رۆژنامەی ھەولێر

ساڵیادی رۆژێکی مێژووی و پر لە شانازی

یووسف ئەحمەد شێروانی
خەڵکی كوردستان بەدرێژایى مێژوو بەشۆرشی چەكداری و خەباتی سیاسی داوای مافی خۆیان لە رژێمە یەک لە دووای یەکەکان كردووە، کەچی ئەوان بە ئەنفال و کیمیاباران و ئەشکەنجە و زیندان و بە دڕندانەترین شێوە وەڵامیان دایەوە ، بەڵام مەرجەعی نەتەوەيیمان بەرێز سەرۆك مسعوود بارزانی بە هەنگاوە مێژووییەكەی هەوڵی بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی لەسەردەمی نوێ دا، چونكە لە رۆژگاری ئەمرۆدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشترین رێگەچارەی یاساییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بنیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووكان لەچەندین بڕیاری جیاوازدا جەخت لەوە دەكاتەوە كەمیللەتان ئازادن لەوەی كە سەربەخۆیی بەدەست بهینن بەمەرجێك خۆیان داوای سەربەخۆیی لەرێگەی راپرسیەوە بكەن.
لە ٢٠١٧/٩/٢٥ بە ڕێبەرایەتیی سەرۆکی نەتەوەی کورد بەرێز مسعود بارزانی و بە پاڵپشتی جەماوەری کوردستان بە یەکەوە ئەم پڕۆسە گرنگەیان بە دەنگی نزیکەی 93% گەلی کورد و کوردستانیان سەرخست سەرەڕای ھەبوونی ڕێگری و بەربەستی زۆر ، هاونیشتمانیانی كوردستان بەدەنگی بەڵی وەڵامێکی کەمەر شکێنی گشت ناحەزان و جیهانیان دایەوە و داوای سەربەخۆییان كرد و بووە رۆژێكی هندە گەورەو پیرۆز کە ئێمە و نەوەكانی ئەم گەلە شانازی پێوە بكەین چونكە كوردستانیان بەرێگەیەكی یاسایی وەڵامی وڵاتە زلهێزکان و هەرێمییان دایەوە و سەلماندیان یەكریز و یەك دەنگن و گوتیان: ئێمە میللەتێكی ماف خۆراوین و وڵاتمان داگیر و دابەش کراوە و سالانێكە لە سەربەخۆیی بێبەشكراوین و نامان ئەوێت بەشێكبن لەكێشەكانی دەولەتی شكستخواردووی عیراق و، بەدەنگدانمان بە بەڵێ لە راپرسی بەپێی ئەو یاسایەی کە نەتەوە یەكگرتووەكان دیاری كردووە پێتان دەڵێن سەربەخۆیمان دەوێت . بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامدا بە پیلانگێڕیەکی نێوخۆیی و دەرەکی بە گەمارۆدان و ھێرشی سەربازی بۆ ھەرێمی کوردستان پرۆسەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانیان دواخست بە هۆی پاوانخۆازی وڵاتە زلهێزەکان و بەرژەوەندی هاوتەریبیان لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرانی کوردستان و ئەم مافەیان بۆ گەلی کورد بە ڕەوا نەبینیی !! بەتوندی دژایەتی ئەم پڕۆسەیە دیموکراسییەیان کرد.
ریفراندۆمی(۲٥ ی ئەیلوول ) هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری گەلی كوردستانی هێنایە ترۆپك و بۆ یەكەمجار تاكی كورد بەرامبەر بە داگیركەران سنگی دەرپەڕاندو وتی ئێمەش هەین و ژێردەستی قبووڵ ناكەین و هەرگیز بۆ داگیركەران خۆ ناچەمێنین و بووە پەیام و ھاواری ناخی ھەر کوردێکی غەدرلێکراوە کە تا ئێستاش ھەر بەردەوامە بۆ مروڤایەتی بە گشتی،ریفراندۆم سەرکەوت بە دەنگی زۆربەی هەرە زۆری کورستانیان و بووە تاپۆی سەربەخۆیی کوردستان لە لای هەر کورد و کوردستانییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و ڕوژێکیش هەر دێت دەنگ و ئیرادەی گەلی کوردستان ئامانجی پیرۆزی خۆی بپێکێت و بگاتە دوا وێستگەی سەرفرازی و ڕزگاربونی هەمیشەیی لە دۆژمنانی دۆزی ڕەوای نەتەوەیمان و بە ھیوای ئەو رۆژە گەورەیە .