شێرکۆ حەبیب
حکوومەتەکانی بەغدا هەر لەسەر دەمی بونیادنانی دەوڵەتی عێراق لەسەرەتای سەدەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ دژایەتی میللەتی کورد و کوردستان دەکەن، هەر ڕژێمەی بە شێوازێک، ئەمڕۆ بە مووچە و شایستە دارییەکانی هەرێم و پێشمەرگە و ماددەیی١٤٠ دەستوور دژایەتی کوردستان دەکەن، جگە لە هەندێ هزر و بیری شۆڤێنی هێشا کاری پێدەکرێت لە لایەن هەندێ لەوانەی لە دەسەڵاتدان، دژایەتیکردنی ئاوەدانی و سەقامگیری و کارەخزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێم کە ئەمانە بوونە بە بەربەست لەبەردەم لایەنە سیاسیەکانی عێراق، کە کوردستان بەبێ بوودجە و مووچە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە سایەی خوای مەزن و دلۆڤان بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم لە پێشکەوتندایە، ئەمەش بووەتە جێگای پرسیار لە لایەن هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و داوا لە کاربەدەستەکانی بەغدا و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەن، بۆ کوردستان وا پێشکەوتوو و ئاوەدانە شارێکی وەک بەسرە دوا کەوتووە، کە دەوڵەمەندترین شاری جیهانە! بۆیە لێرەدا گرنگە ئاماژە بە ئەزموونی کوردستان بکەین، کە ئاشکرایە لای دوژمن و دۆست کە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەباتی دڵسۆزانی میللەتەکەمان هاتووتە ئاراوە، بە قوربانیدانی میللەتێک کە بەرەنگاری دڕاندانەترین دوژمن بۆتەوە.
بەڵام خۆڕاگری جەماوەر و باوەڕی بە شۆڕشە پیرۆزەکانی هەر لە شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر و شۆڕشی گوڵان و راپەڕینە مەزنەکەی میللەتەکەمان لە ئاداری ساڵی ١٩٩١ وەچەرخانێکی گرنگی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بوو.
لێرەدا گرنگە هەموو لایەک یەک هەڵوێست بەرامبەر پلانەکانی بەغدا بوەستنەوە سەبارەت بە شایستە داراییەکانی کوردستان، نەک وەک هەندێ لایەن دژایەتی هەولێر بکات و هێرش بکەنە سەر حکوومەتی هەرێم کە هەولێر سەرجەم پابەندە دەستووری و یاساییەکانی جێبەجێ کردووە، بۆیە دەبێ پشتگیری حکوومەتی هەرێم بکەن لە بری ئەوە هێرشی بکەنە سەر، بەتایبەتی هێرشکردنە سەر پارتی، گرنگە ئەو لایەنانەی دژایەتی پارتی دەکەن بۆ ئەوەی بەغدا مەرحەبایان بکات، دەبێ ئەوە بزانن پارتی چەند بەهێز بێت ئێوە لە لایەن دوژمن نرختان بەرز دەبێتەوە بۆ دژایەتیکردنی کوردستان، چەند پارتی بەهێز بێت ئەوا کوردستان بە هێزتر دەبێت و دوژمن هەزار و یەک حسابی بۆ دەکات، چونکە پارتی لە ساتەوەختی دامەزراندنی لە پێناو ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و وەدەست هێنانی مافەکانی کوردستانە، بۆیەش تاکە حزبە لە دوای ٧٩ ساڵ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێز تر دەبێت و جەماوەر زیاتر لە دەوری کۆ دەبنەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و پیادەکردنی سیاسەتێکی حەکیمانە لە لایەن جەنابی سەرۆک بارزانی، لە بەرگری لە مافی کوردستان و دابینکردنی کەشێکی پێکەوە ژیان و تەبایی و برایەتی. ئەگەر خوا نەکات پارتی لاواز بێت، ئەوە ئەو لایانانە هیچ نرخێکیان نامێنێ و دوژمنانی میللەتەکەمان کە ئەوان بەدۆستیان هەژمار دەکەن هێچ سەنگێکیان بۆ نایەڵنەوە.
پاراستنی ئەزموونی ئەمڕۆی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە کە دەبێ هەموو لایەک بە جیاوازی ئاین و نەتەوە و هزری سیاسی، بەرگری لێبکەن و بیپاریزێن، کاتێک گرفتێک یا کێشەیەک ڕووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە دەبێ هەموو لایەک ناکۆکییەکانی ناوخۆ وەلاوە نێن، بە یەک هەڵوێست ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ڕوو لە کوردستان دەکات ببنەوە، ئیستاش کاتی ئەوە هاتووە هەموو گرفتەکانی نێوخۆ چارەسەر بکرێت یا وەلاوە بنرێن، پەرلەمان کارا بکرێت و کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنرێت بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی پار، هەر لایەنێک بە گوێرەی ئیستحقاقی ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە، داوای پۆست بکات.
گرنگە یەکڕیز و یەک هەڵوێست نەخاسمە لەم کات و ساتە کە ناوچەکە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری گەورە ببێت و ئەگەر کورد یەک دەنگ و هەڵوێست نەبێ ئەگەری زۆرە لە دژی بەرژەوەندی کورد بشکێتەوە.

