ئاری ئاغۆک*
کاتێ باس لە پاکوخاوێنی و ژینگەپارێزی دەکەین، نابێ لە یەک ڕوانگە و لە یەک شوێن و گۆشە قسە لەسەر ئەم پرس و بابەتە گرنگەی ژیان بکەین، چونکە لە پانتایی ژینگەدا هێڵە سەرەکیەکە فراوانن، بۆیە پێویستە هەمیشە ئەم چەمکە لە دیدی خۆمان دووپات بکەینەوە کە مرۆڤ لە هەر شوێنێ بێ، ئەوا ئەوێ ماڵ و ژینگەیەتی، پاراستن و پاکڕاگرتنی ئەرکە و دەبێ جێبەجێی بکەین، یەکێک لەو شوێنە گرنگانە کە پێویستە بەردەوام خاوێنی لە بەرچاو بگیرێ و پاکژ و خاوێن بێت ئەوا فەرمانگەکانی حکوومەتە.
بۆیە بەشێوەیەکی گشتی دەبێ لە دوو ڕوانگە و دوو ستوونەوە خوێندنەوە بۆ ژینگەی فەرمانگەکان بکەین، ئەوانیش بریتین لە:
* کارمەند و فەرمانبەر
* سەردانی هاووڵاتی
ئەم دوو ستوونە دەبێت لە ڕووی ژینگە و پاکوخاوێنییەوە هەمیشە هاوکار بن بۆ پاکڕاگرتنی بەردەوام، بەڵام بە داخەوە ئەوەی تێبینی دەکرێ و ڕۆژانە لە کاتی سەردانیکردنمان هەستی پێ دەکەین، بەشێک لە ژینگەی فەرمانگەکان پاکوخاوێن نین، ئەو کەمتەرخەمیەش دوولایەنەیە، یەکەمیان پەیوەستە بە هاووڵاتی، دووەمیان کارگێڕی و فەرمانبەرانی فەرمانگە.
سەبارەت بەخاڵی یەکەم، هەمدیس بەداخەوە بەشێک لە هاووڵاتیان کاتێ بۆ مامەڵە و ڕایی کردنی کاروبارەکانیان سەردانی فەرمانگەیەک دەکەن، ئەوا بێ گوێدانە هیچ ئاکارێکی ژینگەیی، بە هۆی کەمتەخەمی و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی، ئەوا بەفڕێدانی بچووکترین شت ئەو شوێنە پیس دەکەن، بەتایبەتتریش ئاودەست (تەوالێت) و دەستشۆرکەکان، بەداخەوە بەشێک لە سەردانیکەران پاکوخاوێنی بەهەند هەڵناگرن؛ پیسی و بۆنی ناخۆش هەستی پێ دەکرێ، بێگومان دواجار هەر هاووڵاتیە سەردانی ئەو شوێنانە دەکات و هەست بە پیسوپۆخڵی دەکات، لە بەرانبەریشدا کارگێڕی فەرمانگە پێویستە جگە لە کارمەندانی خزمەتگوزار کە من پێیان دەڵێم (پاکەوانی ژینگە)، ئەوا پێویستە سەرجەم فەرمانبەر و کارمەندان ببنە چاودێری ئەو شوێنگە کەپێی دەڵێن فەرمانگە، چونکە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێکی تەمەنیان لەو شوێنە بەڕێ دەکەن، بۆیە گرنگە هەموومان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتە ژینگەییەدا بین بەرانبەر بە پاکوخاوێنی و ژینگەپارێزی ئەو شوێنە گرنگانەی شار، چونکە ئەگەر بۆ جارێکیش سەردانی هەر فەرمانگەیەک بکەین ئەوا بەر لە هەموو شتێک پاکوخاوێنی و دیمەنی جوانی دەبێتە جێی سەرنج و ڕامانمان، بۆیە پێویستە هەر یەکەمان لەئاست ویژدان و هەستکردنمانن بە بەرپرسیاریەتی پاکوخاوێنی فەرمانگەکان و، سەرجەم ئەو شوێنانەی سەردان و بەریەککەوتنی بەردەوام تەنانەت بۆ یەک جاریش بێت، ئەوا پێویستە بە ماڵ و ژینگەی خۆمانی بزانین و بەپاکوخاوێنی ڕایبگرین..
زیندووترین نموونە، ئەگەر هەر یەکەمان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتیەدا بین، ئەوا هەر فەرمانبەرێک ڕۆژانە لە دەسپێکی دەوام چەند خولەکێک سەرمێز و دەورووبەری خۆی پاک بکاتەوە، ئەوکات هەم دیمەنێکی جوان نیشان هەمووان دەدەین، هەم وزەیەکی ئەرێنی دروست دەبێت، هەم بارگرانی و ئەرکی پاکەوانی فەرمانگەکە کەمتر دەکەین، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی دەبێت ئەو چەمکە دووپات بکەینەوە، فەرمانگەکانی میری و هەر شوێنێکی دیکە، ماڵ و ژینگەی هەموومانن، پاکراگرتنی ئەرکەو بەدواداچوونیشی لەلایەن کارگێڕی فەرمانگەکان ئەرکێكی بەردەوامیە.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

