د. کەیفی زیرەك کەمال *
ئەڵقەی حەڤدەم
لە کۆمەڵگای مۆدێرندا ڕیکلامکردن وەک هێزێکی کاریگەر، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ئاراستەکردنی بیروڕای گشتی، بۆیە زۆر گرنگە بتوانین ئەم هێزە کاریگەرە بە شێوەیەك ئاراستە بکەین زۆرترین کاریگەری ئەرێنی و کەمترین کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر کۆمەڵگەدا. جێگەی داخە زۆرجار ئەم هێزە بە شێوەیەکی ناتەندروست و دوور لە بنەما تەندروستی و پرەنسیپە ئەخلاقییەکان بەکاردەهێنرێت، بەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگا.
ئەمانەی خوارەوە دوو نموونەن لە ڕێکلامکردن کە جێگە هەڵوەستە لەسەرکردنن و پێویستی مەترسیەکانی بە هەند وەربگیرێن:
١. یەکێک لە دیارترین پێشێلکارییەکان لە بواری ڕیکلامدا، بەکارهێنانی منداڵانە بۆ بەبازاڕکردنی ئەو بەرهەمانەی کە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت، وەک ڕێکلامکردن بۆ کێک و پسکیت و جپس. ئەم جۆرە ڕیکلامانە کاریگەرییەکی دەروونیی قووڵ لەسەر منداڵان جێدەهێڵن و وایان لێدەکەن کە وا هەست بکەن خواردنی ناتەندروستەکان وەک سەرچاوەی دڵخۆشی و چێژ ببینن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پسپۆڕانی تەندروستی بەردەوام هۆشداری دەدەن چوونکە بە پێی ئامارەکان ڕێژەی قەڵەوی لەنێو منداڵاندا لە زیادبوونێکی مەترسیداردایە، کە ڕیکلامە بازرگانییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
٢. نموونەیەکی دیکە کە جێگەی نیگەرانیە، ڕیکلامکردنە بۆ شیری قتووی منداڵان کە دایکان هان دەدات واز لە شیری سرووشتی خۆیان بهێنن. لەوەش خراپتر بەکارهێنانی ناوی پزیشك و لابکۆتی سپی لە کاتی ڕێکلامکردن بۆ ئەم بەرهەمانە، کە ئەمەش تاکتیکێکە بۆ بەخشینی شەرعیەتێکی زانستی ناڕاست بە شیری قتوو. هەروەك لای هەمووانیش ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و گشت پسپۆڕانی بواری خۆراکی منداڵان جەخت لەوە دەکەنەوە کە شیری دایک باشترین خۆراکە بۆ منداڵی ساوا و هیچ بەرهەمێکی دروستکراو ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە. لە بەشێك لە وڵاتانی جیهاندا ڕیکلامکردن بۆ شیری منداڵانی خوار تەمەنی یەک ساڵ بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، وڵاتی ئوستڕالیا بە نمونە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەم بوارە تا ڕادەیەکی زۆر فەرامۆش کراوە.
ئەمە جگە لەوەی هەردوو نمونەکەی لە سەرەوە باسکران مادەی ٣ی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٩، تایبەت بە ڕێکخستنی ڕێکلامی بازرگانی پێشێل کردووە، کە لە خوارەوە بە وردتر لە بارەی دەدوێن.
ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان
لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٩، تایبەت بە ڕێکخستنی ڕیکلامی بازرگانی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لایەنی سەرەکییە بۆ چاودێریکردن و ڕێکخستنی ئەم بوارە. ئەم یاسایە چەند مەرجێکی گشتی بۆ ڕیکلام داناوە، وەک ڕاستگۆیی و ڕوونی لە پەیامدا، هەروەها ڕێگەپێنەدان بەو ڕێکلامانەی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی ڕێنمایی ورد و تایبەتمەند بۆ ڕیکلامی خۆراکی منداڵان و شیری ساوا، بۆشاییەکی یاسایی دروست کردووە کە کۆمپانیاکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدەهێنن.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەرکی سەرشانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، وەک وەزارەتی تەندروستی و بازرگانی، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لەو بوارەدا کاردەکەن، بریتییە لە دەرکردنی یاسایەکی گشتگیر بۆ ڕێکخستنی بواری ڕیکلامکردن. ئەم یاسایە دەبێت بە شێوەیەکی ڕوون و ورد، مەرجەکانی بڵاوکردنەوەی ڕیکلام لە هەموو کەناڵ و سەکۆکاندا دیاری بکات و سزای توند بۆ سەرپێچیکاران دابنێت.
پێویستە لە کاتی نوێکردنەوەی یاساکە ئەم خاڵانەی خوارەوە بە هەند وەربگیرێن:
١. قەدەغەکردنی ڕێکلامکردن بۆ خواردن و خواردنەوە ناتەندروستەکان.
٢. ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ڕیکلامێک کە هانی بەکارهێنانی شیری قوتوو بدات لەبری شیری دایک.
٣. دانانی میکانیزمێکی کاریگەر بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوە لەو کەناڵ و کۆمپانیایانەی کە سەرپێچی دەکەن.
٤. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕیکلامی چەواشەکارانەوە.
لە کۆتاییدا، کاتی ئەوە هاتووە کە سنوورێک بۆ ئەو فەوزایە دابنرێت کە لە بواری ڕیکلامی بازرگانیدا بوونی هەیە و یاسایەک دەربکرێت کە تەندروستی و بەرژەوەندی گشتی بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی بازرگانییەوە.
* پزیشکی گشتی

