رۆژنامەی ھەولێر

ستراتیژیی: هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان

‎هاودەنگ فارووق
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستی عێراقدا، بە تۆخکردنەوە و جەختکردنەوە لە دروشمی ئەمجارە، هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، عەرشی شۆڤێنییەتی عێراقی ڕاهەژاند. دوای نزیکەی ٢٣ ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانیی عێراق و فێڵەکانی هێزە شۆڤێنییەکان، بۆ خۆدزینەوە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، دوای ئاشکرابوونی سەرجەم بەهانە و بیانووەکانی نەیارانی کوردستان بۆ پابەندبوونە دەستووری و یاساییەکانیان بەرانبەر خەڵکی کوردستان، پارتی جارێکی دی ، هەڵوەستەیەکی قووڵی بە هەموو ئەو هێزانە کرد و بە دروشمی: هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان، شادەماری شۆڤێنییەکانی گرتووە و هیچ بوارێکی نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن لێی دەرباز ببن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
چونکە پارتی سەرلەنوێ پێیان دەڵێت: دوای زیاتر لە ٢٣ ساڵ لە پێشێلکردنی مافەکانی کورد، هێشتا کورد مافەکانی خۆی فەرامۆش نەکردووە و پێویستە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای “هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان” بەڕێوەبچێت، کورد هاوبەشی ڕاستەقینە و بێ چەند و چوونی بێت لە بەڕێوەبردن و پێکهاتەکانی ئەو دەوڵەتەدا.