خوسرەو جاف
ئێمەی جاف فۆنەتیکێکی تایبەتمان هەیە، من وەک جافێک کابرایەکی نەناس، کە بێتە قسە دەزانم جافە یان نا؟ لەناو ئێمەدا وەک جاف پیتی (بێ) لە زۆربەی کاتدا قووت دەدەین، بە نموونە (کتاب) دەکەینە (کتاو)، (شەراب) دەکەینە (شەراو)، (کەباب) دەکەینە (کەواو)، (سهراب) دەکەینە (زۆراو)، (قوبادی)، (قوایی، قواوی).
لەناو جافدا بەگزادەکانی جاف باوباپیری من بوونە و هەن، بەڵام بڕێک لە تیرەکانی جاف ئەوانیش بەگزادەیان هەبووە، وەکوو: بەگزادەکانی جوانڕۆ، بەگزادەی باوەجانی، بەگزادەی وڵەوەیی (وەڵەدبەگی)، بەگزادەی قوایی، بەگزادەی ئێناخی، سەرەنجام ئالی بەگی ناو تیرەکانی عەشرەتی مکیالیی جاف. ئێمە لە بنەچەدا ئەم بەگانەی کە ناویانم هێنا، هەرهەموو کوڕی یەک باوک بووینە. دیارە بەشی یەکەمی کەشکۆڵەکەی مەحموود پاشا پێشتر گوم بووە، لە ڕاستیدا لای پیرەمێردی نەمرەوە بووە. حەسەن فەهمی بەگی جاف، هەرچی کۆشاوە پیرەمێرد نەیداوەتەوە، لەم دوادواییەدا ئەو بەشە یەکەمە کەوتە بەرچاو، بە خەتی مەحموود پاشای جاف نووسراوە، سەید ئەحمەد بەگی باپیری ئێمەی بەگزادەی جاف کوڕی پیر حەمزەیە.
پیر حەمزە، سەید ئەحمەدی کوڕی قولییە، پیر قولی کوڕی پیر شاتەرە، پیر شاتەر کوڕی پیر مکایلەیە. وەک زانراوە وێنەی باپیرەکانم لە میوانخانەکەم هەڵواسیوە. تا پێش دۆزینەوەی کەشکۆڵەکەی مەحموود پاشای جاف ئێمە دوا ناوێک بەلامانەوە بووە، سەید ئەحمەد بەگی جاف بووە، بۆیە بە ئەرکی خۆم زانی وێنەی ئەو چوار باپیرەم بەدەست بکێشم، ئێستا لە سەرووی نەوەکانیان دانراون وەک تابلۆ.
ئەم باسە چون باسی خانای قواییە، زۆر لە نووسەرانی پێش ئێمە هەرکەس لەلای خۆیەوە بڕێک شتیان نووسیوە فڕی بەسەر هەقیقەتەوە نەبووە.
کاک سدیق بۆرەکەیی لە کتێوە سێبەرگەکەیدا بە ناوی (مێژووی وێژەی کورد) بێ ئەوەی هیچ دیکۆمێنتێکی بەدەستەوە بێت، دەڵێت: “خانای قوبادی لە عەشرەتی باجەڵانییە” من نازانم چۆن وا بە ئاسانی وتەی وا دەنووسرێت، لە کاتێکدا خانا کوڕی تیرەیەکی گەورە و دیاری ناو جافە، زۆرتر لە شەش حەوت هەزار خزم و کەسی هەیە ئەگەر ئەوەیان بزانیبا (بۆرەکەیی) لە کوێیە، بە تێڵاوە دەڕۆیشتنە سەری.
