەشەکانی دیکەی عێراق، هەروەها زۆرێک لە پارێزگا و شارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق بە بەغداشەوە لەگەڵ ئەوەشدا کاری خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ ئەنجامنەدراوە، بۆیە لەم هەڵبژاردنە زۆر بە هەستیاری و وریایی دەنگ دەدەن، لەو باوەرم هاووڵاتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە کە دەبێ هزر و بیری نوێ کە باوەڕیان بە دەستور و پێکەوە ژیان هەیە، بچنە پەرلەمان.
دەبێ لایانە کوردستانیەکانیش لەو ڕاستییە بگەن کە تەبایی و یەکڕیزی هۆکاری دابینکردنی سەرجەم مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستانە و نابێ بە بەڵێنی بێ بنەما بۆ بەرژەوەندی تاک لایانە هەڵبخەتێن.
ئەوەی جێگای سەرسوورمانە هەندێ لایەن دەڵێن داکۆکی لە مافی کورد دەکەین لە بەغدا، هەروەک بڵێی یەکەم جاریانە ئەندامیان لە پەرلەمانی بەغدا هەبێت، ئەی ئەو ماوەی ساڵانێکی زۆرە چیتان کردووە، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات کەوا پارتی خەمخۆری ڕاستەقینەی میللەتە بۆیە دەڵێ مافەکان دەپارێزین و سازشیان لەسەر هیچ مافێکی دەستووری کوردستان ناکەین.
ڕاستە بەغدا ناوەندی بڕیار و قوڵایی ستراتیژیە، بەڵام ئەوە ئەوە ناگەیەنێ کەوا بەغدا تاکلایانە هەڵسوکەوت بکات و بریاری دوور لە هاوبەشی و سازان بدات، دەبێ بەغدا لەوە گەیشتبێت کە هەولێریش قوڵایی ستراتیژییە بۆ عێراق بەڵکو هێزێکی گرنگە بۆ بونیادنانی عێراقێکی فیدراڵی لەسەر بنەما هاوبەشەکان و یەکتر قەبووڵکردن لەسەر بنەما و بڕگەکانی دەستوور.
بوونی پارتی بەزۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زامنی دابینکردنی سەرجەم مافەکان و سازش نەکردنە لەسەریان و پاراستنی کەرامەتی تاکی کوردستانە، بۆیە لیستی ژمارە ٢٧٥ ئاواتەکانی کوردستانیان دێنێتە دی.

