لە روانگەی کـــــــــاڕڵ پۆپەر
بەهزاد حەوێزی
فەلسەفەی زانست یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی سەردەم بە جۆرێک بایەخ و کاریگەریەکی زۆری بەسەر خودی بیرمەندەکان و تیۆرە زانستییەکان و کۆمەڵگەکان و ئادەمیزاد هەیە، هەروەها کێشەی پەرەسەندنی زانست بە درێژایی مێژوو مایەی سرنجدان و روانین و شیکردنەوەی چەندین فەیلەسوف و زانستوان بووە، لەگەڵ هەر هەنگاوێکی نوێش لە رووی تیۆر و پێشکەوتندا، راوبۆچوون و شیکردنەوەی جیاجیاش هەم تەبا و هەمیش ناکۆک و دژ بەیەک لەبارەی بنەما و یاساکانی ئەو تیۆر و پێشکەوتنە و پێوەر و شێوازەکان، دەهاتە کایەوە.
لەسەرینی ئەمەوە فێرگە و تیۆرەکان تادەهات زیاتر دەبوون و گفتوگۆو ململانە مەعریفییە-زانستییەکانیش گەرموگوڕتر خۆیان دەنواند، جگە لەوەی ئەو روانگە و بۆچوونانە سەر بە چەندین تیۆری فەلسەفی و زانستی جیاجیا بوون، بە پێی یاسا و رێساکانیان ئەو بیرمەند و فەیلەسوفانە هەوڵیان داوە رەوتی زانست زیاتر بەرەو پێش ببەن و چەند گۆشەنیگا و چەمکی نوێ وئامراز وکەرستەی شیکردنەوە و سەلماندن بهێننە ناو ئەو پانتاییە بەرفراوان و بێکۆتاییەی زانست، پۆپەڕ لە هەرە دیارترین فەیلەسووفی زانست بوو لەو بوارەدا و لەسەدەی بیستەمدا دەنگدانەوەیەکی بێوێنەیان بەخۆوە بینی.
کاڕڵ پۆپەر یەکێکە لەو بیرمەندانەی لە رووی تیۆرییەوە بایەخی بە پرس و کێشەکانی فەلسەفەی زانست داوە، نەخاسمە ئیپستمۆلۆجیای زانستە سروشتییەکان، هەروەها رۆڵی هەبووە لە شیکردنەوەیەکی میتۆدیانەی زانستی بە پشت بەستن بە (حدسی گریمانەیی)(*) و لاخستنەوە و بەدرۆخستنەوە(conjectures and refutations، or falsificationist) ئەو پێی وایە زانست بە سرنجدان دەست پێناکات، بەڵکە بە(حدسی گریمانەیی).
لە لایەکی ترەوە تیۆری پۆپەر لە حدسی گریمانەیی و لاخستنەوە روو لە جیاکاری دەکات لە نێوان دۆزینەوەی گریمانە زانستییەکان و پاساوهێنانەوە بۆیان یا لێپێچینەوە لە راستودروستیان، ئیتر بەو شێوەیە پرسەکە ئاوا دادەڕێژێ(ئەرکی زانا ئەوەیە بگات بە تیۆرەکان و راستودروستیان تاقی بکاتەوە).
پۆپەر بە پێی هەنگاوەکانی لە فەلسەفەی زانست و رێبازەکەی بەرەو فەلسەفەی کۆمەڵگا و سیاسەت، چوارچیوەیەکی فەلسەفی بەدی دەکەین چەشنی ئاراستەیەکی بەهێزی فرە رەهەندی رێک و گونجاو، لە روانگەیەکی لایەنگرانە بۆ فەلسەفەی زانست، لە رێگای ئەقلانییەتی رەخنەگرانە.
خاڵێکی تری هەرەگرنگ لە فەلسەفەکەی پۆپەر، بریتییە لەوەی تەکانێکی بەربڵاوی دا بە فەلسەفەی زانست بە ئاراستەی لۆجیکی دۆزینەوە و پێشکەوتن و ئاوەڵاکردنی دەوازەی ئاسۆیەکی بەرفراوانتر.
بە لای پۆپەر پێشکەوتنی زانستی نە بەهۆی کەڵەکەبوونێکی بەردەوامی درککردنە هەستییەکانمانە نەک بەهۆی فێربوونمان بە درێژایی رۆژگار بۆ بەکارهێنانی هەستەکانمان بە شێوەیەکی نموونەیی، تاکە ئامرازمان بۆ هۆشیاری و تێگەیشتنمان لە سروشت بریتییە لەو بیروباوەڕانە، کە کۆمەڵە (مەزندەکارییەکی)بێ پاساون لەگەڵ رامانگەلێکی بوێرانە و جەسوورانە بە جۆرێک بۆ خستنەڕووی و گرەو لەسەرکردنی: ئەو کەسەی بیروباوەڕی نەخاتە بەر مەترسی رەتکردنەوە لە یارییە زانستییەکە بەشدار نابێت، ئەوە بیریشە لە رێگای تاقیکردنەوەدا بیروباوەڕەکان تاوتوو و هەڵگێڕ و وەرگێڕ دەکات.