یان لە ڕووی ساڵی لەدایکبوونەوە هەریەکەو لە ڕووی مەزاجەوە شتێکیان نووسیوە، هەر بۆ ئەوەی بوترێت کاورا چاوساغە و لێزانە. ئەشزانێ ساڵی لەدایکبوونی (خانا) ئەوە نییە کە ئەو نووسیویەتی، یان یەکێکی تر دەڵێت: خانا ناوی محەمەد بووە، بێ ئاماژە بە سەرچاوەیەک ناوی شیرین و جوان و پوختە و پێکهاتووی (خانا) تووڕ دەداتە لاوە، ئەمەیش لە ڕووی هەوەسێکی بێبنەماوە. ڕاستەقینەکانی مێژوو بە هەوەسی خۆی دەگوترێت. با پێکەوە بزانین ئەو نووسەرانە دەربارەی لەدایکبوونی نالی چەند کەس هەر یەکە بە هەوەسی خۆی ساڵێکی دەستنیشان کردووە، تا بەندە کەوتمە دوای دیکۆمێنتی بەسەرهاتی ژیانی “نالی” بۆ ئەوەی بیکەمە ڕۆمان، بڕێک بەڵگەی باوەڕپێکراوی گرنگم دەربارەی ژیانی نالی دەست خست. هەڵبەتە دوای چوار سەفەری پڕمەترسی سەرەنجام توانیم لە ڕووی ئەو دیکۆمێنتانەوە، ڕۆمانی بەناوبانگی “شازادە و شاعیر” بنووسم، ژیانی ڕاستەقینەی نالی نەک مەزاجیەت. بەڵام لەبارەی ژیانی خانای قوایی لەبیرمە شادڕەوان حەمەی مەلا کەریم، کە بۆخۆی خەریکی شیعرەکانی خانا بوو بە منی وت: بەڵکوو بتوانیت بڕۆیتە سۆراغی ژیانی خانادا، ئەوە حاشاهەڵنەگرە “خانا” لە تیرە جافەکەی قوبادیتە، منیش لەم ڕووەوە هیچم نەدەزانی، بەڵێنم دا بەدوایدا بڕۆم، پەیوەندیم کرد بە سەرۆکی تیرە جافەکەی قواییەوە، ئەو داوایەی کاکە حەمەم پێ ڕاگەیاند، کاک ساڵح سلێمان بەداخەوە کۆچی دوایی کردووە، توانیی بڕێک زانیاریی گرنگم پێ بدات، منیش دام بە کاکە حەمە، ئەوەندە دڵخۆش بوو بەلایەوە سەیر بوو، وەک منداڵێک دیاریی منداڵانەی بدەیتێ، ئاوا خۆشحاڵی زانیارییەکان بوو.
ناوی “خانا” یان “خانی”، یان “خانە”، بە گوێرەی دەڤەرە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ئەو ناوە زۆر بەکار هاتووە، هەتاکوو لەناو فارسەکانیشدا ناوی خانا هەبووە و هەیشە، بە نموونە خانابەگ، خاناخان، میرخانی، خانزادە.
خانی، یان خان لەرخان، یان خانلەر بەگی، یان خان سوڵتان. ئەوەی حاشاهەڵنەگرە قواییەکان بەڵگەیان بەدەستەوەیە، کەوا “خانا” یەکێکە لە باپیرەکانیان، پێم سەیرە سەید تاهیری هاشمی بۆ ئەوەندە سوور بووە لەسەر گۆڕینی ڕەگەزی شاعیرانی جاف نەک خانا، کە لە من جافترە؛ ئەو “وەلی دێوانە”شی لە ڕیزی جاف وەدەر نەنابوو! ڕۆژێک پێم وت: سەیرە! هەر ماوە ئەحمەد موختار بەگ و تاهیر بەگی جاف ئەوانیش بکەیتە غەیری جاف. ناڵێی هۆکارەکە لە چیدایە؟ وەڵامەکەی مینجەمینج بوو، تا وتم: “سەید! خانا بە دەمی خۆی ڕەگەزی خۆی و خێڵەکەی دەستنیشان کردووە، ئیدی نیازی بە ئیجتیهاد نییە و لەیەکدانەیەکە، ئەگەر دیکۆمێنتێکی باوەڕپێکراوت بەدەستەوەیە، بیخە ڕوو ئەگینا بە حەزکردن هەقیقەتگۆڕین تاوانێکە لە بازنەی بوختاندایە.
