شێرکۆ حەبیب
زۆر جار مرۆڤ لە هزر و بیری خۆی ڕۆژانە بیر دەکاتەوە بۆ ئەو بڕیارە نەدرا بۆ بڕیار نادرێت، ئەگەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئیستا بە نموونە وەربگرین سەبارەت بە گرفتەکانی لەگەڵ بەغدا، زۆر هەیە دەڵی دەبێ هەرێم بڕیار بەو شێوە بدات، نوێنەرانمان لە بەغدا چ دەکەن؟ سەبارەت بە نوێنەرانمان لە بەغدا دەبێ ئەو ڕاستییە بخەینەڕوو کە ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ جیاوازە، ئەوانەی جگە لە کورد کە لەسەرهەمان بۆ چوونە پابەند بوون بە دەستوور، بەڵام لایەنەکانی دیکە کە لە بەغدای دوێنێ داوایان دەکرد کە هەموو شتێک بە لێکتێگەیشتن بێت، تا پێگەی خۆیان قایم کرد، و ئێستا دەڵێن بە دەنگدان واتە زۆرینەوە و کەمینە، کە هەر چەندە هەندێ بابەت نابێ بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت بەرژەوەندی گشتی ڕەچاو بکرێت، بۆیە لە پەرلەمانی بەغدا ئەگەر زانیان بابەتەتێک لە بەرژەوەندی کوردە و نەیانەوێ سەرکەوێ دەڵێن دەنگدان و هەندێ لە کاڵفامە کوردەکانیش دەچنە پاڵیان، بەهەمان شێوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کورد پێنچ وەزیری هەیە هەر دەنگدانێک لە بەرژەوەندی کورد نابێت، چونکە ئەوانی تر زۆرینەن.
دەبێ ئاماژە بووە بکەین کەوا بڕیار بریتییە لە هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەیەکی دیاریکراو، لەکاتێکدا جێبەجێ کردنی بریتییە لە گۆڕینی ئەو بڕیارە بۆ واقیعێکی پراکتیکی لەڕێگەی هەنگاوی تایبەت و چاودێریکردنی ئەنجامەکانی، بەڵام ئایا ئەم شێوازە لە حوکمرانی ئیستای بەغدا بەدی کراوە؟ بڕیاردان قۆناغێکی دەروونییە کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاری و شیکردنەوەی بەدیلەکان دامەزراوە، و پێویستی بە ئیرادە و توانا هەیە بۆ جێبەجێکردنی، ئایا بەغدا ئەمە ڕەچاو دەکات؟
بڕیاردان تەنیا هەڵبژاردنی نێوان چەند بژاردەیەک و بۆ چوونێک و یا ئارەزووی ئەم و ئەو نییە، بەڵکو دەبێ لەسەر بنەمایەکی پرۆسەیەکی ڕێکخراو کە مەبەست گەیشتنە بە ئاواتەکان و کەمکردنەوەی مەترسییە ئەگەرییەکانە، گرنگی بڕیاردان زۆرتر لە شوێنی کاردا دیار دەکەوێت، لە میانەی لێهاتوویی و شارەزایی بڕیاردان ڕێگە بە سەرکردەکان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و ئاراستەکردنی بەرەو خواستەکان، هەروەها لە ژیانی کەسیدا دیارە کە بڕیارەکانی ڕۆژانە کاریگەرییان لەسەر کوالێتی ژیان و داهاتوو هەیە. بەدەستهێنانی سەرکەوتن تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە کوالێتی ئەو بڕیارانەی کە دەدرێن، جا بڕیاری بچووکی ڕۆژانە بێت یان بڕیارە ستراتیژییە گەورەکان، بۆیە بڕیاردان کارامەیییەکی گرنگە کە لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن بنیاتنراوە، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی باشتربوونی ئەنجامەکان و زیادبوونی متمانە بەخۆبوون، کە ئەمەش ئەمڕۆ ئەو لایانەی خۆیان بەزۆرینە دەزانن لە بەغدا ئەو شێوازەیان لە هزردا نییە.
فاکتەری گرنگ لە بڕیاردان هاوسەنگی نێوان عەقڵ و هەستە، لە کاتێکدا بڕیارە باشەکان زۆرجار لەسەر بنەمای تێروانین و شیکاری لۆژیکی دامەزراون، هەستەکان دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن لە دابینکردنی پاڵنەر و پشتگیری زیاتر لە دۆخە ئاڵۆزەکاندا. بۆ نموونە لە ژیانی ڕۆژانەماندا، ڕەنگە خۆمان ببینینەوە کە ڕووبەڕووی بڕیارێک ببینەوە سەبارەت بە بەرژەوەندی میللەتەکەمان، هەندێک کەس پێیان باشە هاوسەنگی لە نێوان لۆژیک و سۆزدا دروست بکەن بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان و دوورکەوتنەوە لەو بڕیارانەی کە کاریگەری سۆزداری نەرێنی لەسەر لایەنی دەوروبەر دروست بکەن.
دەبێ جیاوازی لە نێوان بڕیار و جێبەجێکردن بکەین، دەڵێن جارێک مامۆستایەکی زانکۆ لە قوتابیەکانی پرسی، ئەگەر لەسەر دارێک هەشت باڵندە هەبێت چواریان بڕیاریان دا بفڕن، چەند دەمێنەوە؟ وەلامی جیاواز لە لایەن قوتابیان درایەوە، هەندێک گوتیان هیچ نامێتەوە هەندێک گوتیان چوار، تەنیا قوتابیەک دەستی هەڵبڕی گوتی مامۆستا هەر هەموویان دەمێننەوە، چونکە تۆ گوتت چوار باڵندە بریاریان داوە، مانای جارێ نەفڕیون بەڵکو بڕیارانداوە و بریارەکەیان جێبەجێ نەکردوە، مامۆستا گوتی بەڵێ زۆر راستە. ئەمەش حاڵی ئێمە لەگەڵ بەغدا کە دوور لە دەستور ڕەفتار و مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکەن، بڕیار دەدەن بەشێوازێک لە بەرژەوەندی کوردستان نەبێت.
لێرەدا گرنگی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بریاردان چەند گرنگ بێت، بەڵام گرنگتر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەیە.

