شێرکۆ حەبیب
ساتێک پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ بە ڕابەرایەتی باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر دامەزرا، هەر لەوکاتەوە هاووڵاتیان بەلێشاو و ئارەزوومەندانە پەیوەندیان بەو حزبەوە کرد، تەنانەت ئەو حزب و ڕێکخراوە کوردیانەی بوونیان هەبوو خۆیان هەڵوەشاندوە بوون بە ئەندام لەو حزبە ئەمەش لە باوەڕی بە دامەزرێنەرەکەی و ئامانجەکانی، پارتی لەو مێژووە تا ئەمڕۆ بەزۆری کەسی نەکردووە بە ئەندام، بەڵکو ئەندامانی کە ئەمڕۆ لە ملێونێکی زیاتر تێپەڕاندووە بەئارەزوومەندانە بوون بە ئەندام .
هەر لەو مێژووە پارتی هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ دابینکردن و بەرگری لە مافەکانی میللەت بێ جیاوازی ئاین و نەتەوە و مەزهەب و خۆی بە خزمەتکاری میللەت داناوە هەروەک جەنابی بارزانی نەمر دەفەرمووێ(شانازیە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتەکەی بێت) جەنابی سەرۆک بارزانییش هەردەم خزمەتکردنی هاووڵاتیان و تەبایی و پێکەوە ژیان کاری لە پێشینەیان بووە و بەرێز مەسرور بارزانیش دەڵێ ئێمە (ئاغا و کوێخا نین، خزمەتکاری میللەتین).
هەر مرۆڤێک ئازادە ئینتمای سیاسی بۆ چ لایەنەکە و چ حزبێک دەبێت، و ئازادە دژایەتی هەر حزبێکی دیکە بکات، بەڵام لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی، ئەوەی جێگای سەیر و سەمەرەیە کەسانێک کە خۆیان بە سیاسەتمەدار دەزانن، بێ یەک و دوو هێرش دەکەنە سەر پارتی و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی و ڕەخنەی ئەوەشیان هەیە کەوا ئازادی ڕادەربڕین نییە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، ئەرێ گەلۆ ئەو هەموو وتە نەشیاو و نادروست و بێ بنەمایە دەڵێن دژی پارتی، دەبێ ئازادی ڕادەربڕین لای ئەوان چی بێت؟
من دژی پارتیم، بەڵام بۆ دژی خاک و نیشتمانم بم، دژی پارتیم بۆ ببمە کەوا سووری بەر لەشکر، دژی پارتیم بۆ دژی ئارامی و سەقامگیری بم، دژی پارتیم بۆ دژی ئاوەدانی بم، دژی پارتیم بۆ دژی پرۆژەی ڕووناکی بم، دژی پارتیم بۆ دژی خزمەتگوزاری بم، دژی پارتیم بۆ دژی تەبایی و پێکەوە ژیانم بم، دژی پارتیم بۆ دژی خەباتی زیاتر نیوەی میللەتی کوردستان بم، دژی پارتی بم بۆ دژی هەزران شەهید و قوربانی بم، دژی پارتیم بۆ دژی ئارامی و ئاسایشی بەرقەرار بم.
ئەوەی جێگای پێکەنینە، ساویلکەیی کەسانێکی بەناو سیاسەتمەدار لە دیمانەی تەلەفزیۆنی دەڵێ پارتی زۆرینەی دەنگ ناهێنێت ئەگەر هەڕەشە لە کادیرانی نەکات، سەیرە ئەو بەرێزە چ سیاسەتمەدارێکە، هەموو کادیرانی هەر حزبێک دەبێ پابەندی ڕێنمایەکانی حزبەکەی بێت و دەنگ بدەن بە کاندیدانی ئەو حزبە، ئەوا بەم شێوەیش دەتانەوێت دەسەڵات وەربگرن؟ بۆ ئاگاداری بۆ ئەو بەرپرسە تاوەکو ئێستا پارتی هەڕەشەی لە هیچ کادیرێکی نەکردووە ئەگەر ئەو کارە نەکەی سزات دەدەم، ئاساییە سزا دان دەبێ هەبێ، کادیرانی پارتی قوتابی بە ئەمەکی ڕێبازی پیرۆزی بارزانین و گوێرایەڵی ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک و سەرکردایەتی پارتین.
ئێوەش هەر دژایەتی پارتی بکەن حاڵتان لەوە باشتر نابێ….

