عومەر چنگیانی
لەبەردەوامی چالاكی و ڕێنماییەكانی مامۆستایانی ئایینی كوردستان بە گوێی مسوڵماندادانی گوتاری ئادمادەكراوی هەفتەی ڕابردووی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی بوو، لەژێر سەردێڕی (لەدایکبوونی پێغەمبەر ﷺ قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەکردنی نەوەکانمان) و، تیایدا هاتبوو: (یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر ﷺ بانگەوازێکە بۆ هەموومان بۆ گەڕانەوەمان بۆ شێوازی پەروەردەیی ئەو زاتە و، کردنی بە بنەمایەک لە پەروەردەکردنی ڕۆڵە و جگەرگۆشەکانمان لەسەر بەها باڵاکانی قورئان و سوننەت، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەشیان بۆ مسۆگەر بکەین و، خێری دنیا و قیامەتیان بۆ کۆبکەینەوە، و بەشدار بین لە دروستکردنی نەتەوەیەکی بەهێز. با بزانین کە لەدایکبوونی پێغەمبەر ﷺ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو دەستپێکی قوتابخانەیەکی پەروەردەیی ناوازەیە، کە پەیڕەوەکردنی قورئان و سوننەتە. پێغەمبەری خوا ﷺ قورئانێکی کرداری بوو لە ناو باوەڕداران، خوای گەورە لە بیستویەكهەمین ئایەتی سوورەتی (ئەحزاب)دا، دەفەرمێت: (بەڕاستی پێشەنگ و مامۆستایەتیی باش بۆ ئێوە لە پێغەمبەرەكەمانەوەیە، بۆ كەسێك ئامانجی خوا لەخۆ ڕازیكردن و دەستەبەر بۆبوونی ڕۆژی سەڵای بوێ و زۆر یادی خوا بكات.)
بایەخدانی پێغەمبەر ﷺ بە پەروەردەی ئوممەت، بە تایبەت منداڵان:
پێغەمبەر ﷺ بایەخێکی زۆری بە پەروەردەی ئوممەت داوە و، یەکەم پەروەردەکار بوو کە نەوەکانی لەسەر بنەمای پتەوی ئیمان و ڕەوشت بنیات نا. ئەمەش لە هەڵسوکەوتی ئەو لەگەڵ منداڵاندا دەردەکەوت، چونکە منداڵان کۆڵەکەی داهاتوون. پێغەمبەر ﷺ بنەما پتەوەکانی پەروەردەی باشی فێر کردین، لەوانەیە:
1. بەزەیی و نەرمونیانی: پێغەمبەر ﷺ نموونەی باڵا بوو لە بەزەیی بە منداڵاندا.
2. نموونەی باش: تەنها بە فەرمانکردن نەوەستا، بەڵکو کردەوەکانی پێش قسەکانی ئەنجام دەدا.
3. پەروەردەکردن لەسەر بەها باڵاکان: ڕاستگۆیی و ئەمانەتی فێر کردن لە تەمەنی بچووکیەوە.
کاریگەریی پەروەردەی پێغەمبەرانە لە پێشکەوتنی شارستانیەت و نەتەوەدا:
1. بەرهەمە مەزنەکانی پەروەردەی پێغەمبەرمان تەنها پێگەیاندنی کەسی چاک نەبوون، بەڵکو نەتەوەیەکی بەهێز و شارستانیەتێکی مەزن بوون کە جیهانی گەشاندەوە.
2. دروستکردنی نەوەیەکی سەرکردە: ئەم پەروەردەیە نەوەیەکی ناوازەی لە هاوەڵان بەرهەم هێنا، کە سەرکردایەتی ئوممەتیان کرد و پەیامی ئیسلامیان هەڵگرت.
3. بنەمایەک بۆ پێشکەوتنی شارستانی: پەروەردەکردن لەسەر بەهاکانی زانست و تێکۆشان، کە پێغەمبەر ﷺ جەختی لەسەر دەکردەوە، ئەوەیە کە نەتەوەی ئیسلامی پاڵنا بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنێکی زانستی و شارستانی.
4. یەکڕیزی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی: پەروەردەکردن لەسەر برایەتی و خۆشەویستی و لێبوردەیی بووە هۆی یەکگرتوویی کۆمەڵگە. ئەم یەکگرتووییە بەرهەمی پەروەردەی پێغەمبەرانمان بوو کە عەسەبییەتی خێڵەکی نەهێشت، و دڵەکانی کۆ کردەوە.
ئەمڕۆ کە نزیک دەبینەوە لە دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن و، گەڕانەوەی منداڵەکانمان بۆ پۆلەکانی خوێندن، پێویستیمان بە پابەندبوون بە بنەماکانی پەروەردەی باشە لەسەر ڕێنماییەکانی پێغەمبەری خۆشەویستمان ﷺ کە خوای گەورە ناردوویەتی وەک ڕزگارکارێک بۆ مرۆڤایەتی لە گومڕاییەوە بۆ هیدایەت، وەک مامۆستایەک و پەروەردەکارێک و پاکژکەرەوەیەک بۆ مرۆڤایەتی ، مرۆڤایەتی هەرگیز مامۆستایەکی باشتر لە ڕووی فێرکردن و ئەدەب و پەروەردەوە نەناسیوە وەک پێغەمبەرمان ﷺ.

