رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
تۆڵە لای تۆلستۆی
هەڵەین ئەگەر وا بیر بکەینەوە، سزادان ئەنجامی باشی دەبێت. هەڵەین ئەگەر بە هیوای ئەوە بین، بە وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە، دەتوانین ڕەوتاری خراپەکار چاک بکەین، نا، دڕتری دەکەین. وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەی خراپەکار نییە، بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەیە. کرداری: سزای دەدات، لە زمانی ڕووسیدا بە مانای: ئامۆژگاریی دەکات، دێت، ئامۆژگاریکردنیش بە وشەی جوان و نموونەی چاک دەبێت. ئەگەر وەڵامی خراپەکارمان بە خراپەکاری دایەوە، هیچی فێر ناکەین، خراپتری دەکەین.

ئەوەی ئاژەڵ دەیکات، هەر ئەوەیە کە منداڵ دەیکات، هەر ئەوەیە کە گەمژە دەیکات، هەر ئەوەیە کە کەسێکی گەورەی تووڕە دەیکات کە دەیەوێت ئازاری ئەو کەسە بدات کە ئازاری داوە. ئێستا ئەو ئازار لەبری ئازارە، لەلایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە (دادوەر) دەزانن، وەک مافێکی یاسایی ددانی پێدا نراوە. وەک چۆن ئاو ئاگر دەکوژێنێتەوە، هەموو کاردانەوەیەکی خراپیش، کارێکی چاک خاپوور دەکات. کاردانەوەی خراپ، لەگەڵ عەقڵدا ناکۆکە، کەچی یاسا کە بەرهەمی حیکمەتی مرۆڤایەتییە، بە دروستی دەزانێت. لایەنی هەرە مەترسیداری ئەو وەهمەی کە دەڵێت: سزا خراپەکاری لەنێو دەبات، ئەوەیە: لە ئینسان وایە کە سزا نەک هەر ڕیگەپێدراوە، بەڵکوو بەسوودیشە.

هەڕەشەکردن بە سزادان، ڕەنگە ئینسان بترسێنیت و بۆ ماوەیەک لە خراپەکاری دووری بخاتەوە، بەڵام نایخاتە سەر ڕێی ڕاست. سزا هەمیشە توند و بەئازارە، ئەگەرنا نەدەبوو. ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەی ئێستا لە زینداندا هەیە، ئەهوەنتر نییە لەوەی کە جاران ئینسان بە قامچی ئەشکەنجە دەدرا. پاساوی سەرلێشێواوان بۆ تۆڵەسەندنەوە ئەوەیە، کە خوای دلۆڤانیش سزای بەدکاران دەدات. بەشی گەورەی ئەو کوێرەوەرییەی تووشی مرۆڤایەتی هاتووە، زادەی ئەوەیە، سەرلێشێواوان سزادان بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن. زانست ئەوەندە بێبایەخ بووە، وەپاڵ شتگەلی هیچوپووچیش دەدرێت، وەک زانستی سزادان، بە مەرجێک دەبوو هەر منداڵ و گەوج بیریان لە سزادان کردباوە. ئەوەی قوڕەکەی خەستتر کردووەتەوە، دەسەڵات لەمێژە تۆڵەسەندنەوە و سزادانی بە یاسایی کردووە.

گەلێک ئەفسانەی فریودەر هەن، باس لەوە دەکەن گوایە لەڕێی هەندێک سرووتەوە، دەتوانیت خوا لە خۆت ڕازی بکەیت و گیانی خۆت دەرباز بکەیت، ئەوەیش هەر ئەفسانەیەکی فریودەرە، گوایە کەسێک دەتوانێت لەڕێی نواندنی زەبروزەنگەوە، ئەوانی دیکە ناچار بکات، ژیانێکی چاک بژین. خۆری ئەو ئەفسانانەی، باسی دەیان خوا و سەدان پەیامهێنیان دەکرد، لەمێژە ئاوا بووە، بەڵام نزیکەی هەمووان، بڕوایان بەو ئەفسانەیە هەیە، کە گوایە دەوڵەت دەتوانێت کاروباری میللەت ڕێک بخات و لەڕێی سزادانی خراپەکارانەوە، بەختەوەری بۆ هاونیشتمانان دابین بکات. دەوڵەت بەد سوودی لەم گەوجایەتییەی میللەت بینیوە و بە ناوی ڕێکخستنی کاروباریانەوە، سڵ لە هیچ خراپەکارییەک ناکاتەوە.