مەبەستی پۆپەر لێرەدا زیاتر گۆشەنیگایەکی بوێرانەیە و بڕوابەخۆبوونە لەوەی هەر بۆچوون و گریمانە و تیۆرێک یا راست دەردەچێت یا هەڵە و وەلادەنرێت.
پۆپەر روانگە فەلسەفییەکەی خۆی لە کایەکانی تری زانستی تەوزیف کرد، وەک زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بە هەمان شێوە لە گۆشەنیگایەکی رەخنەگرانە، ئەو زیاتر چووە نێو قووڵایی مەزهەبی سروشتی و هەبوونی یاساکانی پەرەگرتنی مێژوویی و پەیوەندییان بەیەکەوە.
دیارە بۆچوون و روئیای فەلسەفی گرنگە لە روانگەیەکی رەخنەگرانە سەرچاوەی گرتبێت، بۆ ئەوەی روانگە و تیۆر وریبازەکەی بەرانبەری بە جۆرێک شەنوکە و بکات لایەن ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەدەربخات و هەوڵی راستکردنەوەی یا فەرامۆشکردنی بدات.
رێبازی رەخنەگرانە رۆڵی لە مێژووی زانست و فەلسەفەدا هەبووە و هەیە، تیۆری مارکسیزم دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و ستەم و چەوساندنەوەی چینایەتی بوو، رەخنەی توندی هەمەلایەنەی لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەو سیستەمە دەگرت.
پۆپەر لە روانگەی رەخنەوە فەلسەفەی زانستی مێژوویی و مێژووگەرایی رەتکردەوە، ئاماژەی بەوە دەدا یاسا یەکبەدواییەکە مێژووییەکان بە دیوێکی زۆر گرنگ کەموكوڕی هەیە، ئەو مەیلەی مێژووگەران هەیانە و پەیرەوی دەکەن لە بارەی ریزبەندێتی رووداوەکان، کە پێی دەڵێین مێژوو، یاسا نین، بەڵکە تەنیا و تەنیا ئاراستەگەلن.
تێگەیشتن و شیکردنەوەی چەمک و ئامرازەکان و شێوازەکانی رێنوێنیکردن بۆ دیاردەیەک لە دیاردەکان لای پۆپەر تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بۆ نموونە کاتێک ئاماژە بە(لێکدانەوە و پشێبینیکردن و ئیختیبار)دەکات پێی وانییە جیاوازیەکی زۆر لە نێوانیاندا هەبێت، جیاوازییەکە لە دیوی بینا لۆجیکییەکەی نییە، بەڵکە جیاوازییەکە لە رووی(تەوکید)ە، واتە جیاوازییەکە دەوەستێتە سەر ئەو شتانەی پێمان وایە داواکراون یا داوانەکراون.
دواجار، پۆپەر وێرای کەموکوڕییەکانی خاڵێکی گرنگی وەرچەرخان بوو لە مێژووی بیری فەلسەفی، مێژووی فەلسەفەی زانست، بیرمەندێک ئەقلانیی، خاوەنی بیروبۆچوونی تیۆریانەی رەخنەگرانەی هۆشیارانە لە فەلسەفەی هاوچەرخ، خاوەن روئیایەکی قووڵ، کراوە و هەمەلایەن لە رووی کاروکردەوە و بەرهەمەکانیەوە.
سەرچاوەکان
سەرچاوە کوردییەکان
1- کاڕڵ پۆپەر(٢٠٠٦)کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی، لە فارسیەوە: ئیدریس شێخ شەرەفی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی، بەرگی دووەم، هەولێر.
سەرچاوە عەرەبییەکان
1– جميل صليبا (1982) المعجم الفلسفي بالألفاظ العربية والفرنسية والأنكليزية واللاتينية، دار الكتاب اللبناني، ج 1، بيروت-لبنان.
2- كارل بوبر (2006)منطق البحث العلمي، ت: د. محمد البغدادي، المنظمة العربية للترجمة، بيروت,
3- کارل بوبر (1959)عقم المذهب التاريخي- دراسة في مناهج العلوم الأجتماعية، ت: عبدالحميد صبرة، المعارف، الاسكندرية.
4- كارل بوبر(2003)أسطورة الاطار / في الدفاع عن العقل واللاعقلانية، ت: أ.د. يمنى طريف، عالم المعرفة، الكويت.
5- كارل بوبر(1999)بحثا عن عالم أفضل، ت: د. أحمد مستجير، مكتبة الاسرة، القاهرة.

