رۆژنامەی ھەولێر

داستانی ڕیفراندۆم، تەنیا بیرەوەرییەک نییە

فەزیــلە شـــۆڕش
بۆ بڕیاردان لەسەر بابەتە چارەنووسسازەکان کە پەیوەستن بە نەتەوە و نیشتمان، گەڕانەوە بۆ ڕاپرسیی گەل دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی دیموکراسییەت و سەرکەوتنی ڕاپرسییەکە.
لە کۆبوونەوەی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧دا، لەسەر داوا و سەرپەرشتیی سەرۆکی هێژا مەسعود بارزانی، بڕیار درا لە هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت. ئەم بڕیارە وەرچەرخانێکی نوێ بوو بۆ کوردستانییان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە. هەر بۆیەش کوردستانییان بە جۆش و خرۆشێکی زۆر پشتیوانییان لەم بڕیارە کرد و هەستیان بە ئایندەیەکی گەشتر کرد. دڵخۆش بوون بە نزیکبوونەوەیان لە هاتنەدیی خەونی کوردستانێکی سەربەخۆ و، ڕزگاربوونیان لە داگیرکەر و دەستی دەرەکی و، تیمارکردنی بەشێک لە زامەکانی لەتلەتبوونی کوردستان کە لە شەڕی چاڵدێران و پەیمانی زەهاوەوە تا ئێستا لە دەرئەنجامەکانیان دەناڵێن، کە پڕە لە ڕۆژانی ڕەشی پڕ لە ئازار و جینۆساید و کیمیابارانکردن، بە تایبەتی ئازارەکانی کوردانی باشووری کوردستان کە لەلایەن ڕژێمەکانی عێراقەوە بە دڕندەترین شێوە ئازاریان چەشتووە.
بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان گوزارشتکردن بوو بە ئیرادەی گەل و هەنگاوێکی پێویست بوو بۆ پیادەکردنی مافێکی ڕەوای کوردستانییان.
لە ٢٥-٩-٢٠١٧ کوردستانییان توانییان بە ڕێگەیەکی دیموکراسی و ئاشتییانە دەنگی خۆیان بە هەموو جیهان بگەیەنن و بڵێن: “بەڵێ بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ.”
کاتێک لە ٩٢.٧٣%ی گەل بڕیاری خۆیان بە “بەڵێ” دا بۆ سەربەخۆیی کوردستان، پلان و خەونی ناحەزانیان لە ژێر گل نا بۆ هەتاهەتایە.
بۆیە یادکردنەوەی ڕیفراندۆم، تەنیا یادکردنەوەی بیرەوەرییەک نییە، بەڵکو یادی بەرزترین داستانی پرسی نەتەوەیی و ئارامیی ڕۆح و کۆکردنەوەی خوێنە ڕژاوەکانی شەهیدە نەمرەکانمانە. لە ڕۆژی ڕیفراندۆمەوە وێستگەیەکی تری خەباتی مەدەنی و ئاشتی و دیموکراسی دەستی پێ کرد بۆ ڕەتکردنەوەی پاشکۆیی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی.
ئەم بڕیارە بڕیارێکی بوێرانە و دەنگی گەلێک و شۆڕشێک بوو لە پێناو سەربەخۆیی.
ئەگەر لە ئێستادا کاریش بە داستانی ڕیفراندۆم نەکرێت، بەڵام دەستکەوتێکە بۆ ڕۆژگاری کوردستان. بۆیە گرنگە ئەوانەی کە لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوون و یان دەڵێن ڕیفراندۆم سڕکراوە، دەبێ کورت بین نەبن. پێویستە هەموو جیاوازییەکان بخەینە لاوە و دووربین بین و دەست لەناو دەستی یەکتر بکەین لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمان. هیچ شتێکی تر، هیچ هێزێک، بە هیچ شێوەیەک، ناتوانێ خواست و ئیرادەی کورد تێک بشکێنێت، بە مەبەستی تواندنەوە و سڕینەوەی خواستی میللەتی کورد، چونکە کوردستانییان پارێزراون لە ژێر چەتری ژیری و دید و بڕیارە حەکیمانەکەی سەرۆک بارزانی.