ئەوانەی بە شەرابی دەسەڵات مەستن، وای بۆ دەچن، دەتوانن لەڕێی سزادانەوە، ژیانی خەڵک چاک بکەن، بەڵام ڕاستییەکەی پێویستمان بەوەیە، ئەو ئەفسانەیە بە درۆ بخەینەوە کە دەڵێت: سزا دەتوانێت، ئینسانی چەوت، ڕاست بکاتەوە. گۆڕانکاری ڕوو نادات، تا گوڕانکاری لە ناخماندا ڕوو نەدات. کۆمەڵ لەڕێی سزای یاسایییەوە چاک نابیت، خراپتر دەبێت. (کامتان بێ گوناهە، با ئەوەتان یەکەم جار بەردی تێ بگرێت!) کە کەستان بێ گونا‌هـ نین، چۆن ئەوە بە خۆتان ڕەوا دەبینن، گوناهبار سزا بدەن؟ ئێوە بۆ ئەوەی ڕەوایی بە سزا بدەن، چەندان پاساو دەهێننەوە، بەڵام ڕاستییەکەی بۆیە سزا بە ڕەوا دەزانن، چونکە بە قازانجی خۆتان دەکەوێتەوە.

ئەوانەی دەڵێن: (سزا، خراپەکار دێنێتە سەر ڕێی ڕاست،) شوورەیەکی بڵند لە بەرد، بە دەوری زیندانییەکاندا هەڵدەچنن، شوورەیەکی بڵند لە درۆیش، بە دەوری خۆیاندا، بۆ ئەوەی حەقیقەتی خۆیان بشارنەوە. وەک چۆن بەربەست گوشاری ئاو کەم ناکاتەوە، بەهێزتری دەکات، سزایش خراپەکار خراپتر دەکات. کە بڕێک لە ڕێزگرتن لە بەها باڵاکان هەیە، لە ترسی داددگە و دادوەر و سەججان و جەللاد نییە، هی ئەوەیە، هێشتا ئەو خەڵکە کەم و زۆر یەکتریان خۆش دەوێت. کەس ناتوانێت ژیانی ئەوانی دیکە ڕاست بکاتەوە، تەنیا ئەوەی پێ دەکرێت، ژیانی خۆی ڕاست بکاتەوە. سزا زیانبەخشە، هەر لەبەر ئەوە نا، ژیانی سزادراو وێران دەکات، لە سۆنگەی ئەوەیشەوە، ژیانی ئەوکەسەیش تێک دەدات کە سزاکە جێبەجێ دەکات.

کە لەسەر کارێکی خراپ کەسێک سزا دەدەیت، وەک ئەوە وایە ئاگرەکە خۆشتر بکەیت. ئینسان کە ئیشێکی خراپ دەکات، خۆی سزای خۆی دەدات، بەوەی دەشڵەژێت و ویژدانی ئازاری دەدات. ئەوی دوای خراپەکارییەک هەست بە ئازاری ویژدان نەکات، سزا نەک هەر بە دەردی ناخوات، بەڵکوو خراپتری دەکات. سزای ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە ڕۆحی تاوانکاردا ڕوو دەدات، کە دوای تاوانەکەی، ئیدی چێژ لە خۆشییەکانی ژیان نابینێت. کەسێک کە خراپەیەکمان لەگەڵدا دەکات، نازانین چۆن وەڵامی کارە خراپەکەی بدەینەوە، ئێمەیش دەچین خراپەیەکی لەگەڵدا دەکەین، سزا: ئەوەیە.

منداڵ کە دەکەوێت و ئازاری پێ دەگات، پێلەقەیەک لە ئەرزەکە دەدات، هەرچەندە هیج سوودێکی نییە و لە ئازاری کەم ناکاتەوە. ئینسان وەک چۆن کە ئازارێکی پێ دەگات، لەجێی خۆی هەڵدەبەزیتەوە، کە کەسێکیش لێی دەدات، ئەویش دەستبەجێ دەست دەکاتەوە. تا ئێرە ئاسایییە، بەڵام نائاسایی و ناعەقڵانی ئەوەیە، کەسێک وەختی خۆی خراپەیەکی لەگەڵدا کردووین، بچین پلان دابنێین، تۆڵەی لێ بکەینەوە و بە کارێکی ڕەوایشی بزانین.