هەزاران کەست بۆ دێنم کەوا خزم و کەسی (وەلی دیوانە و شەمن) سەید تاهیر کەوتە تەنگەبەرییەوە نەیتوانی دیکۆمێنتێکی باوەڕپێکراو بخاتە بەردەست، خۆ ئەم وتەی منە هیچ لە پێگەی سەید تاهیر کەم ناکاتەوە. لەم دوادواییەدا 1980 توانیم لەگەڵ هونەرمەندێکی ئازەریدا وێنەی وەلی دیوانە بکێشم، بەناچار هونەرمەندەکەم لەگەڵ خۆمدا بردە ناو تیرەی کەماڵەیی جاف تا لە نزیکەوە کەسوکاری وەلی دێوانە و هەروەها دەڤەری ژیانی ئەو جوانەمەرگە سۆفیسیفەتە ئاشقە ببینێت. ئەو وێنەیەی لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاو کراوەتەوە، ماوەی شەش مانگ من و ئەو هونەرمەندە پێوەی خەریک بووین.
ئەوە حاشاهەڵنەگرە خانای قوبادی لە جافی جوانڕۆ بووە، منی خوسرەو جافیش باوباپیرانم لە دەڤەری جوانڕۆوە هاتوونەتە کوردستانی خوارەوە، ئەمە هیچ لە هەقیقەتەکە ناگۆڕێت. ئەگەر خانا لەلایەن دەستەڵاتی باجەڵانەکانەوە دەستبەسەر کرابێت وەک زیندانی، مانای ئەوە نییە بکرێتە باجەڵانی، خۆی لە چوار بەیتدا باسی بەدیلگرتنی خۆی دەکات، کە بە ناهەق گیراوە:
ئێستا من دەستاخ کوتەڵ باونانم
بێجەد خاین باجەڵانانم
بە ڕۆژ بێ خۆراک بە شەو بێ چاوم
دیل بێتاوان پاشای زههاوم
بڕوانە لەم دوو بەیتەیدا ئەوەسا “حەیەئەلاسەڵات” هاوار دەکات کەوا کوردی کوێیە و چ عەشرەتێکە:
بەی تەور بەیان کەرد خانای خان قوباد
پەری هامسەران بمانۆ وە یاد
ئەوەسا بۆخۆی دەڵێت: من “قواییم” قوبادیم. کەریم بەگی جاف باپیری بەندە و باوکی دایکم و سەرۆکی تێکڕای ئەوسای جاف لە کتێبی مێژووی جاف لاپەڕەی 124 دا دەفەرمێت:
ئەم چەند تایفە لە جافەکانی ئێران جوێبوونەوە و وەک زۆر لە تیرەکانی تری جاف لە دۆڵی شارەزووردا نیشتەجێ بوونە، کە لە جافی ئێرانەوە هاتوون، ئەمانەی خوارەوەن:
قوبادی، باوەجانی، ئیمامی، یەناخی، قادرمریوەیسی، تایشەیی، کوێخ، نیرژی، دەروێشی، وەڵەدبێگی، دەلەژێری، کوکۆی، زەردۆیی، ئەلیاخەیی، پەپڵێ، تاوگۆزی، دووڕوویی، گوێرەکی.
ورد بەرەوە خانا چی دەڵێت:
نەوەی ئەمیرخان، بەچەی بێباکم
بێفەرش بێباڵین ئوفتادەی خاکم
ئەوە کاتێک لە زیندانی پاشای باجەڵاندا بووە.
