حەمید قەڵادزەیی
نامەیەكی كراوە
كاتێك گوێم لە دەستەواژەی ناوچە دابڕێندراوەكان دەبێت، ڕاستەوخۆ ئەو دیمەنە ناخ هەژێنەم دێتەوە بەرچاو، كە جانەوەرەكانی بەعسی ڕووخاو لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا، بە تاوانی كوردبوون ئەنجامیان دەدا.
دەستەواژەی دابڕان یان دابڕین، بۆ ئێمەی كوردستانی ئازار بەخشە، دابڕان، برینگەلێكی زۆری لە یادەوەریماندا دروست كردووە، دابڕینی خوشك لە برا و دابڕانی دایك لە ڕۆڵەكەی و باوك لە جگەر گۆشەكەی، دابڕانی خەڵكی هەشت قەزا و سی و شەش ناحیە و زیاتر لە پێنج هەزار گوند و ئاوەدانی، لەو خاكەی لە سەری پێڕەوكە بوون و بۆنی دایكیان بە خاك و كارێز و ئاوەدانییەكانیانەوە دەكرد.
ئاخر خاك، لە فەرهەنگی گەلاندا دایكی یەكەمە، بە درێژایی مێژووی داگیركاری، هەركاتێك داگیركەر دڵی ئۆقرەی نەگرتبێ لە داگیركاری و قەتڵ و عام، دوا گورزی كەمەرشكێنی بە بردن و دابڕانی دایكان وەشاندووە، نوێترین نمونەمان ڕژێمی بەعس و جانەوەرەكانی داعشە، دابڕانی هەر قولانجێكی خاكی نیشتمان كە بەشێكە لە جگەری نیشتمان، هەمان دابڕان و دابڕینە، وەك ئەوەی كۆرپە لە ئامێزی دایك دابڕێندراوە و هەمان دیمەنی تابلۆ لە یادنەچووە تراژدیاكانە.
لێرەوە پرسیارێك سەرهەڵدەدا، ئایاتۆی دەنگدەری كوردستانی، تۆی سەوداسەری ئازادی و خاك داگیركراو، تۆ كە لە سەر خاكی خۆت، لە ماڵی خۆت، لە زێدی هەزاران ساڵەی باوانت، تۆ، كە تا ئێستا وەك هاووڵاتی ژمارە {دوو یان سێ} مامەڵەت لەگەڵ دەكرێ، تۆی دەنگدەر، كە دەبینی شۆڤێنییەكان چۆن، زمانی شیرینی كوردی، لە زانكۆ و پەیمانگاو ناوەندەكانی خوێندن، ڕاستەو خۆ و ناراستەوخۆ پەراوێز دەخەن و گرفتی بۆ دروست دەكەن، لە كاتێكدا جەور و ستەمی شۆڤێنییەكان بەرامبەر خەڵكی گوندنیشینی ئەو ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، و زەوتكردنی خاك و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و سترێسی ڕۆژانە و هتتد ….
هەموو ئەوانە، ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە، لەبەر چاوی میدیاو ڕێكخراوە بیانی و مرۆییەكان، دەبێ تۆی دەنگدەری كورد بیرت لەوە نەكردبێتەوە، كام هێز و كام لیست و كام باوەڕە، شیاوی دەنگ پێدانە؟
دەبێ لە نێو ئەو هەموو ئازار و میحنەتەدا، تۆی دەنگدەر، بیرت لەوە نەكردبێتەوە، لیستێك دیاری بكەی، لیستی جەنگاوەری ڕاستەقینەی جەنگی گێڕانەوەی ئەو خاكە دابڕێندراوەبێ بۆ ئامێزی نیشتمان؟
لە پێناو دەربازبوون لەو واقعە تاڵە و لەو میحنەتەی كورد تێیدا دەژی لەو ناوچە داگیركراوانە، دەبێ جگە لە لیستی ٢٧٥ تۆی ئازار چەشتوو، كام لیست بە شیاوی ئەوە بزانی متمانەی پێ ببەخشی؟
پێویستە هەموو دەنگدەرێكی كوردستانی لە ناوچە داگیركراوەكان و سنووری ماددەی ١٤٠ئەو ڕاستییە بزانێ، مادام خاك پیرۆز ترە لە حیزب،مادام هاووڵاتی دەبێ سەنتەر بێ.
مادام واقعی ئەو ناوچانە پێمان دەڵێ: بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە پێویستیمان بە جەنگاوەری باوەڕدارە،دەبێ تۆی دەنگدەر و ڕۆڵەی خاكێكی دابڕێندراو هەستی بەرپرسیارییەتیت بەرامبەر بە ئایندەی خۆت و خەڵك و ناوچەكەت متمانە بەو لیستە بكەی، لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانیدا دەجەنگێ و هاوسۆز و پشتیوانێكی سەرسەخت بی، بۆ لیستی ٢٧٥ و كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

