رۆژنامەی ھەولێر

لە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئەرشیفە نیشتمانییەکەی بەریتانیادا

بزووتنەوە نیشتمانییەکانی بارزان
حوزەیرانی ١٩٢٩ – حوزەیرانی ١٩٤٧
لە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئەرشیفە نیشتمانییەکەی بەریتانیادا
وەرگێڕان: شێرکۆ حەبیب
بەشی پێنجەم
ئەم بەڵگەنامانەم لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی و چاپیش کراوە؛ لێرەدا لە رێگای رۆژنامەی هەولێری ئازیز بە کوردی بڵاوی دەکەینەوە و دەیخەینە بەر دیدی خوێندەوارانی بەڕێز.

نووسین لەسەر دەڤەری بارزان و بارزانییەکان ئاسان نییە. بارزان لە دوای بزووتنەوەی نەمر شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە سەرچاوەی خەبات و قوربانیدان و، قوتابخانەی نیشتمانپەروەری و لانەی شێرە. پیاو و قارەمانەکانی نادادپەروەری و ستەمکارییان ڕەت کردەوە و لانکەی شۆڕشەکان و سەرکەوتنە بۆ ستەملێکراوان. تەحەدای هەموو ستەمکارانی کرد بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و بناغەکانی پێکەوەژیان و برایەتی دامەزرێنن.
ئەم بەڵگەنامانە گرنگیی بارزان و هەوڵی حکومەتەکان، نەک تەنها عێراقی، بەڵکو ئێرانی و تورکی و بەریتانیا بۆ کۆنترۆڵکردنی بارزان و سەرکردەکانی ئاشکرا دەکەن. بەڵام خۆڕاگری و هێزی بارزان و پیاوەکانی سەلماند دژ بە پیلانگێڕی و نیازە خراپەکانی ئەو حکوومەتانە.
ئەم بەڵگەنامانەی لەم کتێبەدا هاتووە، ئیرادەی سەرکردەکانی بارزان بۆ بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکەدا دەردەخەن. هەروەها دەرخەری ئازایەتی بارزانییەکان و رووبەڕوو بوونەوەی حکومەتەکانی چوار وڵات و چۆن مستەفا بارزانی نەمر و هەڤاڵاکانی بە شایستەیی و بە داستانێکی قارەمانانەی بێهاوتای گەیشتنە سنوورەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.
هەروەها بەڵگەنامەکان باس لە ڕۆڵی بارزانی نەمر دەکەن لە ڕاگەیاندنی یەکەمین کۆماری کوردی لە ساڵی ١٩٤٦ کە ناوی کۆماری کوردستانی لێ نرا و مەهاباد پایتەختی بوو.
بارزان قوتابخانەی خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری و لێبوردەیی و ڕێزگرتن و یەکسانی و هاوبەشی سەروەت و سامان و چاکسازی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگەیە. دەتوانین وانە و ئەخلاق لە خەبات و ئازایەتی بارزانییەکان لە مێژووی بارزانی وەربگرین.بەڕاستی قوتابخانەی خەبات و قوربانیدان و ئازایەتییە.هیوادارم توانیبێتمان بەشێکی بچووکی بارزانی بە خوێنەری بەڕێز بناسێنین.

باڵیۆزخانەی بەریتانیا بەغدا
٢٠ی ئادار ١٩٣٦
ژمارە: ١٤٦
273/2/36
جەنابی ئەنتۆنی ئیدن
گەورەم
1- ئاماژە بە نامەی ژمارە 651ی 16ی کانوونی یەکەم، شەرەفمەندم ئەو لێدوانە فەرمییەتان بۆ بگوازمەوە کە لە 16ی ئاداردا لە ڕۆژنامەدا بڵاوکرایەوە، کە تێیدا شکست و مەرگی خەلیل خۆشوی لەو پێکدادانەدا ڕاگەیاند کە لە 13ی ئادار ڕووی دا.
2- ئه م سەرکەوتنه له ئەنجامی ئۆپەڕاسیۆنه هاوئاهەنگه هاوبەشەکانی هێزه سنوورییەکانی تورکیا و عێراق بەدی هات، که له سەڕەتای ساڵی نوێوه فشارێکی توندیان بۆ سەڕ خەلیل و گرووپەکەی دروست کردووه .
3-بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەو چوار سەربازە تورکەی کە لە شەڕی ئەم دواییەیدا بریندار بوون، بۆ چارەسەرکردن بۆ نەخۆشخانەیەکی مووسڵ گواستراونەتەوە، لەوێ بە گەرمی پێشوازییان لێ کراوە و بە فەرمی لەلایەن متەسەڕیف و سەرۆکی شارەوانییەوە سەردان کراون.
4- بە نەهێشتنی گروپە مەترسیدارە رێگرەکان، هیوادارین حکومەت بتوانێت ڕێوشوێنی زۆر پێویست بۆ هێورکردنەوەی ناوچەی دابڕاوی بارزان بگرێتەبەر.
5- کۆپی ئەم نامەیە بۆ باڵیۆزی جەنابی شاهـ لە ئەستەنبوڵ و بۆ بەرپرسی کاروباری لە تاران بنێرن.

