فازڵ میرانی
مەبەست لەم کورتیلە وتارەدا تەواوکردنی ناونیشانی (بۆ ئەوەی ڕوو نەدات)ە، هەڵبەت دوای ئەوەی دەقی بابەتەکە دەیسەلمێنێت، کە ئاراستەی کارکردن لە سیاسەتدا پێویستە پلانی بۆ دابنرێت و کار بۆ ئەوە بکرێت ڕێگری بکرێت لە ڕوودانی مەترسییەکان، چونکە زۆربەی ئەو سیستەمانەی لە ڕۆژهەڵاتدا هەن ناسەقامگیرییەکی ئاشکرا، یان شاراوەیان تێدایە، لەو نموونانە دەچن کە چنگیان لە پەتێک، یان چەند پەتێکی ئاگرین گیرکردووە.
پەتەکان بۆ ڕزگارکردن فڕێ دەدرێن، پەتی پتەون، لەلایەن کەسانی شارەزا و ڕاهێنراو لە ڕزگارکردن دەهاوێژرێن، بەڵام پرسیارەکە؛ ـمەبەست لە سیستەمێکە- گەیشتە شوێنێک کە مەترسی دەوری داوە و جگە لە چاوەڕوانی فریادڕەسێک هیچی تری لەبەردەمدا نییە؟
ئەگەر ئەمە ڕوویدا -کە شتێکی چاوەڕوانکراوە بۆ مرۆڤی ئاسایی- هەر چەند ئەوە لەگەڵ سیستەمێکدا ڕوونادات، بەڵام ئەوە ڕوویدا، چونکە بینینی تەسک و لەدەستدانی ئاراستەی ڕاست و کەڵەکەبوونی سوودەکان لەسەر هەڵە و ئەو کارکردنەی کە درز دروست دەکات و دەست لە بەرژەوەندییەکانی بەردەوامی سیستەم وەردەدات، هەموو ئەمانە ماددەی سووتەمەنین لە ناو ژینگەیەکی داخراودا. جا ئەگەر ڕزگارکردن هاتە کایەوە ئەوا بە شۆرکردنەوەی پەتێکەوە دەبێت، لە ڕووی سیاسییەوە پەتی وا لە دەرەوە بۆ ڕەزامەندی خودا فڕێ نادرێت، بەڵکو پێشتر چاوەڕوانی نرخ و سوودەکان دەکرێت کە دەتوانرا خەرج بکرێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە بگرێت و کۆنترۆڵ بکرێت.
هەندێک لەو پەتانە سیستەم بۆ خۆی ئامادەیان دەکات، ڕاستییەکەی کراون بە سووتەمەنی، جا ئەگەر ئەوەی بووەتە قوربانی، نزیکبووە و دەستی بە پەتە ئاگرینەکەوە گرت و بەرز بووەوە و خۆی پێوە هەڵواسی، ئەوا تووشی شۆک دەبێت کاتێک دەبینێت گڕەکە لە سەرەوە چاوەڕێیەتی، یاخود دەیسووتێنێت و دەکەوێتە خوارەوە.
دابینکردنی سیستەم بە یەدەگێکی جەماوەریی هاوسەنگ، بە دەزگایەکی کارگێڕی، کە بەردەوام لەگەڵ پێداویستییەکانی هاوڵاتییانیدا لە پەیوەندیدا بێت، یاساکانی نوێ بکاتەوە و ڕێزیان بگرێت، و یاری بە وەهمی دروستکردنی هاوسەنگییەکان نەکات بەبێ ئەوەی حسابی زیانەکانی بۆ سەر ڕەعیەتەکانی دەوڵەت بکات، هەروەها لە بەدواداگەڕان بۆ دادپەروەری ئەمین بێت بە هەموو ئەو ڕێگایانەی کە دەکرێت جێبەجێ بکرێت، سیستەمێکی وا هەست ناکات گەمارۆ دراوە بە ئاگر، جا ئەگەر ئەمە قەوما ئەوە کوژاندنەوەی ئەرکی هەموو تاکێک دەبێت کە هەستی بە وابەستەیی هەبێت.
بە پێچەوانەوە، ئەوەی ئاگرەکە نەیسووتێنێت، دووکەڵەکەی دەیخنکێنێت!