جا لێرەدا گومان نەماوەتەوە ساڵی لەدایکبوونی شاعیری گەورەی کورد خانای قوایی، کە نەزانراوە کەی هاتووەتە جیهانەوە، ئەوەیش حاشاهەڵنەگرە خانا لە هۆزی قوایی یان قوبادیدا هاتووەتە جیهانەوە، لەناو جافدا لە تیرە و عەشرەتە زۆر کۆنەکان ناژمێردرێن، زۆربەی تیرەکانی جاف لە هاتوچووی گەرمیان و کوێستاندا تایبەت بە خۆیان هەبووە، کە سیستەمی کۆچەری بەلاوە نراوە هەر تیرەیەک لە تیرەکان لە هەوارگەکەی خۆیاندا جێگەیانی خستووەتە ناو قوڕ و دیواریان دروست کردووە و نیشتەجێ بوونە، بە دڵنیاییەوە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەدەستەوەیە کە خانا یەکێک بووە لە بەگزادەکانی قواییەکان؛ ئەم شاعیرە گەورەیە ناوی خانای کوڕی قوباد بەگی یەکەمی کوڕی ئەمیر خانی کوڕی سەید ئەحمەد بەگی جافە، ئەوەیش ئاشکرایە ناوی خانا بووە و یەکێک بووە لە بەگزادە هەڵکەوتووەکانی قواییەکان یان قوبادییەکانی جاف. بڕێک کەس حەزی لەوەیە پەلوپۆی لێ بکاتەوە تا ئاماژەی بۆ بکرێت بەڵێ لێزان و چاوساغە، بڕوانە خانا چی دەڵێت:
چون گومڕا کەم بەد، وەیسی یەمەن ماڵ
نەکەردم ئاهیر، سۆزان و زووخاڵ
جووق مەلایک، حامڵان عەرش
زومرەی ئەسحابان، فریشتان فەرش
هیچ کامێن بە دەس من نەوی ئەسیر
زانووی حەیدەرم نەپێکا وە تیر
ڕای حاجیانم نەبەست چون ڕاهزەن
ناقووسم نەژەند وێنەی ئاهریمەن
زەکەریام وە زام ئەڕڕە لەت نەکەرد
میر حەمزەم وە زەرب شمشێر قەت نەکەرد
نام ئەسحابان پاک دین ئیسلام
هیچ کەس وە بێ قەدر وە حەب نەوانام
چون فیرعەون دەعوای خوداییم نەکەرد
جە دین ڕەسوول جوداییم نەکەرد
چون قاروون بە گەنج بە ماڵ نەنازام
چەنی ساز و باز دنیا نەسازام
ئەگەر شاعیرێک بۆ خۆی ڕۆژی لەدایکبوونی خۆی لە گۆشەیەکدا دەستنیشان نەکردبێت، ئاسمان ناهەڕووژێت. عەرەب بەو هەموو دەوڵەتانەوە بە عەزەمەتی ئایینی ئیسلامەوە، بە پێگەی بێهاوتای قورئانی پیرۆزەوە کە بە عەرەبی هاتووەتە خوارەوە نەیانتوانیوە ڕۆژی لەدایکبوون و هەتاوەکوو مردنی شاعیرانی حەوتەوانە هەڵواسراوەکەی ناو کەعبە دەستنیشان بکەن، ئەوەسا لەم دوادواییانەیدا چەند کەسێک لە مێژوونووسانی عەرەب نکووڵی لە بوونی حەوتەوانەی هەڵواسراوی سەر دەرگای کابەی پیرۆز دەکەن. ئەوەی گرنگە خانا توانیویەتی بە کوردی شیعری مەڵحەمەی (خوسرەو و شیرین) و (شیرین و فەرهاد) و (لەیل و مەجنوون) دابڕێژێت. ئەو جۆرە داستانانە، وەک ڕۆمانی ئێستا وابوونە، ئەگەر سەیری مێژووی ڕۆمان لە وڵاتە عەرەبییەکان بکەیت هەمووی سەد ساڵ نابێت.
لە یەک دوو سەرچاوە زانیاریم دەست کەوتووە، لەبەر ئەوەی باوکی زۆرتر مەیلی بەلای کوڕی تریەوە بووە تا بیکاتە جێگری خۆی، لە کاتێکدا خانا لە براکەی گەورەتر و شایستەتر بووە، ئەو ناڕەواییە بووەتە هۆکاری زویربوونی خانا و لە دەڤەری قوایی و جاف دوور دەکەوێتەوە و دەتورێت، لە غەریبیدا دەژیێ و زۆر ناوبانگ پەیدا دەکات بە دەوڵەمەندی و داراییەکی زۆر دەگەڕێتەوە ناو خزمانی. قوایی برا و کەسوکاری خانا، هەموویان سەری تەعزیمی بۆ دادەنەوێنن.