باڵیۆزخانەی بەریتانیا/بەغدا
١ی نیسانی ١٩٣٦
جەنابی بەڕێز سێر جۆن سیمۆن
گەورەم
١- ئاماژە بە نامەی بەڕێز فرانسیس هامفری ژمارە ٣١ی ٩ی کانوونی دووەم ١٩٣٦، شانازیی ئەوەم هەیە زانیاری زیاتر تایبەت بە خەلیل خۆشوی ئاگادارتان بکەمەوە کە لە بەرپرسی کاروباری جەنابی شاهـ لە مووسڵ دەستم کەوتووە.
٢- لە وەڵامی داواکاری حکومەتی عێراق بۆ هاوکاریی تورکیا، لە هەفتەی دووەمی مانگی ئادار هێزێکی تێکەڵاو لە ٣٠٠ پیادە و جەندرمەکانی تورکیا گەیشتنە سنووری نزیک برۆشک و دوای ماوەیەکی کەم هەموو ئەو سەرکردە کوردە گەردیانەیان دەستگیر کرد کە خەلیلیان داڵدە دابوو و، هێزەکانی خۆیان لەودیو سنوورەوە ناردەوە ناو عێراق.
٣- لە دیوی عێراقیشەوە هێزێکی گەڕۆک لە 500 پۆلیس لە ناوچەی بارزان و برادۆست جێگیر بوون. دەوترێت خەلیل کەمتر لە 100 شوێنکەوتووی هەبووە و پێدەچێت پۆلیسی مووسڵ بتوانێت بە سەرکەوتوویی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەمەرجێک حکومەت پاڵپشتی ئەو هێزە بکات سەرەڕای ئەو سەختییانەی لەسەر ڕووباری فورات ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

ژمارە ١٩٧
81/2/35
باڵیۆزخانەی بەریتانیا – بەغدا
١١ی نیسانی ١٩٣٦
جەنابی بەڕێز سێر جۆن سیمۆن
گەورەم‌!
٤- ئاماژە بە ڕاپۆرتی ژمارە ١٧٦ی ١ی نیسانم، شەرەفمەندم کە بە پێی ڕاپۆرتێکی بەرپرسی کاروباری جەنابی شاهـ لە مووسڵ، لە سەرەتای مانگی نیساندا ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزی پۆلیسی گەڕۆک و خەلیل خۆشوی لە قەزایەک لە باکووری ڕووباری روکۆجوک ڕوویدا. دەوترێت شەش یاخی بوو کوژراون و یەکێکیان گیراوە و بریندار بووە و پۆلیسێکیش کوژراوە. لە دیوی تورکیای سنورەکەشدا دەسەڵاتداران هاوکارن و کەسوکاری پێنج لە شوێنکەوتوانی خەلیلیان ڕادەستی پۆلیسی عێراق کردووە.
٥- رێگرەکان بەردەوام لە جووڵەدان و زۆرجار ژمارە و پێکهاتەی گروپە جیاوازەکانیان دەگۆڕن، بۆیە زۆر ئەستەمە باسێکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر بکەین. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە کۆی هێزەکانیان لە سەرووی ١٠٠ کەسەوەیە، لە کاتێکدا پێناچێت هێزی پۆلیس کە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی ئەنجام دەدەن لە ٤٠٠ کارمەند زیاتر بێت.
٦- ئەم ڕاپۆرتە بۆ باڵیۆزی جەنابی شاهـ لە ئەنقەرە و وەزیری جەنابی لە تاران دەنێرم.

