بەكر كەریم حەسەن
(سیی ئیس لویس) نووسەر و توێژەری ئیرلەندی دەڵێ”ئەركی مامۆستا وەك ئەوە وایە لە بیابان چاندن بكات، نەوەك گژوگیای زیان بەخش لە كێلگەكان بژار بكات”.0
لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن و پێشوازی كردن لە قووتابییان، مامۆستایان بیر لەوە دەكەنەوە چۆن زاڵ بن بە سەر بەربەست و كێشەكان كە دێتە پێش پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و لە هەوڵی ئەوەدان چۆن بتوانن ئەم ساڵ بە كۆمەڵێ دەستكەوت و بەرهەم و بەخشش بتوانن ساڵەكە تێپەڕێنن و، هەردەم لە نوێگەری و گەشەپێدان و پەرەپێدان سەرقافلەی پڕۆسەكە بکەن و ببنە مایەی نموونەی هەرە بەرزی قووتابییەكانیان بۆ ئەوەی مامۆستایان بتوانن ساڵێكی پڕ دەستكەوت و سەركەوتوو تۆمار بكەن و ببنە پێشەنگی پڕۆسەكە. گرینگە هەمیشە تۆمارێكی تایبەت بە قووتابییانیان لا هەبێت بەربەست و گرفت و ئاستەنگەكانی كە بە تێڕوانینی ئەوان پێویستی بە كار كردن هەیە، دەبێ پلانی بۆ دابنرێت تا ڕووبەروویان ببنەوە. لە ناو گرفت و ئاستەنگ دەرفەت و دەستكەوت بەدی بهێنن که چۆن بتوانن ئامانجە پەروەردەییەكان بە بەردەوامی هەوڵی بۆ بدەن و ڕۆژانە و هەفتانە هەوڵی هاتنە دەستیان بۆ بدرێت و بابەتییانە پێداویستییە پەروەردەییەكان دیاری بكەن، تاوەكوو بتوانرێ قووتابییان زیاتر هان بدرێن و جۆش و خرۆشیان بۆ خوێندن و فێربوون زیاتر بكرێ بێگومان ئەوەش تەنها بە مامۆستایان دەكرێت، چوونكە هەمیشە مامۆستایان لای قوتابیەكانیان خۆشەویستن و مایەی ڕێز و ستایش كردنن، گرینگە مامۆستایان هەمیشە پلان و ڕێكخستنی بەردەوامیان هەبێت بۆ بابەتەكانی پسپۆڕییان و لای قووتابییان خۆشەویستی بن و تامەزرۆیان بكەن و بە سادە و ساكاری و ئاسانەوە بۆیان باس بكەن لە قورسی و سەختی بابەتەكان خۆیان بە دوور بگرن و ،هەمیشە ئەوپەری متمانەیان بەخۆیان هەبێت و دوو دڵ و ڕاڕا نەبن و هەردەم هەڵوێست و وشە و كردار و گوفتاریان پەروەردەیی و قایم و داكوتراو و نەگۆڕ بێت بەرامبەر بە كێشەو گرفتە پەروەردەییەكان و قوتابخانە خۆشەویست و شیرین بكەن لای قوتابی و بابەت و پڕۆگرامەكان سادە و ئاسان بكەن و لە پەیوەندی لەگەڵ قووتابییان تووند و توڕە و دوورە پەڕێز و نا پەروەردەیی نەبن، بەڵكوو هەمیشە نموونەی هەرە بەرزی جوان و سەرنجڕاكێش بن بۆ قووتابییەكانیان، و بەستەڵەك و بەربەست لە نێوان مامۆستایان و قووتابيیان نەهێڵن و هەوڵ بدرێ گفتوگۆ و ڕاوێژی پەروەردەیی و فێركردن ئەنجام بدرێت. هەروەکوو چۆن پشووی هاوینیان بە سەر برد و بەرنامە و پلان و ئامادە سازییان چیە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، دەكرێ هەر قووتابیی وەك بڕگەیەك و چەند بڕگەیەك لە سەر خۆی و قوتابخانە ڕای خۆی بە ڕاشكاوی بنووسێ لە سەر كاغەز و دواتر كاغەزەكان كۆ بكرێتەوە لەلایەن مامۆستا تا بتوانن شارەزای بیرو بۆچوون و هزری قووتابیيەكانیان بن و هانیان بدەن لە سەر دەربڕین و ئەنجامدانی چالاكی جۆراوجۆری و پەروەردەیی و فێركردن، مامۆستا دەتوانێ بابەت و پۆڵ و قوتابخانەكەی لای قوتابی هێندە خۆشەویست و سەرنجڕاكێش بكات بە جۆرێك قووتابی ڕۆژی دواتر بە هەلەداوان و بە پەلە خۆی بگەینێتەوە قوتابخانەكەی كە ئەوەش متووبوون و پەیوەست بوونێكی پەروەردەیی دروست دەكات لە نێوان قووتابی و قوتابخانە چاكە و ڕۆڵەكەش بۆ مامۆستا دەگەرێتەوە كە لە كۆتاییدا ئەو جۆرە قووتابیيانە بەدڵنیاییەوە ساڵەكە و ساڵەكانی دواتریش بە سەركەوتوویی دەبڕن و قوتابخانەش پڕ دەستكەوت و بەرهەم دەبێت.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

