هاودەنگ فارووق
چیرۆكەكانی سەركەوتنی حوكمڕانی كوردستان، بە بەراود بەو گەمارۆ زاڵمانەی خراوەتە سەری، جێگەی تێڕامانی قووڵی هەموو لایەكە، ئەو بیانی و هاووڵاتییانەی بۆ گەشتوسەیران دێنە شارەكانمان، لەڤیدیۆكانیاندا بەردەوامن لەسەر دەربڕینی سەرسامیی خۆیان بەئاستی پرۆژەكانی كوردستان، بەڵام هێشتا پێویستە زیاتر ڕۆشنایی بخەینە سەر ئەم كارو سەركەوتنانە.
لەماوەی ئەم چەند مانگەدا، حكوومەتی كوردستان چیرۆكی سەركەوتنە گەورەكەی بە ئاوی زێڕ لەمێژوودا نەخشاند، چیتر یارو نەیار ناتوانن ئەو هەنگاوە مەزنانە نادیدە بگرن، ئەگەرچی گرنگیی ئەو پرۆژانە بۆ هەمووان ڕوونن، بەڵام با زیاتر ڕوونی بكەینەوە:
ڕێگەوبان – وەختێ حكوومەتی كوردستان بایەخ بەڕێگەوبان و دروستكردنی شەقامی نوێ و ئۆتۆبان و نۆژەنكردنەوەی جادە كۆنەكان دەدات، دەیەوێت پێمان بڵێت: كوردیش لە مرۆڤسازی و نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی تێگەیشتووە.
پەندێك هەیە دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت دەوڵەمەند بیت، سەرەتا ڕێگە دروست بكە. بەستنەوەی شارەكانی كوردستان بەشاڕێگەی ڕێكوپێك، لابردنی ئاستەنگانی هاتوچۆ، وا دەكات كورد لەڕووی نەتەوەسازییەوە لە باری شارستانییەتەوە كامڵتر بێت و، خەڵكی دەڤەرەكان زیاتر تێكەڵی یەكترببن، ئەوە خزمەت بەیادەوەری جەماعی و بەزمان و بە كولتووری كوردی دەكات، خەڵكی ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دی بەئاسانی دێن و دەچن. ئەو لەمپەرە جوگرافییە لەناو دەبرێت كە زۆرینەی نوسەران و پسپۆڕان هەمیشە ئاماژەیان پێداوەو، پێیان وابووە بەربەرستی جوگرافی و نەگەیشتنی دەڤەرەكانی كوردستان بەیەكتر، هۆكارێكە بۆ لێكدابڕانی ناوچەكان و دووركەوتنەوەیان لە یەكتر و دروستنەبوونی نەتەوەیەكی ستاندارد.
هەروەك لەڕووی ئابووریشەوە، وەك پەندە چینییەكە دەڵێت، ڕێگە دروستكردن بازاڕ فراوان دەكات و، بەرهەمی ناوچەكان پێكەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش سودێكی بێشوماری بۆ گەشەی ئابووریی هەیە.
دروستكردنی بەنداو – شەڕی مرۆڤ لەسەدەی تازەدا، شەڕی وزە نییە، بەڵكو شەڕی ئاوە. ئاو گرنگترین سامانی سەرزەوییە، پێویستی پلە یەكی حەیاتی مرۆڤە.. حكومەتی كوردستان بەدروستكردنی چەند بەنداوێك بۆ گلدانەوەو پاشەكەوتی ئاو، ئینجا بۆ دابەشكردنەوەی بەسەر شارەكانی كوردستان” بەتایبەتی لەهەولێر” بۆ دەیان ساڵ كێشەی كەمئاوی چارەسەر كردووە، واتە لەئێستاوە كورد لەشەڕی ئاودا براوەیە.
پشتێنەی سەوزایی – بێگومان سەوزایی و چاككردنی ژینگە، كەمكردنەوەی كاربۆن لە هەوادا و پتركردنی ئۆكسجین، یەكێكە لەكێشە هەرە گەورەكانی بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی زلهێزی ئابووریش. بۆیە وڵاتانی دنیا دەستیان كردۆتە جێبەجێكردنی پلانی چاككردنی ژینگە.
حكومەتی كوردستان لەڕێی سەوزكردنی كەمەربەندی هەولێر بەڕوواندنی 7 ملیۆن درەخت، بە هەموو جیهانی گوت: وەك چۆن لەشەڕی پاراستنی مرۆڤ لە تیرۆر لەڕیزی پێشەوە بووین، لەشەڕی پاراستنی مرۆڤایەتیش لە تێكچوونی ژینگە هەر لەڕیزی یەكەمداین. دیارە دیمەنی جوانی دارستانێك لە دەروی هەولێر، كۆتایی بەكەشوهەوای نالەباری سەدان ساڵ دێنێت، سودێكی یەكجار زۆرگەورەی ئابووری و گەشتوگوزاری دەبێت. ئیدی چاككردنی ژینگە و وشكەساڵی، لێدەگەڕێین بۆ شارەزای بوارەكە. بەڵام دەزانین: حكومەتی كوردستان، چیرۆكی سەرنجڕاكێش و سەركەوتنە گەورەكان دەنوسێتەوە.

