رۆژنامەی ھەولێر

هەندێ شیعری بڵاونەکراوەی گۆران

حەمەسەعید حەسەن
گەلێ جار
لە خەوما، هۆنراوەم، داناوە
بەیانی، کە ڕابووم
هیچیم بیر، نەماوە
*
دوێنی شەو، لە خەوما، (گۆران)ی، مامۆستام
کۆمەڵێ، هەڵبەستی، تازەی خۆی، پیشان دام
شیعرەکان
وەک تیشکی، عیشقی خوا
ڕژانە، خوێنمەوە
لێرەدا، نموونەی، ئەو شیعرە، جوانانە
وەبیر خۆم، دێنمەوە

(١)
وەکوو هەویر
چۆن بێ ئاگر، نابێ بە نان
پیاویش بەبێ
ئامێزی گەرموگوڕی ژن
مەحاڵە ببێ بە ئینسان

(٢)
چونکە من، تۆم
لەنێو دڵما هەڵگرتووە
هەر چی بکەی
پێم وایە خۆم وام کردووە
ترسم لە داهاتوو نییە
ئاخر تۆ داهاتووی منی
خەو بە دنیای
گەش و ڕوونەوە نابینم
لای من تۆ دونیای ڕۆشنی
(٣)
خۆشەویستی کارێ دەکا
هیچ دەربەستی
زەبری گڕە و زوقم نەبین
بەسەر گۆلی (وان)دا بڕۆین
نوقم نەبین

(٤)
ئەی ئەو شۆخەی
دەڵێی گوڵەباخی گەشی
لەبەر بارانی شەونمدا
هەموو شەوێ
بە ئومێدی دیتنی تۆم
لە خەونمدا

(٥)
تۆ کە شاباڵت دەبەخشی
بە وشەی جوان
تۆ کە وەکوو مۆم دەسووتای
بۆ نیشتمان
تۆ کە شەیدای
سەفەر بووی بە هەوری خەیاڵ
تۆ کە دڵت
پاک بوو وەکوو دڵی منداڵ
لەناکاو شەپۆلی مردن
گەمێی ژینی نوقم کردی
دوای کۆچی تۆ سیس هەڵگەڕا
شیعری کوردی.