فەزیــلە شـــۆرش
بوونی پێشمەرگە و ناوبانگی لەژێر چەتری پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێم، بەرەو ناوێک و هێزێکی جیهانی دەڕوات.
گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان، لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕشەکانی گەلی کورد، لە پێناو ئاشتی و ئازادی و شکۆی کورد بووە. هەر ئەم گیانفیداییە ئەمڕۆی دروست کردووە؛ هەموو کات بە سنگی فراوانەوە پێشوازییان لە مردن و خۆقوربانیدان کردووە، وەک قەڵغانێک لە ڕووی هێرشەکانی دوژمن دژی کورد و کوردستان ڕاوەستاون.
بێگومان بە هەڵگیرسانی شۆڕشە پیرۆزەکەی ئەیلوول، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی کورد دەستی پێکرد. ئەم شۆڕشە وەڵامێک بوو بۆ ناحەزانی کورد و، جەختی کردە سەر پاراستنی شکۆمەندی و بوونی کورد و کوردستان، وە دەستپێکێک بوو بۆ ئازادی کوردستان. لەم قۆناغەدا، شۆڕش، عێراقی ناچار کرد ڕێککەوتنی ١١ی ئادار ئیمزا بکات و مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دیاری بکات، بەڵام بەداخەوە، عێراق زوو لەم ڕێککەوتنە پەشیمان بووەوە. کورد بە چاونەترسی و خۆنەچەماندن کۆڵی نەدا و بەردەوام بوو لە خەباتی تا شۆڕشی گوڵانی لێ هەڵقوڵا و، وابوو لە ساڵی ١٩٩١ گەل و پێشمەرگە بەیەک دەست، ڕاپەڕین و ئازادیی ئەمڕۆیان بۆ کوردستان مسۆگەر کرد.
پێشمەرگە بووە مەشخەڵ و سیمبولی بەرخودان و ڕەتکردنەوەی ژێردەستی و ئومێدبەخشێک بۆ سەربەخۆیی تەواوی کوردستان.
لە ڕاستیدا، پێشمەرگە ناوێکی پڕسەنگ و هێزێکی جیهانییە کە لە قووڵایی خۆشەویستی بۆ مرۆڤبوون لە جیهان بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی هەڵقوڵاوە. بۆیە ئەوەی لە ڕێکەوتی ٥-٩-٢٠٢٥ لە جەرگەی پاریس ڕوویدا، ڕێزلێنانێکی پڕسەروەری و مەراسیمێکی کەم وێنە بوو بۆ پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە، دانپێدانانێک و بەرز نرخاندنی ڕۆڵی پێشمەرگە بوو لە قبووڵنەکردنی زوڵم و ستەمکاری.
ئامادەبوونی سەرۆکی هێژا، سەرۆک بارزانی، لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان و کردنەوەی (ڕێگای پێشمەرگە) لە پارکی (ئۆندرێ سیترۆین)ی پاریس، پەیامێکە بۆ هەموو جیهان و، جەختکردنەسەر ئەوەی کە هێزی پێشمەرگە هێزێکی جیهانی و وەرچەرخانێکی گرنگی خەباتی جیهانە، دژی خۆسەپاندن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. ئەمەش خۆی لە خۆیدا داستانێکە کە بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی تۆمار کراوە، بێگومان مێژووش گەواهیدەرە لە ژیری و دووربینی سەرۆک مەسعود بارزانی.
بەجیهانیکردنی هێزی پێشمەرگەی گیانبەخش، فریادڕەسی داکۆکییەکانە لە ڕاگرتنی هاوسەنگییەکان لە بەرژەوەندی گەل و مرۆڤایەتی، هەروەک ئەوەی بینیمان لە شەڕی دژ بە داعشی تاریکپەرست و ئومێدلەناوبەر.
ئەوەی جێگای سەربەرزییە بۆ کورد بەتایبەتی ئافرەتانی، لەم مەراسیمە جیهانییەی پاریس ڕێز لە سێ پێشمەرگە خۆنەویستەکە گیرا؛ دوو لەم سێ پێشمەرگە دلێرانە ئافرەت بوون. بێگومان ئەمە ڕامانێکی گەورە دەبەخشێتە جیهان، کە ئافرەتی کورد شوناسی پێگەی بەرزەکەی ئافرەتانە لە کوردستان، ئافرەت کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە هێزەکانی پێشمەرگە.

