رۆژنامەی ھەولێر

پارتی چەند بەهێز بێت، ئاڵای کوردستان ئەوەندە بەرزتر دەبێت

عەمەر ئەگوشی
لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی گشتیی عێراق، پارتی بە پشتبەستن بە جەماوەری کوردستان دەیەوێت بە سەرکەوتنێکی گەورە و بەشدارییەکی بەهێز لە عێراقدا ڕۆڵ بگێڕێت. هیچ لایەنێک وەک پارتی بە ڕاست و دروستی هەوڵی نەداوە، کە دەستوور لە عێراق پەیڕەو بکرێت و عێراق لە لایەن عێراقییەکانەوە بەبێ جیاوازی بەڕێوە ببردرێت و یاسا تێیدا سەروەر بێت و مافی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت و لە ئاژاوە و فیتنە و ڕق و کینە دوور بێت. عێراقییەکان بە کورد و عەرەبەوە لەمە ئاگادارن. پارتی وەک هێزێکی خەمخۆری نەتەوەیی لە مێژووی خۆیدا چەند بە دوای ڕزگاری کورد و کوردستاندا وێڵە، ئەوەندەش بە دوای بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و ئارامی هاووڵاتیاندا وێڵە. ئەمەش لە ژیانی ڕۆژانەی خەباتی پارتی دیارە. پارتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەهێزتر لەم مەیدانە ئەسپەکەی تاو بدات، پێویستی بە پاڵپشتی ئەو جەماوەرەیە کە بە پلەی یەکەم خەمی خۆیانە و خەمی ئازادی و ڕزگاری کورد و کوردستانە. پێویستی بە دەنگی بەهێز و پشتیگری تەواوی هەموو چینوتوێژەکان هەیە بۆ ئەوەی پارتی بە دەستێکی درێژتر لە خزمەتی ئەو ئامانجانەدا بێت کە هەموو کوردێکی بەشەرەف لە مەیدانی خەبات لە پێناویدا ڕەنج دەدات. گەلی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بەهێزی پارتی و سەرکەوتنی پارتی هەیە، چونکە ئێستا و ئایندەی کورد بەند و بەستراوە بە پارتییەوە. هەرکاتێک پارتی بەهێز بێت، ئاڵای کوردستان بەرزتر و شەکاوەتر دەبێت، گەلی کوردستانیش ئاسوودەتر و ئارامتر دەبێت. جا ئەو کوردەی خێری بۆ کورد و کوردستان دەوێت، پێویستە دەنگ بە لیستی ژمارە (٢٧٥) پارتی بدات و بەدوای بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکەوێت کە هەمووی لە بەرنامەی پارتی و هزری نەتەوەیی پارتی سەرچاوە دەگرێت.
ئەمرۆ گەلی کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر چارەنووسسازدایە، لە دووڕیانی خۆ بەستنەوە بە هێڵی گشتی وڵاتپارێزی و ڕزگاری نەتەوەیی و چەسپاندنی دیموکراسیەت کە پارتی ڕابەرایەتی دەکات. جا ئەوانەی ڕابردووی خوێناوی و مێژووی بەرخودان و خەباتی بێوچانی گەلەکەیان لە پێناو ڕزگاری لەبەر چاوە، با دوودڵ نەبن لەسەرخستن و پاڵپشتیکردنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا.