ئاری ئاغۆک*
هەر دەستپێشخەریەکی ژینگەیی لە لایەن هەر دەزگا و لایەن و ڕێکخراوێک بێت، جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیە، چونکە هەوڵ و پلانەکان لە چوارچێوەیەکی سەرەتاییەوە دەچێتە قۆناغی درێژخایەن، کاتێ پلانی کارێکی ژینگەیی بە زانستی و ئەکادیمی بنیات دەنرێت، بێگومان زیاتر و زووتر و ساناتر دەگاتە خاڵی مەبەست، بۆیە ئەوەی مەبەستە لەم ووتارە ژینگەییەدا دەمەوێ ڕۆشنایی بخەمە سەر دەزگایەکی ئەکتیڤ و پڕجموجۆڵی هەمە لایەنە، ئەویش (دەزگای ڕوانگە) یە کە ساڵانێکە لەچەندین بواردا، لە هەموو دەڤەر و ناوچەکان بەبێ جیاوازی خزمەت دەکات، یەکێک لەو سێکتەرانەی کە زۆر بەووردی و خەمخۆرانە کاری لەسەر دەکات (بابەتی ژینگە و پرسی ژینگەیە) لەم بوارەش دا تا ئێستا چەندین چالاکی و پڕۆژەی ژینگەییان ئەنجام داوە، یەکێک لەو پڕۆژانە بریتیە لە دەستپێشخەریەکی ژینگەیی کە چاندنی ٢٠.٠٠٠ هەزار دار زەیتونی ئیسپانی یە، لەلایەن دەزگای ڕوانگە بە هاوبەشی ئاژانسی (جی ئای زێد) ی ئەڵمانی ئەنجام دراوە.
دوای دووساڵ کارکردن و چاودێری کردن و ئاودانی نەمامەکان ، لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕێوڕەسمی کۆتایی پڕۆژەکە بەڕێوەچوو، بێگومان چاندنی هەر دارێکی بەرهەمدار گرنگی و تایبەتمەندی و سوودی خۆی هەیە، (دار زەیتون) یش لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و ئابووری یەوە سودێکی ئێجگار زۆری هەیە، (خاک) بەهێز دەکات و (هەوا) پاک و خاوێنتر دەکات، بۆیە سوودەکانی چاندنی دار زەیتوون فرە لایەنن و ئێجگار زۆرن، بەڵام ئەوەی گرنگە زێتر ڕۆشنایی بخەمە سەر ڕەهەندی ژینگەیی ئەم پرۆژە و دەستپێشخەریەی ڕوانگەیە، کە جگە لە بایەخ و سوودە ژینگەییەکە، وەک خۆیان ئاماژەیان پێ کردوە لەڕێگەی ئەم چالاکیە، کە لە (دڵۆپە – بەرزاییەکانی کەسنەزان) چێندراوە، ئەوا هەلی کاری بۆ ( ٢٠٠ ) ژینگەپارێز و( ٥ ) خانمی ئەندازیار ڕەخساندوە.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم پرۆژەیە رێژەی ئاوی بەکارهاتوو، ئێجگار کەمە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە نابێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاوێکی زۆر، هەموومان دەزانین لەم سەردەمە کێشەی ئاو کێشەیەکی جیهانیە، پارێزگاری کردنی ئەرکی هەموو لایەکە، بۆیە دەزگای ناوبراو لەم ڕوانگەیەوە هەوڵی داوە کەمترین ڕێژەی ئاو بەکاربێنێ، هەر وەک ئاماژەیان پێکردوە کە لەڕێگەی ٣،٤٥٠ مەتر تۆڕی ئاودانی قەترە و بەهاوکاری تەکنەلۆژیایی (گرۆسس وۆتەر بۆکس) و گلدانەوەی ئاو لەتانکی تایبەت، کە پڕۆژەکە لەڕێگەی ٣ مانگ کاری لەسەر کراوە، گرنگی ئەم پڕۆژە لەوەدایە کە نەمامەکان پێویستیان تەنها بە ٥ جار ئاودان هەبووە و بۆ هەرجارێک ٩ ڕۆژ دەخایەنێت کەئەمەش ڕێژەیەکی کاریگەرە بۆ پڕۆسەی گەشەی نەمامەکان و پاراستنی سامانی ئاو.
کەواتە ئەم پرۆژەیە جگە لە سەوزکردنی خاک و نیشتیمان و بایەخدان بە کەلتووری ژینگەپاڕێزی و دیمەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێش بۆ گەشتیاران و هاوڵاتیان، ئەوا سودی ئابووری و هەلی کار لەخۆ دەگرێ، بۆیە پێشنیار دەکەین ئەو دەسپێشخەریەی دەزگای ڕوانگە بەردەوام بێت و سەرجەم ئەو دەڤەرانە بگرێتەوە کە شوێن و خاکەکەی گونجاوە بۆ ئەم پرۆژە سەوزاییە، دووبارە وێرای دەستخۆشی دەبێت ئەوەش لەبیر نەکەین کە دار زەیتوون لە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێکراوە، جگە لەمەش وەک سیمبولی هێز و ئاشتی ناسراوەو بوونی درەختیش بەمانای سیمبولی بەردەوامی ژیان دێت.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.

