قەهار هەولێری
له سه‌رجه‌م گفتوگۆ و نووسین و دیبه‌یته‌كاندا، ئه‌وه دووپاتكراوه‌ته‌وه، كه توێژی لاوان و گه‌نجان به‌گشتی، پایەی به‌هێزی کۆمەڵگا و هێزی بزوێنەری سه‌ره‌كین بەرەو داهاتوو. بێگومان ئه‌وه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه توێژی لاوان و گه‌نجان نوێنەرایەتی زۆرینه‌ی ڕێژەی دانیشتووان پێكده‌هێنن و له‌رووی كرداره‌كیشه‌وه زۆرترین کاریگەرییان لەسەر پرسه هه‌ستیاره‌كان هه‌یه، بۆیە بەشداری رژدیان لە كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و سیاسی‌دا هه‌یه.
له‌م روانگه‌یه‌وه دەڵێن: گرنگی بەشداری لاوان و گەنجان لە بزاوته سیاسییه‌كاندا، په‌یوه‌سته به ڕه‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو، كه تێدا لاوان بیرۆکەی نوێ و ڕێگەی داهێنەرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بخولقێنن.
دەرەنجامەکە ئەوەیە کە ڕۆڵی گەنجان لە گەشەپێدانی سیاسی‌دا زۆر گرنگە، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی دەستە جەمعیە، کە ته‌نها ناکەوێتە ئه‌ستۆی لاوانه‌وه، بەڵکو زیاتر کۆ دەبێتەوە و دابه‌شی سه‌ر حیزب و ئۆرگانه سیاسییه‌كان و رێكخراو‌و دامەزراوە پەروەردەییەکان، ته‌نانه‌ت دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت، و میدیاكانیش پشكی ئه‌و په‌روه‌رده‌كردنه‌یان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆوه. كه‌واته دەرفەت و بوارێکی زۆر لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی لاوان و گەنجانی كورد ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن لە گەیشتن بە گەشەسەندنی سیاسی لە کۆمەڵگادا، سەرەتا بە هۆشیاری و خۆپەروەردەکردن، لە ڕێگەی بەشداریکردنی ئەرێنی لە چالاکییەکانی دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کارلێککردن لەگەڵیان، و لە کۆتاییدا دڵنیابوون لە بەشداریکردنی بەردەوام لە هەموو هەڵبژاردنەکان، به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی گۆڕانكاری ئه‌رێنی.
لێره‌وه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه زیادکردنی هۆشیاری سیاسی به مانا پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی توێژی لاوان و گەنجان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی ده‌بێت به‌سه‌ر بەشداری و بڵاوکردنەوەی ئه‌و هۆشیاریه سیاسیه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه لەنێو کۆمەڵگادا بەگشتی. كه ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت به‌سه‌ر گەشەپێدان و هۆكارێك ده‌بێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی هۆشیار، كه ئه‌مرۆ كورد له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی پێ هه‌یه.
بەشداری لاوان نوێنەرایەتی دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ده‌گه‌ێنێ، ئەمەش شەرعیەتی داواكاریه‌كانیان زیاتردەکات .
پێدانی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه به‌م توێژه له خۆڕا نییه، چونكه ئه‌وان سامانی ڕاستەقینەی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كن و پایەیەکی جەوهەرین لە گەشەکردن و گەشەسەندن، بۆ پێشخستنی چەرخی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی لە هه‌موو کۆمەڵگا به شێوه‌ی مانادار كار ده‌كه‌ن نه‌وه‌ك ته‌نها بۆخۆیان، بۆیه ڕێگایەکی باشتر له ڕێگه‌ی گرنگی دان به لاوان نادۆزینه‌وه كه بۆ ئێستا‌و داهاتوو ببنه پێشینه‌ی پاڵپشتی سەرەکی پرۆسەی گەشەپێدانی كۆمه‌ڵگە.
ئه‌و توێژه كارایه له كایه‌كانی گشتی كۆمه‌ڵگه ته‌نانه‌ت ڕۆڵێکی گرنگ لە کاری مرۆیی و گەشەپێدان لە سەرانسەری جیهاندا به‌ئه‌ستۆ ده‌گرن. به داتاكان سه‌لمێندراوه، ئەوان نوێنەرایەتی زۆرینەی بنکەی خۆبەخشییه‌كانی وڵاتان دەکەن، له بواری ئافراندن ڕۆژانە زیاتر خۆیان ده‌سه‌لمێنن، ئامانجی هاوبه‌شی هه‌موو لاوان خۆی له گۆڕینی ژیان بۆ باشتر لەناو کۆمەڵگاکانیاندا ده‌بینێته‌وه. ئه‌وان توانای بنیاتنانی و بەهێزکردنی کەسایەتییان هەیە، ڕۆحی گۆڕانكاریان له مێشكدا چه‌قیوه، بۆیه هێزی ئەرێنی خۆیان لە بوارە گونجاوەکاندا پێشکەش بە کۆمەڵگاکانیان بکەن.
كه‌واته ئه‌وه له خۆڕا نییه كه ده‌ڵێن: لاوان لە بزاوته‌كانی پێشکەوتن و بنیاتنانی هەموو کۆمەڵگایەکدا بە پایەی بنەڕەتی دادەنرێت، هه‌ر ئه‌وانن كه دەتوانن کۆمەڵگا پێش بخەن، چالاکانە بەشداری لە پێشکەوتنەکانیدا بکەن .
كاتێك ئه‌و هەقیقه‌تانه ده‌خه‌ینه ڕوو، به‌و مانایه نییه كه خۆمان له هه‌بوونی كێشه‌گه‌لی لاوان و گه‌نجان نابه‌ڵه‌د بكه‌ین، به‌ڵكو پێویسته هاوكۆفی گرنگیدان به‌و توێژه، تیمێكیش ته‌رخان بكرێ بۆ په‌نجه خستنه سه‌ر کێشەکانی ئه‌و توێژه كارایه و چاره‌سه‌ركردنیان لە کۆمەڵگادا.
به‌گشتی وه‌ك چۆن ئاماژه‌مان به رۆڵی كاریگه‌ری گه‌نجانی هۆشیار كرد له كۆمه‌ڵگه‌دا، به هه‌مان ئه‌ندازه پێویسته دان به‌و هه‌قیقه‌ته‌شدا بنێن، كه لا نه‌كردنه‌وه له‌و توێژه، به‌مانای خه‌مساردی گه‌وره دێ، چونكه كاریگه‌ری نه‌رێنیان زۆر زیاتره له چین و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه.
وه‌ك مه‌علومه دیارترین کێشەکانی ئه‌مرۆ و ته‌نانه‌ت دوێنێ لاوان و گەنجان، خۆی له بۆشایی و بێ‌کاری، ترس لە داهاتوو، نیگه‌رانی له هەژاری، هەستکردنی به نامۆیی له ئه‌نجامی نادادپه‌روه‌ری، ئاواره‌یی، شەڕ و ناكۆكی، کێشەی سیاسی، ململانێی ئایینی و تائیفی و، هتد.

