رۆژنامەی ھەولێر

پێغەمبەر – دروود و سەلامی خوای لەسەر و مافەکانی لەسەر مسوڵمانان

عومەر چنگیانی
وەك ئەركە پیرۆزەكەی خۆمان لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی و، وەك هەمیشە پێشەنگی مامۆستایانی ئایینی بۆ بیرهینانەوەی بابەتە گرنگە ئایینییەكان، بۆ هەفتەی چوارەم تا بەرەوكۆتایی مانگی ڕەبیعی یەكەمی كۆچیی جومعەی ڕابردوو كە كردیە 27ی مانگەكە بەرانبەر بە 19ی ئەیلولی 2025 بابەتی سەردێڕ توێشووی سەردوانگەی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان بوو كە لێرەدا پوختەیەكی دەخەمە بەردیدی خوێنەرە بەڕیزەكانی گۆشەكەم، كە سەرەتا بەبیرهێنانەوەی دوو ئایەتەی هەشت و نۆی سورەتی(ئەلفەتح) دەستمان پێكرد كە لەلایەك پەیام و نیگایە و، ڕوو لەخودی پێغەمبەردەكا – دروود و سەلامی خوای لەسەر و لەلایەكیش ڕێنماییە بۆبڕواداران و، دەفەرمێت: (بەڕاستی ئێمە تۆمان ناردووە وەك گەواه و مزگێنی دەرو، ترسێنەر لەدەرەنجامی بەدكاری و بەدبیرییان) پاشان ڕوو لە بڕواداران دەكا و، دەفەرمێت: (ناردنی ئەو پەیامگەیێنە بێ هوودە و لەخۆڕا نییە!
بەڵكو بڕوای پتەو بێنن بە اللە و بە پەیامگەیێنەكەی و هەم كۆمەكیكارو ڕێز گربن لەپەیامگەیینەكە و، هەمیش لەخوا و، هەردەم تەسبیحاتی خوا بكەن لەبەیانیان و ئێواران دا).
گومان لەوەدا نییە كە هەموو بینایەک بنچینە و بناغەیەکی تۆکمەی هەیە کە لەسەری وەستاوە، بناغەی ئایینی ئیسلامیش لەسەر دوو بنەما وەستاوە، باوەڕهێنان بە یەکتاپەرستی خوای گەورە و، باوەڕهێنان بە پەیامبەریەتی محەمەد – دروود و سەلامی خوای لەسەر، کە لە “لا اله الا الله محمد رسول الله” دا بەرجەستە دەبێت.
بەڕاستی قسەکردن لەسەر پێغەمبەر و خۆشەویستمان محەمەد دروود و سەلامی خوای لەسەر، دڵ و دەرونی ئیماندارانی پێی ئاسوودە دەبێت و، گیانی چاکەکاران تامەزرۆی دەبن و، مسوڵمانانیش هان دەدات بۆ تەقوا و کاری ساڵح و بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای ڕاست.

چۆن مسوڵمانان وانابن!؟
لە کاتێکدا پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، سەروەری نەوەی ئادەم و خاتەمی پێغەمبەرانە و، لە خودی باوەڕداران خۆیان بەپەرۆشترە بۆیان.
ئێمە هێشتا لە مانگی ڕەبیعی یەکەمداین، گوتارەكە 27ـی مانگ بووە شایستەیە کە باوەڕمان بەهێز بکەین بە زیاتر ناسینی ژیاننامەی دروود و سەلامی خوای لەسەر و، سوننەت و پەیامەکەی.
یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزکردنی باوەڕ بە پێغەمبەری خوا دروود و سەلامی خوای لەسەر، ناسینی مافەکانی و، جێبەجێکردنیانە وەک خوای گەورە فەرمانی پێکردووین بەپێی توانا.
لایەك لە مافەکانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر :
قورئانی پڕ لەبەخشش و فەرموودەکانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، ئاماژەیان کردووە بە مافەکانی خودی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر؛ لەوانەش:
1. باوەڕهێنان پێی و بەڕاستزانینی، بەوەی کە ئەو خاتەمی پێغەمبەرانە.
2. ڕێزگرتن و بەگەورەدانان و خۆشویستنی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر.
3. شوێنکەوتن و گوێڕایەڵی و زیندووکردنەوەی سوننەتەکانی.
4. کردنی بە نموونە و سەرمەشق و سەرداری ژیان.
5. دانانی رێز و شکۆ و بەرزڕاگرتن و بەرگری لێی و سەرخستنی و ئامۆژگاریکردن لەپێناویدا و گەیاندنی پەیامەکەی.
6. زۆر سەڵاواتلێدان و خۆشویستنی ئالوبەیت و هاوەڵەکانی.
1. تەنانەت گەورەمان ئەبوبەکر ڕەزای خوای لێ بێ، دەفەرمێت: (ارقبوا محمدا فی اهل بیته)، واتە: پارێزگاری بکەن لە ئالوبەیتی ئەو نازدارە، واتە جنێویان پێ نەدەن و ئازاریان مەدەن و، ئەهلوبەیتیش واتە هەموو کوڕ و کچ و خێزانەکانی و نەوەکانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، بەبێ جیاوازی، خوای گەورە لە هەموویان ڕازی بێت.
7. خوێندنەوە و شارەزایی لە ژیاننامەکەی دروود و سەلامی خوای لەسەر.
کاریگەرییەکانی پابەندی بە مافەکانی پێغەمبەرمان دروود و سەلامی خوای لەسەر:
1. هۆکارێکە بۆ سەرکەوتن لە دنیا و دواڕۆژدا.
2. بەدەستهێنانی بەختەوەری و ئاسوودەیی و خۆشەویستی خوای گەورە و پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر و، سەرکەوتن لە دنیا و دواڕۆژدا.
3. چوونەبەهەشت و هاوڕێیەتیی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر لە بەهەشتدا.