ژمارە ٢٢٠
11/81/35
باڵیۆزخانەی بەریتانیا – بەغدا
٢٤ی نیسانی ١٩٣٦
جەنابی بەڕێز سێر جۆن سیمۆن
گەورەم!
١- ئاماژە بە ڕاپۆرتی ژمارە ١٩٧ی ١١ی نیسانم، شەرەفمەندم ئەوەتان پێبکەیەنم کە ئەو هێزانەی دژی خەلیل خۆشوی چالاکی دەکەن، ئێستا لە فەوجی ١ و ٣ی سنووری پێکهاتوون، جگە لە هێزێکی پۆلیسی گەڕۆک کە نزیکەی ٤٠٠ پۆلیس پێک هاتووە، فەرماندەییەکەش بە ئەفسەرێکی باڵای سوپا سپێردراوە.
٢- دوایین ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خەلیل خۆشەوی لە دەلامبار داغە، لە نزیک یەکتربڕینی سنوورەکانی تورکیا و عێراق و فارس.
٣- لە 10ی نیساندا شەڕ و پێکدادانێک ڕووی دا و تێیدا پۆلیسێک کوژرا و پۆلیسێکیش بریندار کەوت. دەگوترێ لە سەرەتای مانگی نیساندا یەکێک لە سەرکردەکانی خێڵی خۆشەوی خۆی و ٢٤ کەس لە شوێنکەوتووانی خۆیان تەسلیمی دەسەڵاتی ناوچەکە کردووە.
٤- ناردنی ئەم ڕاپۆرتە بۆ باڵیۆزی جەنابی لە ئەنقەرە و وەزیری جەنابی لە تاران.

دڵسۆزتان
ئارجیباڵد کلارک کێر
باڵیۆزخانەی بەریتانیا
بەغدا
١٦ی ئایاری ١٩٣٦
ژمارە ٢٧١
16/35
گەورەم
١- ئاماژە بە نامەکەی ژمارە ٢٢٠م لە رێکەوتی ٢٤ی نیسانی ١٩٣٦، شانازیی ئەوەم هەیە ئاگادارتان بکەمەوە کە خەلیل خۆشەوی و شوێنکەوتووانی لێخۆشبوونیان بۆ دەرچوو.
٢- وادیارە لێبوردنی بەتنیایی بۆ کردەوەی یاخیبوون بەو کەسانە دەدرێت کە چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، بەڵام نابێت هیچ قەرەبوویەکیان بۆ بکرێت لەبەرامبەر کردەوەی نایاسایی کە دژی خەڵکی ئاسایی یان مڵک و ماڵی گشتی ئەنجامیان دابێت.
٣- پێدەچێت خودی خەلیل خۆشەوی دوودڵ بێت لە قەبووڵکردنی ئەو مەرجانە، بەو پێیەی دەوترێت ئەو پەڕیوەتەوە بۆ دیوی سنووری تورکیا، چونکە جگە لەو دزییە زۆرانە، پێدەچێت چەندین تۆمەتی کوشتن لە دادگاکاندا بخرێنە پاڵ، بەڵام بەپێی زانیارییەکان بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئامادەیە دانوستان بکات.
٤- لە لایەکی ترەوە زۆرێک لە شوێنکەوتووانی کە جگە لە هەڵگرتنی چەک دژی دەوڵەت هیچ تاوانێکی تریان نەکردبوو، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو مەرجانە قبوڵ بکەن کە پێشکەشیان کراوە.

باڵیۆزخانەی بەریتانیا – بەغدا
٥ی ئەیلوولی ١٩٣٥
ژمارە ٤٧٥
81/24/35
جەنابی ساموێل
گەورەم!
١- ئاماژە بە نووسراوەکەی ژمارە ٤٤٠ی ١٥ی ئابم، شەرەفی ئەوەم هەیە ئاگادارتان بکەمەوە کە تەها پاشا سەرۆکی ئەرکانی گشتی تازە گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، لەسەردانی ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەی بارزان.
٢- لە ٣ی ئەیلوولدا پێی وتم کە ژمارەیەک لە شوێنکەوتوو و هاوکارانی خەلیل خۆشەوی گیراون و لە بەردەم دادگای سەربازیدا دادگایی کراون و چواریان لەسێدارە دراون.
٣- تەها پاشا هێزی ئێستای تاقمی خۆشەوی لە بیست کەس زیاتر ناخەمڵێنێت. ئەوان پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، کە ئێستا هێزەکانی تورکیا هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدەن. ئەو پێی وایە فەرماندەیی تورکیا تاکتیکی خراپ بەکار دەهێنێت. ئەو یەکانەی کە لە حەشارگەکانیدا بە دوای خەلیلدا دەگەڕان، زۆر گەورە بوون و ئەوەندە جووڵاو نەبوون کە بتوانن ڕێگری لە هەڵهاتنی بکەن.
٤- تەها پاشا نەیتوانی هیچ بۆچوونێک دەرببڕێت لەسەر ئەوەی کە ئایا پێش زستان ئۆپەراسیۆنەکان بە سەرکەوتوویی تەواو دەبن یان نا.
٥- ناردنی ئەم ڕاپۆرتە بۆ باڵیۆزی جەنابی لە ئەستەنبوڵ و وەزیری جەنابی لە تاران.