رۆژنامەی ھەولێر

گەندەڵی؛ جۆر و ئاکامەکانی

عومەر چنگیانی
هەینیەکەی ڕابردوو زۆرێك لە دوانگەی مزگەوتەكانی كوردستان، سەدای ڕەخنەی پڕ لە دروستكردنیان لێ بڵند ببوەوە بەو گوتارەی بە باسی (غلول و اختلاس) ناپاكی لە ماڵی گشتی و گەندەڵی، لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی خستبوومانە بەردیدی نوێژکەرە بەڕێزەكانمان، كە هەر خودی گوتارەكە وەڵامە بۆ ئەوانەی وا دەزانن مامۆستایانی ئایینی بێئاگان لە ئازارەكانی هاووڵاتی، كە من گوتارەكەم كردە توێشووی بەشی یەكەمی زنجیرە 312ی گوتارەكانم و، ٢٦/٩/٢٠٢٥ مزگەوتی خەدیجە كوبرا، دام بە گوێی دڵی نوێژکەرە بەڕێزەكان و ئەو بەڕێزانەی دیكەیش كە ڕەنگبێ خۆیان بەشێك بن لە هەڵگرانی بەرپرسیاریی لە ئازارەكان و، لە بەشی دووەمیش دا تێشكم خستە سەر بابەتی دروستكردنی مزگەوتی گەورە و ڕازاوە لە كوردستان، كە بەداخەوە خەریكە دەبێتە دیاردە و، بێگومان حكوومەتی كوردستانیش بەشێك لەو بەرپرسیارێتییە دەكەوێتە سەرشانیان كە ڕیگەیان داوە بە هەندێك لەوانەی مزگەوت دروست دەكەن و، بۆیان بۆتە دەرفەت بۆ خۆدزینەوە لە هەڵسان بە ئەركی پیرۆزیان لە ئاست بێنەوا و بێدەرەتان و هەژاران و خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەكانی كوردستان، كە ئێستا بەتایبەتی كە وڵاتمان لە بەردەم ستەمی ئابووری عێراق دەناڵێنێ و مووچەی ڕەوای مووچەخۆرانیش كە مافە، ناماندریتێ.

گەندەڵی و جۆر و ئاکامەکانی:
لە ئایەتی 161ـی سوورەتی (ئالی عیمران)دا، خوای گەورە فەرموویەتی: (هەرگیز ڕیگا نەدراوە بە هیچ پەیامگەیێنێكی خوا، كە گەندەڵكاری و ناپاكی بكات لەبەرانبەر ماڵی گشتی و هەركەس شتی وا بكات لە ڕۆژی دواییدا، دەبێ ماڵە دزراوەكە ئامادە بكات و هەركەس بەپێی شایان تۆڵەی خۆی بێ ستەملێكردن و بێ ڕەچاوكردنی هیچ پێگەیەكیان دەرەنجامیان دەبیننەوە و هیچ كەس ستەمی لێ ناكرێت).
پێغەمبەری خۆشەویستمان، دروود و سەلامی خوای لەسەر، فەرموویەتی:
(هەركەسێكمان كردە بەرپرسیاری كارێك و یەك دەرزیی درومان، یان زیاتری لە ماڵی گشتی شاردەوە و دزی، ئەوە ناپاك و گەندەڵە و، دەبێ لەڕۆژی دواییدا بیهێنێتەوە.)
یەکێک لە گەورەترین ئەو شتانەی کە ئایین و شەرەف و ماڵی مسوڵمان دەپارێزێت، دوورکەوتنەوەیە لە ماڵی حەرام. گەورەترین حەرامیش خواردنی ماڵی خەڵکە بە ناحەق، یان خیانەتکردنە لە مڵکی گشتی دەوڵەت. شەریعەتی ئیسلام بە توندترین شێوە ئاگاداری کردینەوە چونکە یەکێکە لە گوناهە گەورەکان، هەروەها خیانەتە لە خوا و پێغەمبەرەکەی و مسوڵمانان، و تەنها بە تەوبەکردن چارەسەر ناکرێت.
واتای گەندڵی و مەترسییەکانی:
وەك دەزانین دەستەواژەی (غلول)، لە شەرعدا دەستەواژەیەكی سەربازیی جیهادییە و، گواستراوەتەوە بۆ نێو جیهان و دەستەواژە شارستانی (مەدەنی)یەكان و گەندەڵیی بۆ بەكار دێت كە بریتییە لە وەرگرتنی شتێک لە دەسکەوت یان ماڵ بە دزییەوە پێش دابەشکردنی بەسەر هەمواندا. ئەمڕۆ بە خیانەت یان گەندەڵی لە ماڵی گشتی و بەرتیل و ئەوەی کە حەڵاڵ نییە و بە ناهەق، دەریدەبڕین.
جۆرەکانی گەندەڵی:
گەندەڵی چەندین شێوەی هەیە کە هەموو جۆرە خیانەتێک لە ماڵی گشتی یان تایبەت دەگرێتەوە، ئەوەی کە مرۆڤ ئامانەتی پێ سپێردراوە، لەوانەش:
یەکەم/ گەندەڵی لە ماڵی گشتی: ئەمە مەترسیدارترینیانە، بە گەندەڵی لە پارەی دەوڵەت یان دامەزراوە گشتییەکان، یان دەستبەسەرداگرتنی مڵکەکانیان، یان وەرگرتنی بەرتیل، یان خۆفرۆشی لە دامەزراندن یان تەندەرەکاندا.
دووەم/ گەندەڵی لە کارکردن: ئامادە نەبوون لە کاردا بەبێ ڕەوا، یان کەمتەرخەمی لە ئەنجامدانی ئەرکدا لەگەڵ وەرگرتنی مووچەی تەواو، یان بەکارهێنانی سەرچاوەکانی کار (ئۆتۆمبێل، مۆبایل، ئینتەرنێت) بۆ بەرژەوەندی کەسی بەبێ مۆڵەت.
سێیەم/ گەندەڵی لە ئامانەتەکان: وەک خیانەتکردن لە ئامانەت، یان وەرگرتنی شتێک لە ماڵی میراتگران پێش دابەشکردن، یان فێڵکردن لە کڕین و فرۆشتندا.

