هاودەنگ فارووق
ئەمڕۆ هەشتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی، ڕیفراندۆم خاڵی وەرچەرخان و جومگەی زۆر گرنگی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردە، ئێمە هێشتا پێویستیمان بە بەدواداچوونی ڕەهەندەکانی ڕیفراندۆم هەیە، بۆ ئەم نەوەیەو نەوەکانی داهاتووش.
توێژینەوە لەسەر ماناکانی ڕیفراندۆم، کاری ئێمەیە و نابێ بە ئایندەی بسپێرین.ڕیفراندۆم پرۆسەیێکی سیاسی نەتەوەییە و تا ئێستا درێژ دەبێتەوەو هەموو قۆناغەکانی تەواو نەبوون. ئاخر هێشتا ئەو هۆکارانەی هانی کوردیان داوە ڕیفراندۆمێک بۆ ئازادی خۆی بکات، ئامادەییان هەیە، بچووکترین هۆکار نەسڕدراوەتەوە، پێشێلکارییەکانی مافی كورد و دەستوور هەر بەردەوامن، بگرە دوای ڕیفراندۆم پێشێلکاری زێتری بەدواداهات، وەکو بەکارهێنانی هێزی چەکداری لە یەکلاییکردنەوەی ململانێی سیاسی ناوخۆییدا، کە لە بنەڕەتدا هۆکاری ڕاپرسییەكە، پێشێلکاریی دەستوور بوو، کەچی لەبری کۆتاییهێنان بە ستەم و نادادی، جوڵاندنی سوپا و حەشد بوو لە دژی کوردستان.
ئێمە كەمتەرخەم بووین بەرانبەر ڕیفراندۆم، لێکەوتەکان و ئەکتەرەکانی، هیچکام لەو پێکهاتانەمان وەک پێویست دۆکیۆمێنت نەکردووە.
لە وەختێكدا زۆرینەی ڕەهای ئەکتەرەکان و شایەتحاڵ و بەشداربووەکانی ئەو کردە مێژووییە لە ژیاندا ماون، بۆچی لە زاری خۆیانەوە کە سەرچاوەی یەکەمی ڕووداوەکەن، هەموو لایەنەکانی ڕوون نەکەینەوە.
ئەگەر لە دیدێکی مێژوویی-زانستییەوە سەیری ئەو ڕووداوە مەزنە بکەین، دەکرێت بە وردەکارییەکانی ڕیفراندۆم زۆرتر تۆمار بکرێت و بە ئەمانەتەوە بنووسرێتەوە، لە سەرچاوەی یەکەمەوە سەرجەم تەمومژەکانی سەری لابدەین، نەک بیخەینە کاتێک کە ئەکتەر و شایەتحاڵەکان لە ژیاندا نەمێنن، ئیدی هەرکەس بە مەزەندەی خۆی قسەی تێدا بکات.
لە ڕووی یاساییشەوە، ڕیفراندۆم سڕکراوە، بێگومان هەڵپەساردنی هەر جەستەیێکی مادی و هەر کردەیێکی سیاسیش، کاتییە و وەئاگا هاتنەوەی لەسەر کات بەندە، بۆیە ئەوەش بابەتێکی دیکەیە بۆ توێژینەوە و گەنگەشەی یاسایی و سیاسی و جەماوەری.
ڕاستییەکەی زۆرترین قسە و گفتوگۆ و ناکۆکی لەسەر لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی کەرکووک و شانزەی ئۆکتۆبەر هەیە، کە پێویستە بەبێ سڵەمینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو ڕوون بکرێنەوە، لە کاتێکدا زۆرینەی وردەکارییەکان، تۆمارکراون.
ئەمانە و دە یان ئەنگڵ و گۆشەی دیکە هەن کە وا دەخوازن دەستەیێکی ئەکادیمی بێنە پێشەوە، توێژینەوەی تەواو لەسەر ڕیفراندۆم بکەن، بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە ڕاستە مێژووییەی گەلی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی نەبێتە تەلیسمێک و دواجار وردەکارییەکانی لە نەوەکانی داهاتوو بزربکرێن، بە هاندەری سیاسی و ماڵی مێژووەکە بشێوێندرێت.
ڕیفراندۆم بارتەقای سەد ساڵ خەباتی نەتەوەیێکی بێ دەوڵەت، دەنگدانەوەی ناوخۆیی و جیهانی هەبووە، بە ئەندازەی سەد ساڵ داگیرکەرانی کوردستانی شۆک کردووە، بۆیە پێویستە شایستە بە مەقامی ئەو بژاردە دیموکراسی و سیاسییە، مانای نوێ و بەرگی نوێی پێ ببەخشین. ئەویش لە ڕێی لێکۆڵینەوەی ورد و، چارەدۆزی یاساییەوە بۆ بابەتی لێکەوتە و چاوەڕوانییەکان.

