رۆژنامەی ھەولێر

رێزگرتن لە بەساڵاچووگ و ڕیشسپی لە ئیسلامدا

عومەر چنگیانی
وەبیرهێنانەوەی بۆنە جوان و بەها مرۆییە گرنگەكان، ئەگەر لەهەر كەس جوان بێت، لەسەر زاری مامۆستایانی ئایینیی جوانترینە، نەخاسمە كە كرایە توێشووی گوتاری دوانگەی مزگەوت، وەكچۆن لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی كوردستان، دوو بابەتی گرنگ خرایە بەردەستی مامۆستا بەڕێزەكان: ڕێزگرتن لەبەساڵاچووگ و مامۆستا؛ سەرەتا بە وەبیرهێنانەوەی ئایەتی 23ی سوورەتی(ئیسرا)وە دەستمان پێكرد، كە خوای گەورە ڕێنمایی دەخاتە بەردەمی پێغەمبەر، دروود و سەلامی خوای لەسەر، تا پێمان بفەرمێت: (خوای گەورە فەرمانی وایە كە هیچ هاوەڵی بۆ دامەتاشن؛ لەگەڵ دایك و باوكتاندا باش بن، جا دایك و باوك، یان یەكێكیان یاخۆ هەردووكیان لای تۆی جگەرگۆشەدا دەكەونە ساڵەوە، نەكەی هەرگێز ئۆفیان لێ بکەیت؛ هەمیشە با قسەت خۆش بێت لەگەڵیاندا.”
تێبینی: لە هاوتاكردنی فەرمان بە یەكخوا پەرستی و بەدویدا ڕێزگرتن لەدایكو باوك، پێمان دەڵێت: گەرچی ڕیزلێگرتنیان پێویست و ئەركە، وەلێ دەرەنجام مرۆڤن و نەیانگەیێنە ئاستی پەرستن، وەلێ گەر ئەوان باشیش نەبوون تۆ ئیحسانت هەبێت واتە چاكە لە بەرانبەر خراپە.
ڕێزگرتن لە بەساڵاچووان تەنها ڕەوشتێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو عیبادەتێکە کە بەهۆیەوە لە خوا نزیک دەبینەوە.
پردی خۆشەویستی لە نێوان نەوەکاندا دروست دەکات و پاڕێزەری مێژوو و میراتی زیندووی ئۆمەتە.
پێویستە ئەم ڕەوشتە پێغەمبەرایەتییە لە ماڵەکانماندا جێبەجێ بکەین، لە مامەڵەمان لەگەڵ باوک و دایک و باپیر و نەنکەکانمان و، لە کۆڵان و مزگەوت و کۆمەڵگەکانماندا لەگەڵ ئەوانەی لە ئێمە گەورەترن.
پێویستە لە یادمان بێت کە هەموومان بە ویستی خوا دەگەینە ئەم تەمەنە، جا وەک چۆن حەز دەکەین نەوەکانی داهاتوو ڕێزمان بگرن، با ڕێز لەوانە بگرین کە ئەمڕۆ لەبەردەمماندان.
ڕێزگرتن بەهایەکی ئەخلاقییە:
ئایینی ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی بەها ئەخلاقییە بەرزەکان جێگیر بکات و، یەکێک لە گەورەترین ئەم بەهایانە ڕێزگرتنە لە گەورەکان و خاوەن فەزڵەکان و، ئەمە تەنها ڕێزگرتنێکی ڕووکەش نییە، بەڵکو بەرزنرخاندنێکی دڵییە کە لە گوفتار و ڕەفتارەکانمدا ڕەنگدەداتەوە و، کۆکەرەوەیە لەنێوان شکۆ و خۆشەویستی.
ڕێزگرتن لە بەساڵاچووان مننەتێک نییە لە لایەن ئێمەوە، بەڵکو ڕەوشت و عیبادەتێکە و، مافێکی ئەوانە لەسەرمان، چونکە بەساڵاچووان بەرەکەتی کۆمەڵگەکانن و، خاوەن خێر و چاکەکانن و، خاوەن ئەزموونەکانن و، خاوەن ڕا و ئامۆژگارییەکانن.
خوای گەورە خێری لەگەڵ ئەوان داناوە و، بەرەکەتی خوا لە لای ئەوانەوە دەست دەکەوێ.
مافەکانی بەساڵاچووان و شێوازەکانی ڕێزگرتن لێیان:
یەکەم: ئێمە دەستپێشخەر بین لە سڵاوکردن بەبێ چاوەڕێکردنی سڵاوکردنی ئەوان؛ لەبەر ڕێز و بەرزنرخاندنیان و، قسەکردن لەگەڵیان بە نەرمی و ئەدەبەوە و، گوێگرتن لە ئامۆژگارییەکانیان.
دووەم: هەستان بۆیان و دانیشتن لەگەڵیان بە ڕێزەوە و، ماچکردنی دەستی زانایان و باوک و دایکان. هاوەڵان ڕێزیان لە گەورەکانیان دەگرت، لە دانیشتنەکان و لە قسەکردندا پێشیان دەخستن.
سێیەم: بەسەرکردنەوەی خزم و کەس و سەردانیکردنیان، ڕێزگرتن لە ئەزموون و بۆچوونەکانیان و، هەستپێکردنیان بە ڕۆڵ و پێگەیان.
چوارەم: دابینکردنی خەرجیەکانی ژیانیان و، دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆیان و، یارمەتیدانیان لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکانیان.
کاریگەرییەکانی ڕێزگرتن لەسەر تاک و کۆمەڵگە:
1. ڕەزامەندی خوا و پاداشتێکی گەورە.
2. بەرەکەتی تەمەن و ڕۆزی: چونکە بەرەکەتی گوێڕایەڵیکردن تەواوی ژیانی بەندە دەگرێتەوە.
3. پاککردنەوەی نەفس: بە ڕێزگرتنیان خۆت فێری خاکیبوون دەکەیت و، لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانین لە خۆت دوور دەخەیتەوە.
4. نموونەی چاک: ئەو گەنجەی ڕێز لە گەورەکان دەگرێت دەبێتە نموونە بۆ هاوڕێکانی و منداڵەکانی دوای خۆی.
5. پێکەوەبەستنەوەی کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی و، بەدیهێنانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی.
6. گواستنەوەی ئەزموون و حیکمەت: چونکە بەساڵاچووان پردی ڕابردوون بۆ ئێستا.
7. بڵاوبوونەوەی ڕەحمەت و ئاسایش لە کۆمەڵگەدا.
8. پاراستن لە ئافاتە کۆمەڵایەتییەکان وەک توندوتیژی و لەیەکجیابوونەوەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.