ئاکامەکانی گەندەڵی لە دنیا و دواڕۆژدا:
گەندەڵی ئاکام و لێکەوتەی خراپی هەیە لە دنیا و دواڕۆژیشدا؛ لەوانە:
• لابردنی بەرەکەت؛ ماڵی حەرام بەرەکەتی تێدا نییە، بەڵکو هۆکاری بەدبەختی و زیانە.
• داڕمانی ناوبانگ و پلەی گەندەڵکار؛ خوا و خەڵکیش ڕقیان لە گەندەڵکارە، و متمانە و ئامانەت لەدەست دەدات.
• سزاکانی دنیا: وەک زیندانیکردن یان سزای دارایی یان دوورخستنەوەی لە کار، ئەمانە سزای خوایین لە دنیادا پێش دواڕۆژ.
• شەرمەزاری لە ڕۆژی دواییدا: گەندەڵکار لە ڕۆژی دواییدا بەو شتەوە دێت کە گەندەڵی تیادا کردووە و لە گەردنیەتی، خوای گەورە لەبەرچاوی هەموو دروستکراوەکان شەرمەزاری دەکات.
• نەفرەت و دوورخرانەوە لە ڕەحمەتی خوا؛ گەندەڵکار هۆکاری چوونە ناو ئاگرە.
دواوشە: لە كۆتاییدا داوای برایانەمە لە هەر زەنگینێكی خێرخواز، خۆتان لە پێشبڕكێی دروستكردنی مزگەوتی ڕازاوە و خۆتان گوتەنی (مۆدێرن)، بپارێزن و ڕیگاكانی خزمەتكردن بە مرۆڤە هەژارە بێدەرەتانەكان بگرنە بەر، كە لە دروستكردنی كراس بۆ كابە لە پێشترە و، بگەڕێنەوە بۆ شەریعەت كە هانمان دەدات، بۆ ئیمان و كردەوەی باش و مرۆڤپەروەری و دەیان دەقی قورئان و فەرموودەمان هەیە كە پێمان دەفەرمێت هەرگیز ئاوگێڕان و خزمەتكردنی حاجیانی ماڵی خوا و ئاوەدانكردنەوە و بیناسازی مزگەوتەكەی كابەیش هەرگیز وەك ئیمانی ئیماندار نابێت.